گەلانی ئێران ٤٥ ساڵە تامی تاڵی ستەم و تاوانكاریی دەسەڵاتی دیكتاتۆریی ئاخوندەكان دەچێژن. كەم خانەوادە لەكوردستان و سەرانسەری ئێراندا هەیە كەیەكێك لەخۆشەویستان و ئەندامانی خانەوادەكەی لەلایەن ئەودەسەڵاتە دیكتاتۆرە، شەهید،زیندانی و شكەنجە نەكرابێ.‌
جیاواز لەسەپاندنی ستەم و بەردەوامی جینایەت و پێشێل كردنی سەرەتایترین مافەكانی هەرتاكێكی كۆمەڵگەی كوردستان و ئێران، بێكاری، گرانی و هەڵاوسانی ئابوریی، وایكردوە گەلانی زوڵم لێكراوی ئێران خراپترین و كارەسات بارترین ژیانی پڕ لەئازار تێپەڕبكەن. لەگەڵ ئەو هەلومەرجە نالەبارە ئابوریی و سیاسیەدا،كێشە كۆمەڵایەتیەكان و پەرەسەندنی فەسادو دزیی و ڕاوڕووتی خەڵك لەلایەن كاربەدەستان، ئاسایترین كارەكان و بەرهەمەكانی ئەو دەسەڵاتە دڕندەیە.
سەڕەرای ئەو گشتە، تاوان، جینایەت، نەزانكاری و خەیانەتەی دەسەڵات و دەسەڵاتداران و سەرەڕای دەركەوتنی ئەو ڕاستیە كە ٤٥ ساڵە ژیانی ئاساسی گەلانی ئێرانیان كردۆتە دۆزەخ، پرسیار ئەوەیە، كە هۆی چیە خامنەیی و دەست و پەیوەندەكانی  شانۆی هەڵبژاردن و پڕۆسەی بەناو دیموكڕاسی بەڕێوە دەبەن؟ وەڵام ئەوەیە كە دەسەڵاتی دیكتاتۆری ئاخوندی لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا زۆرترین قازانجی لەپڕۆسەی هەڵبژاردن بینیوەو تەنانەت زۆر كات توانیویە موخالفان و ژمارەیەك لەهێزەكانی ئوپۆزیسیۆنی دژبەخۆی باوەڕ پێی بێنێ‌ كە لەچوارچێوەی ئەو دەسەڵاتەدا، ئاسۆیەكی ڕوون هەیەو دەكرێ‌ هومێدواربن بەڕەوتی دیموكڕاسی. بەداخەوە فێڵ و شانۆی بەناو هەڵبژاردن لەلایەن ئاخوندەكانەوە وای كرد بەشێك لەئۆپۆزیسیۆن، دڵ بەنمایشی ساختەی دیموكڕاسی و هەڵبژاردنەكان خۆش بكەن و تەنانەت هێندێك جار ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بوونە بڵیندگۆی تەبلیغاتی و پڕوپاگەندەیی بۆ ئەو دەسەلاتە ستەمگەرو دژبە دیموكڕاسیە. ئەویش بەبیانوی بێ‌بنەماو جیاجیای وەك، دەكرێ‌ بەبەشداری لەدەنگدان و هەڵبژاردن، نوێنەرانی ڕاستەقینەی خەڵك بچنە مەجلیس و ئورگانەكانی دەسەڵات و شۆڕاكانی شارو دێی. هەروەها فریوی باڵی بەناو ڕیفورمخوازیان خوارد، هەر بە بیانوی ئەوە كەدەكرێ‌ ڕیفۆرمخوازەكان كە هەموویان پێكهێنەری ئەو دەسەڵاتەن و لەتاوان و جینایەت لەگەڵ خامەنەیی و پاسدارەكان شەریك و هاوبەشی سەرەكین، بەو خەیالەێ‌ ئەوان واتە ریفۆرمخوازە ساختەكان، بتوانن ئاڵوگۆر لەسیستەمی دەسەڵات پێكبێنن. بەو پاساوە بێ‌مەعناو بێ‌بنەمایانە،داوایان دەكرد خەڵك لەشانۆی هەڵبژاردن بەشداری بكەن.
 لەلایەكی دیكەوە، ئاخوندە دەسەڵاتداران توانیویانە بەناوی هەڵبژاردن و پڕۆسەی بەناو دیموكڕاسی، ژمارەیەك لەدەسەڵات و ناوەندە جیهانیەكان فریوبدەن و بیانهێننە سەر ئەو بڕوایەی لەچوارچێوەی ئێراندا جۆرێك لەدەسەڵاتی دیموكڕاتیك هەیەو هەر لەژێر ناوی ئەنجامدان و بەڕێوە بردنی هەڵبژاردن و پڕۆسەی دیموكڕاسی، ئامانجە گڵاوەكان و دژی خەڵكیەكان بەڕێوەبەرن و خۆیان بەدەسەڵات و دەسەڵاتدارانی مەشروع پێناسە بكەن و پشتیوانی ژمارەیەك لەحكومەتەكانی ڕۆژئاوایی بۆ خۆیان بە دەست بێنن.
بەخۆشیەوە لەئێستادا هەموو لایەك هاتونە سەر ئەو باوەڕەی كە لەچوارچێوەی ئەو ڕژیمەدا كە هەموو سنوورەكانی دیكتاتۆری و دژایەتی دیموكراسی تێپەڕاندوە، باسی  هەڵبژاردن و پڕۆسە دیموكڕاسی تەنیا و تەنیا بەئامانجی فریودانی خەڵك و بەمەبەستی مانەوەی خامنەیی و ئاخوندە تاوانكارەكانی دیكەیە لە سەر دەسەڵات.
جێگەی خۆیەتی و گەلێك پێویستە هەر تاكێكی كۆمەڵگەی كوردەواریی و جەماوەری سەرانسەری ئێران بەبایكونی شانۆی هەڵبژاردنی مەجلیسی ئاخوندی و مەجلیسی شارەزایانی ڕێبەریی كە هەر دوو ناوەندەكە لەجینایەت و دژایەتی دیموكڕاسی و ئازادیخوازی دەوری سەرەكیان هەیە،وەك ئەركی نەتەوەیی و نیشتمانی و ئایینی، بەبایكوتی شانۆی هەڵبژاردن، رۆحی شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی ئاسودە بكەن و پێداگری لەخەبات و تێكۆشان بۆ ڕوخانی ڕژیمی دیكتاتۆری ئاخوندی و گەیشتن بە ئازادیی ودیموكڕاسی لەئێران و كوردستاندا بكەنەوە.

١١/١٢/١٤٠٢