١، پێش هەر بۆچوون و هەر لێكدانەویەك،نابێ ئەو ڕاستیە لەبیر بكەین كەشۆڕشی گەلانی ئێران دژی دەسەڵاتی پاشایەتی لەساڵی ١٣٥٧ كۆچی خۆری یەكێك لەشۆڕشە ڕەواكان لەمێژوویی وڵاتان و بەتایبەتی لەمێژووی ناوچەكەو ئێراندا بوو.
٢،بەتاڵان بردنی بەریی ڕەنجی گەلانی ئێران لەلایەن خومەینی و دەست و پێوەندەكانیەوە، هەروەها جینایەت و دڕندەییەكانی ئەو دەسەڵاتە لەماوە ٤٤ ساڵ دەسەڵاتیدا، بەو واتایە نیە كەشۆڕشی دژبەدەسەڵاتی پاشایەتی پێویست نەبوو. هەمووان ئەو ڕاستیانە دەزانن كە لەماوەی حکومەتی پاشایەتی تا چ ڕادەیەک تاوان بەرانبەر ئازادیخوازان لەسەراسەری ئێران و بەتایبەتی لەبەرانبەر گەلی كورد كراوە. دیارترین تاوانی دەسەڵاتی شا، هێرشی هەمەلایەنە بوو بۆ سەر كوردستان و شەهید كردنی پێشەوا "قازی محەممەد" سەرۆك كۆماری كوردستان، "ئەبولقاسم سەدری قازی" و "حەمە حوسەین خانی قازی" لە ڕۆژی ١٠ ی خاكەلێوەی ساڵی ١٣٢٦ ی كۆچی خۆری و زیندانی كردنی دەیان تێكۆشەری ئازادیخواز.
٣، هەموو ساڵێك لە ٢٢ ی ڕێبەندان (بهمن) و بەبۆنەی ساڵڕۆژی سەركەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران دژبە ڕژیمی پاشایەتی، کەئاخوندە دیكتاتۆرەكان هەوڵ دەدەن بە شۆڕش و بەسەركەوتنی خۆیان پێناسەی بكەن، و لەڕێگەی بەكارهێنانی هێزی سەركوتگەرو هەڕەشە لەخەڵك بۆ بەشداری لە ڕێپێوان و بەتایبەت هێنانی مووچەخۆران و كارمەندەكانی دامەزراوە حكومەتیەكان، ئاپۆرای خەڵك بۆ پشتیوانی لەدەسەڵاتەکەیان نیشان بدەن. هەر لەبۆنەی ٢٢ ی ڕێبەندانی ئەمساڵدا، هێزە سەركوتگەرەكان و تێكڕای ناوەندەكانی دەسەڵات زیاتر لەساڵانی ڕابردوو، كەوتنە هەوڵ بۆ كۆكردنەوەی خەڵك و بەناردنی نامە كەس و كاری قوتابیان و خوێندكارانیان ئاگاداركردەوە كە ئەگەر بەشداری ڕێپێوانی ٢٢ ی (بهمن) نەكەن ئەوە كێشە بۆخۆیان و منداڵەكانیان دروستدەكەن. هەروەها كارمەندو كادری ناوەندە حكومەتیەكانیان ئاگادار كردۆتەوە كە دەبێ بەشداری ئەو ڕێوڕەسمە بكەن. لەگەڵ ئەو فشارو زۆرهێنانەدا، ژمارەیەك بەكرێگیراو نیشتمان فرۆشیش بەشداریان كردوە لەبۆنەی ٢٢ ی ڕێبەندان، بۆ وێنە لەشاری بانە كەسێكی خۆفرۆش كە بەسیج و جاشە بەناوی بێهزاد كە كوێرەو خۆی بەهونەرمەند و گۆرانیبێژ نیشاندەداو زیاتر لەبۆنەكانی دەسەڵات خۆی دەردەخا، جارێكی دیكە خۆش خزمەتی بەڕژیمی دڕندەی ئاخوندی كرد كە بەخۆشیەوە لەلایەن جەماوەری شۆڕشگێر ئاگادار كراوەتەوە دەست لەخزمەت بەو ڕژیمە دڕندەیە هەڵگرێ.
ئاشكرایە دەسەڵاتدارانی ئێران لەتێكڕای شارەكانی كوردستان و لەشارەكانی دیكەی ئێران لەڕێگەی زۆر و هەڕەشە كەوتنە هەوڵ بۆ كۆكردنەوەی خەڵك لەمەراسمی ٢٢ ی ڕێبەندان کە بەخەیاڵی خاویان شۆڕشی ژینا و "شۆرشی ژیان ئازادی" و شۆڕشی پێنج مانگەی گەلانی ئێران بخەنە ژێر پرسیار بەو شێوە نیشانی بدەن كە لەناو جەماوەردا لایەنگریان هەیە. بەڵام بەخۆشیەوە جەماوەری قارەمانی كوردستان و خەڵكی ئێران جارێكی دیكە بە نەچوون بۆ كۆبونەوەی ڕژیم و بەردەوام بوون لە شۆڕشی ژینادا، دروشمی "نە شامان دەوێ نە ئاخوند" سوور بوونیان لەسەر شۆڕشی ئازادیخوازی بۆ گەیشتن بەدیموكڕاسی دووپات كردەوە.
بە دلنیاییەوە شۆڕشی گەلانی ئێران كە لە ساڵی ١٣٥٧ ی كۆچی خۆری و بە ڕووخانی دەسەڵاتی دیكتاتۆری پاشایەتی دەستی پێكرد، تا ڕوخاندنی دەسەڵاتی دیكتاتۆری ئاخوندەكان و دامەزرانی حكومەتی دیموكڕاتیك لەئێران و گەیشتنی گەلی كورد بەمافی نیشتمانی و نەتەوەیی درێژەی دەبێ.

