رۆژی ٢ی ڕەشەمە رۆژی جیهانی زمانی دایك بەرز رادەگرین و بەم بۆنەوە لەسەرەتادا بەپێویستی دەزانم پیرۆزبایی بەهاونیشتمانیانی تێكۆشەرو خەمخۆرانی زمان و كەلتورو كەلەپوری كوردیی پێشكەش بكەم و دەستخۆشی بەهاونیشتمانیانی كوردەواریی بڵێم كە بەهەوڵ و هیممەتی نەبڕاوەیان لەپێناو پاراستنی زمانی نەتەوەیی و شیرینی كوردیی، سڵ لەهەڕەشەی دژمن ناكەنەوەو ڕێگەنادەن زمانی نەتەوەیی و زارەوە جوان و شیرینەكانی كوردیی وەك: هەورامی، كرمانجی یا شكاكی "كورمانجی"، كەڵهوڕی و سۆرانی و هەروەها شێوە ئاخاوتنە شیرین و جیاجیای خەڵك لە شارو دێی و گوندەكانی كوردەواریی، كەهەركامیان بەجۆرێك لەپاراستن و جوان كردنی زمانی ڕەسەنی كوردیی دەوریان هەیە.
ئاشكرایە مامۆستایانی ئایینی كوردستان كە لەحوجرەی فەقێ كانی مزگەوتی شارودێی كوردستاندا، جیاواز لەوتنەوەی دەرسی ئایینی،دەرسی زمانی كوردیان دەوتەوە، زمان و نووسینی كوردییان لەفەوتان پاراست و پەرەیان پێدا، بەجۆرێك كە زۆربەی شاعیرو نووسەرەكانی ڕابردوو، لە بەردەستی مامۆستایانی مزگەوت و لەحوجرەكاندا فێری كوردیی نووسین بوون و خاوەن پەرتوك و كتێب و سەرچاوەی بەكەڵكن.
لەمزگەوت و حوجرەكاندا زاناو بلیمەتی كۆچ كردووی وەك مامۆستا "هەژار موكریانی"، مامۆستا "شێخ جەلال حوسەینی"، ماموستا "مەلا عەبدوڵا ئەحمەدی"، مامۆستا "ئەحمەد ئیمامی"، مامۆستا "مەلامحەممەدی ڕەبیعی" مامۆستا "مەلا كەریمی ساردەكۆسان" و دەیان مامۆستای كوردو تێكۆشەری ئایینی دیكە، هۆی سەرەكی بوون بۆپاراستنی زمان و نوسینی كوردیی. هەروەها چەندین مامۆستای كوردیی زانی دیكە، بەخۆشیەوە لەژیانداماون و دەوری بەرچاویان گێڕاوەو دەگێرن لەپاراستنی زمان و نووسینی ڕەسەنی كوردیی. حاشاهەڵنەگرە کە مامۆستایان و نووسەران و شاعیرانی لاوی كورد لەشارو ناوچە جیاجیاكانی كوردستانی ئێران دەوری باڵایان لەپاراستن و بەرەو پێشبردنی زمانی شیرینی كوردیی بەهەموو زاراوە جوانەكانیەوە گێڕاوە.
سپاسی بێپایان پێشكەش دەكەم بەتێكۆشەران و چالاكانی مەدەنی و مامۆستایانی خۆبەخشی زمانی كوردیی لەشارو ناوچەكانی كوردستان، لەئیلام و كرماشان تا ورمێ بەپانتایی كوردستانی ئازیزو تەنانەت لەشارە غەیرە كوردیەكانیش لەسەرانسەری ئێراندا كە سەرەڕای هەڕەشەو بەربەستەكانی دەسەڵاتی دیكتاتۆریی ئاخوندیی، بەو پەڕی دڵسۆزی و خەمخۆریان، لەشارو دێهاتەكانی كوردستان وانە بەمنداڵانی كوردو هەمووخوازیاران فێر بوونی زمانی كوردیی دەڵێنەوە.
گومانم نیە كە نەتەوەی كورد لەگەڵ خەبات بۆ ئازادیی و ڕزگاریی بەبوونی تێكۆشەران و پێشمەرگە قارەمانەكان و چالاكانی مەدەنی، مامۆستایانی زمانی كوردیی، نوسەران و شاعیرانی خەمخۆرو دەربەست بەدۆزی ڕەوای كوردو زمانی ڕەسەنەکەی، گەلەکەمان بەئازادیی دەگات و زمان و كەلەپووری بۆ هەمیشە پارێزراوەو لەلوتكەدا دەمێنێتەوە.
لە گەڵ پیرۆزبایی دووبارەم
بابەشێخ حوسەینی
٢ی ڕەشەممەی ١٤٠٢ ی كۆچی خۆری

