ئەگەر بەراوردێكی كتێب و نووسراوەو سەرچاوە مێژووییەكانی ژمارەیەك لەنوسەرانی جیهان و خۆڕهەلاتی ناوەڕاست بكەین دەردەكەوێ ئەو سەرچاوەو نوسراوانە بەشێكی زۆریان ناڕاستن و هیچ بنەمایەكی حەقیقان نیە. ئەو مێژوونووسە درۆزنانە بەستایشی بێبنەمای دەسەڵاتداران و فرۆشتنی مێشك، بیركردنەوە، نووسین و قەڵەمەكەیان، تەنیا لەپێناو بەدەست هێنانی سەروەت و سامان و بۆ پاراستنی جێگەو پێگەی خۆیان، هەوڵیانداوە دەسەڵاتە دیكتاتۆرو حكومەتە خوێنمژەكان بە دروستكارو خزمەتكار بناسێنن و دەستی خۆیناویان بەخوێنی خەڵك، بەدەستی ڕەحمەت و چاكەو پاك پێناسە بكەن و راستیەكانی مێژوویان شێواندوە. دەسەڵاتدارانی دیكتاتۆری وەك هیتلێر لەئاڵمان، ستالین لەڕوسیە، مائۆ لەچین، و زۆر دیكتاتۆری دیكە لەجیهان، لەلایەن ژمارەیەكی بە ناو رۆشنبیری لەبنەڕەتدا تاریك بیرو دزێوی دەرباری و دۆڕاوی نەفس نزم، هەوڵدراوە بەكەسایەتی دڵسۆزو خزمەتكاری میللەت پێناسە بكرێن کە بەداخەوە توانیویانە ڕوی دزێویان لەلای بەشێك لەجەماوەر لەسەردەمانێكدا وەشارن، كە تائێستاش ئەو دیكتاتۆرە بێبەزییانە لەلای ژماریەك لەخەڵك بەكەسانی باش دەناسرێن و رێگەو باوەڕی چەوتیان لایەنگری هەیە.
لەمێژووی كۆنی خۆرهەلاتی ناوەڕاستیشدا، سەرۆك و شاهەنشاو دەسەڵاتداری دیكتاتۆرو ستەمگەر زۆر هەبوون كە لەلایەن نووسەرو ڕۆشنبیری ئەو سەردەمانەدا،بەدروستكارو عەداڵەتخوازو چاكەكار ناوهێندراون. بۆوێنە كاتێك "خوسرەو"ی یەكەم، پادشای ساسانی كە نازناوی ( ئەنەوشیروانی عادڵ) پێدرا، لە ساڵی ٥٢٤ زایینی دەستوری قەتڵ و عام و كوشتاری (مەزدەك) سەركردەو مرۆڤی باش و خزمەتكارو زیاتر لەهەزاران كەس لە (بەڵخ یەكانی) شوێن كەوتووی مەزدەكیدا، وە هەروەها دوو برای خۆی و دەیان كەس لەخزمان و بەرپرسانی نزیك لەخۆی، بۆ پاراستنی دەسەڵات و تەختی شایەتی كوشت و گەورەترین جینایەتی كرد، هەروەها دەیان تاوانی دیكەی بەرانبەر بەخەڵكی وڵاتەكەی ئەنجامدا، كەسەرەرای ئەو گشتەجینایەتە، بەڵام لەلایەن نوسەران و روناكبیرانی ئەو سەردەمەدا، جینایەت و تاوانەكانی پێچەوانە كرایەوەو نازناوی نەوشیروانی عادڵ یان بۆ داناو تا ئێستاش بەشێك لەخەڵك پێیان وایە نەوشیروان پادشایێكی عادڵ بووە. هەر لەمێژووی كۆنداو لەدەورانی حكومەتی ساسانیەكاندا باس لەڕاستبێژی و هەوڵەكانی (یەزدگوردی) سێهەم پاشای ساسانیەكان دەكرێ كە هەوڵیداوە دەوڵەمەندەكان و كەسانی خۆپەرەست و گەندەڵ لەدەسەڵات دوربخاتەوەو بەرابەری لەكۆمەڵگەدا دابین بكات و ستەم لەسەر جوتیاران و هەژاران هەڵگرێ بەڵام لەلایەن ژمارەیێك لە نووسەران، بەپادشای بەدكارو خراپەكار ناو دەهێندرێ.
دو جیاوازی نابەرابەر لەهەڵوێست و نووسینی ژمارەیێك لەنووسەران و ڕۆشنبیرانی ئەو سەردەمەدا، كەكرداری دزێوی نەوشیروانی دیكتاتۆر بەپەسەندو كرداری یەزدگوردی دڵسۆزی خەڵك بە ناپەسەند پێناسە دەكەن، دەری دەخا ئەو نوسەرانە تاوانكارو هاوبەشن لەجینایەت و ڕەواییدان بەزوڵم و بێدادی. لەسەردەمی نوێشدا، زۆر لەدەسەڵاتداران لەوڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، دیكتاتۆرو ستەمگەرن كە بە ڕشتنی خوێنی خەڵك و لەسەر ئێسك وپروسكی هاوڵاتیان، كۆشكەكانیان دامەزراندوەو لەڕێگەی خوێن ڕشتن و جینایەتەوە درێژەیان بە دەسەڵات داوە،. دیارە نمونەی ئەو دەسەڵاتدارە دیكتاتۆرانە زۆرن و كەم كەس هەیە زانیاری لەبارەیانەوە نەبێ. لە بیرەوەری ئەوانەی لەساڵانی دەی ١٩٦٠ زایینی هاتونە دونیا، كەم تا زۆر لەسەر تاوان و جینایەتەكانی دوو ڕژیمی حەمەڕەزای پەهلەوی و ڕژیمی ئاخوندەكان لەئێران ئاگادارن. بە تایبەت جینایەتە بێسنوورەكانی حكومەتی خومەینی بەرانبەر بەخەڵك و نەتەوەكانی ئێران بەڕادەیێك بەرچاو و بەرین بوون كە دەیان جار لەلایەن رێكخراوە جیهانیەكانی پارێزەری مافی مرۆڤ و لەلایەن حكومەتە ئازادو دیموكراتەكان مەحكوم كراوە. ئیعدامی هەزاران تێكۆشەری سیاسی و سەركوتی بەردەوامی خەڵك لەماوەی ٤٦ ساڵ حوكمڕانی ئاخوندانی دەسەڵاتدار لەئێران، بۆتە باسی هەموو ڕۆشنبیرو نووسەرانی خاوەن هەڵوێست لەسەرانسەری جیهان و نووسەران و ڕوناكبیرانی نەترس و دڵسۆز لەناوخۆی ئێراندا، بەڵام سەرەرای ئاشكرابوونی جینایەتكاری و دڕەندەیی خومەینی و ڕژیمەكەی، ژمارەیەك بەناو نووسەرو بەناو ڕوناكبیر، بە بێ سڵ كردنەوە كەوتونە تەعریف و پێداهەڵگوتن بە خومەینی جینایەتكارو دەسەڵات و حكومەتە دیكتاتۆرەكەی و كەرامەت و بەرپرسایەتی ئەخلاقی و ئەركی پیرۆزی نووسین و ڕۆناكبیری، بە دراو پوڵ و بەرپرسایەتی فرۆشتوە.
كردەوەی دزێوی ئەو بە ناو ڕۆناكبیرو قەڵەم بەدەستە ناپەسەندانە زیانی زۆری گەیاندوە بە خەڵك و لەبەرانبەردا، دەسەلاتی ستەمگەر زۆرترین كەڵكی لێوەرگرتوە. بەجۆرێك كە لەزۆر كۆڕوكۆبونەوەو نووسین و ئاخاوتنەكانی قەڵەم فرۆشان و تاریكبیرانی بەناو ڕوناكبیر، وەك فاكت و بەڵگە لەسەر بێ تاوانی دەسەڵات و حكومەتی تاوانبارو جینایەتكاری ئاخوندی لەئێران دەهێندرێتەوە. بێگومان درۆی بەناو نووسەران و ڕۆناكبیران لەسەردەمی كۆن و لەسەردەمی ئێستادا دەردو بەڵایێكی گەورەیە لەسەر كۆمەڵگە، ئەوانە بوونە هۆی ئەوە كە دیواری دەسەڵات و بەڕێوەربەریی بەخواری بنیاد بنرێ و هاوكاری دەسەڵاتدارانی ستەمگەریان كردوە لەڕاگرتنی ئەو دیوارە خوارەی دەسەڵاتێک كە بەخوێن و گیانی خەڵكی ڕەنج دیتوو قوربانیدانیان، بوون بە بەردەبازی دەسەڵاتی نامەشروع و ناڕەوا. ئەو سەرەتایە بۆ ئەوە بوو كە مەبەستە سەرەكیەكەم لەنووسینی ئەم بابەتەدا باس بكەم كە ئەویش دەوری ڕوناكبیران و نوسەرانە لەڕێنوێنی جەماوەرو دامەزراندنی وڵات و نیشتمانێكی سەقامگیرە. نووسەران و ڕوناكبیران دەبێ هەوڵ بدەن بۆ ڕاست كردنەوەی دەسەڵات و ڕێبەرانی گەل و شۆڕش. زۆر جار باس لەسیستم و دەسەڵاتداری لەوڵاتانی ئوروپایی دەكرێ و بەنمونەی باش و جۆرو شێوەی ڕەوای دەسەڵاتداریی دەهێندرێنەوە، بێگومان ئەو شێوە دەسەڵاتداریە مەشروع و ڕەوایەی لە زۆربەی وڵاتانی ئوروپا هەیە، هەر لەخۆڕا نەهاتۆتە ئاراوە، وڵاتانی ئوروپاییش لە پیش سەدەی ١٧ زایینی و لەسەردەمانی ڕابردوودا، خراپترین جۆری حكومەتیان هەبوە، هەر وەك لەسەرەتاشدا ئاماژەم پێكرد، بەڵام لەئوروپاو لەوڵاتانی پێشكەوتودا، ڕۆشنبیران و ونووسەران كەوتنە خۆ و بوونە زمانی خەڵك لەحەقبێژی و دژبە گەندەڵی و جینایەت وێستانەوەو كۆتاییان بەپێداهەڵگوتنی ناڕاست و بێ بنەما بەسەر دەسەڵات و حكومەتدا هێنا. بەڵێ ئەوان بە ڕەچاو كردنی بنەما پیرۆزەكانی رۆشنبیریی، خاڵە لاوازەكانی دەسەڵاتیان دەست نیشان دەكردو لەقاویان دەداو هەروەها لەپێوەند بەكردەوەو خزمەتی دەسەڵات، دڵخۆشی و پەسەندیان دەردەبڕی، كەئاكامەكەی ئەوەیە كە لەئێستادا سیستم و قانوونێك لەزۆربەی وڵاتانی ئوروپایی پەسەند كراوە، كەدەسەڵاتدارو بەرپرس دەبێ لەگەڵ خەلك ڕاستگۆبێ و ئەرك و بەرپرسایەتی تەنیا بۆ قازانجی خەڵك و بەمەبەستی خزمەت بەوڵات بەكار بێنێ. كاتێك وەزیرێك و بەرپرسێكی وڵاتی خاوەن سیستم و دەسەلاتی خزمەتگوزارو ڕاست بێژ كردەوەیێكی هەڵەو پێچەوانەی قانون و بەرنامەی وڵاتەكەی دەكات، هیچ پاساوێك بۆكردەوە دژی قانونیەكەی ناهێنێتەوە. بۆ نمونە لە ماوەی ڕابردوودا (ئینگر ئستۆی بێرگ)كە خانمەو وەزیری كۆچ وپەنابەرانی پێشووی وڵاتی دانماركە بەهۆی پێشێلكردنی قانونی وڵاتەكەی بەجیاكردنەوی ژن و مێردێكی ئەفغانی لەیەكتر، چۆتە بەردەم دادگاو ئیعترافی كردوەو ددانی پێداناوە بڕیارەكەی دژبە قانونی وڵات بووە، وێ دەچێ ئەو وەزیرە لەكەسە ڕاستەكان بێ، بەڵام سەرەڕای ڕوانگەو بیروبۆچوونیشی لەبەرانبەر پەنابەراندا، ددانی بە هەڵەكەی خۆیدا ناوە. نمونەی لەو شێوە لەسەر ئیعتراف و ددان پێدانانی بەرپرسانی وڵاتانی پێشكەوتوو لەسەر كردەوەی هەڵەو گەندەڵیان زۆرن، ئەو نمونانە ئەوەمان پێدەڵێ كە وڵات لەسەر درۆ و گەندەڵی بەڕێوە ناچێ، پێمان دەڵێ بەرپرس دەبێ شەهامەتی ئەوەی هەبێ هەركات كردەوەیێكی هەڵە بەرانبەر بە وڵات و جەماوەرەكەی كرد ئیعتراف بكاو هەروەها ڕۆشنبیران و نوسەران لەبەرانبەر گەندەڵی بوێستنەوەو دەسەڵات و سیستمی تاونبار لە قاو بدەن.
وەك ئاشكرایە گەلی كورد دەیان ساڵە لەپێناو بەدەستهێنانی مافە زەوت كراوەكانی خەبات دەكاو هەزاران ڕۆڵەی كورد لەپێناو گەیشتن بەمافی ڕەوا،گیانیان فیدای گەل و نیشتمان كردوە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا كورد بەسەرەتایی ترین مافەكانی نەگەیشتوە. قەتیس مانەوەی جوڵانەوەی مافخوازانەی خەڵكی كوردستان، بەهۆی نەبونی گیان فیدایی و قوربانیدان نیە، بەهۆی نەبوونی تێكۆشەرانی خۆنەیست و بەبڕشت و دڵسۆز و ... هتد نیە، بەڵكو هۆیێكی سەرەكی سەرنەكەوتنی جوڵانەوەی مافخوازانەی خەڵكی كوردستان لەنەبونی نەقدی پێویست و ڕەخنە لەشۆڕش و ڕێبەرانی جوڵانەوەی گەلی كوردە.
گەلی كورد سەرەڕای قوربانیدانی زۆر، تائێستاش لەسەرەتای كاردایەو نەیتوانیوە هەنگاوی گەورە بۆ گەیشتن بەئامانج هەڵگرێ. یەکێک لەدەردە گەورەكان لەجوڵانەوەی مافخوزانەی كوردستانی ئێران ئەوەیە كە لەڕیزی لایەنە سیاسیەكان و هەورەها لەناو كۆمەڵگەدا كەسانی بەناو ڕۆشنبیرو نوسەر، هەر لەخۆڕاو كوێر كوێرانە بوونە سەنا بێژی دەسەڵاتی ناڕەواو و ئەم یا ئەو لایەنی سیاسی و ئەم یا ئەو بەرپرسی لایەنە سیاسی، تەنانەت ئەگەر كەسانێك زمانی ڕەخنەیان بكرێتەوە ئەو بەناو نوسەرو بەناو ڕۆشنبیرانە، بە شێوەیێكی دوور لەبنەماو هەڵسوكەوتی ئەخلاقی هێرشی دەكەنە سەرو تۆمەتی جۆراوجۆی دەخەنە پاڵ. بێگومان تا تەعریف و پێداهەڵگوتنی بێبنەما بكرێتە كاری سەرەكی بەناو ڕۆشنبیران و ڕێگری بكرێ لەوتنی ڕەخنەی شیاو لەهەر كەس و لەهەر ڕێبەرێكی شەهیدو كۆچ كردوووە ڕەخنە لەهەر لایەنێكی سیاسی، فێری ئەوە نەبین كە گوێ لەڕەخنە بگرین و فێری ئەوە نەبین ڕێگە دروست و شیاوەكان بۆ داهاتوو دەست نیشان بكەین، كورد بەئامانجەكانی ناگا. ئێمە دەبێ هەوڵ بدەین سەداقەت و ڕاستی بكەینە بنەماو هەروەها بەڕەخنەی سازندە لەئێستاو ڕابردووی جوڵانەوەی كوردو ڕێبەرانی بە دیاردەیێكی پێویست بۆ جوڵانەوەی مافخوازنە بزانین. هیچ كەس و هیچ شۆڕشێكی مافخوازانە لەمیللەت و لەنیشتمان گەورەتر نیە. جا ئەگەر نیشتمان و گەل و شۆڕشی مافخوازانە خۆشەویستن، كەوایە پێویستە گوێ لەڕەخنە بگرین و لەبەرانبەر ڕەخنەدا، ئەو شێوە ڕەفتارە لەخۆ نیشان نەدرێ كە ستەمگەران و جەلادەكان دەیكەن.
هێزی تۆكمە لەبناغەیێكی بەهێزدایە، جوڵانەوەی مافخوزانەی كوردو ڕێبەرانی، ناشیرین نابن بەڕەخنە لێگرتن بەڵكو بەتەعریف و پێداهەڵگوتنی بێ بنەمای بەناو ڕۆشنبیرانی تەزیوی لاپەسیو، ئامانجی پیرۆزیان بەلاڕێدا دەبرێ و درەنگ دەگاتە ئامانج. پێشنهادم بۆ دۆستان و ئەندامان و هۆگرانی سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران ئەوەیە كە لەبەرانبەر هەر جۆرە ڕەخنەیێكدا بەگیانی بەرپرسانەو غەمخۆرانە هەڵوێست بگرن و خۆیان دوور بگرن لە زمانی زبر چونكە ڕەخنە قەبوڵ كردن بەهێزمان دەكات، زۆر بەهێزتر لەمانۆڕی گاڵتەجاڕانەو خۆگیف كردنەوەی بێ ڕیشە. خانو لەسەر زیخ و چەوی قەراغ ڕوبارو دەریا دروست بكرێ، دەكەوێتە بەرلافاو لەئاكامدا ڕۆدەچێ ودەڕوخێ، كەوایە بەكۆڵەكە بەردانی لەبن دیوارەكانی و هەر هەوڵێكی دیکە، ناتواندرێ خانوی بنیادنراو لەسەر لم و زیخی كەناری ڕوبارو دەریا لەڕوخان ڕزگار بكرێ.

