بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە ٦ی ڕەزبەر، ئیسرائیل هێرشی كردە سەر بیست بنكەو ناوەندی سەربازی و چەكسازی ڕژیمی ئاخوندی لە تاران و چەند شاری دیكەی ئێران.
هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ناوەندە سەربازی و چەكسازی ڕژیم لەوەڵامی هێرشی مووشەكی ڕژیم بۆ سەر ئیسرائیل لە مانگی ڕابردوو،ئەنجام درا.
چەندین تێبینی لە بارەی هێرشی سەرلەبەیانی یەكشەممە؛
١، سەرەڕای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر چەندین شوێن و پێگەی ڕژیم، بەراوردو هەڵسەنگاندەكان ئەوە دەردەخەن كە ئیسرائیل نایهەوێ شەڕ لەدژی ڕژیم درێژە بكێشێ چونكە كەهێزەسەربازیەكانی ئیسرائیل لەئێستادا لەغەززە لەفەلەستین و لوبنان لەشەڕدان هەربۆیە بۆ ئیسرائیل ئاسان نابێ بەرەیەكی دیكەی شەڕ بكاتەوەو شەڕی بەردەوام لەگەڵ ڕژیمی ئێران درێژە پێبدات. قسەكانی وتەبێژی هێزی سەربازی ئیسرائیل لەدوای هێرشەكەی ئەم بەیانیە ئەو ڕاستیەی گەیاند، وتەبێژی هێزی سەربازی ئیسرائیل وتی هێرشەكانیان بۆ سەر ئێران كۆتایی پێی هاتوەو ئەگەر هەركات هێرش بكاتە سەرئیسرائیل ئەوانیش بەردەوام دەبن لە هێرش بۆ سەر ئێران.
٢، ئاشكرایە ڕژیمی ئاخوندی ماوەی چەندین ساڵە شەڕی ناڕاستەوخۆ وە ڕانەگەێندراوی لەگەڵ ئیسرائیل هەیەو دەسەڵاتداران لە ئێران دەیان جار ڕایانگەیاندوە كە ئامانجیان لەناوبردنی ئیسرائیلە. بەوپێیە، حكومەتی ئیسرائیل و وڵاتانی ناوچەكە كاتێك دەتوانن بێكێشەو گرفت بن كە ڕژیمی ئاخوندی لەئێران كۆتایی پێی بێت وەك دەگوترێ تا سەری مارەكە لەتاران پان نەكرێتەوە كۆتایی بەئاڵۆزی و جەنگ و كوشت و كوشتارو ماڵوێرانی نایەت.
٣، دیارە ڕژیمی ئاخوندی نایهەوێ جەنگی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ئیسرائیل درێژە بكێشێ، چونكە شەڕی ڕاستەوخۆ و بەردەوام لەگەڵ ئیسرائیل، تێچووی دارایی و سیاسی زۆری هەیەو لەئەگەری بەردەوام بوونی شەڕدا، دەسەڵاتی ئاخوندی ناتوانێ خەرجی جەنگێكی بەردەوام تەحمول بكات. بۆدەسەڵاتی ئاخوندی جەنگی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل و بەردەوامی ئاڵۆزی و گرتنی ئاگر بە گروپ و تاقمە تروریستیەكانی لەلوبنان و یەمەن كەم خەرجترە.
٤، كاریگەرەكانی جەنگ و ئاڵۆزی نێوان ڕژیمی ئاخوندی و ئیسرائیل لەسەر هەلومەرج لەئێران. بێگومان جەماوەری ئێران بە هێرشەكانی ئیسرائیل و هێرشی هەرهێزێكی دیكە بۆسەر دامەزراوەكان و بۆ سەر دەسەڵاتدارانی ئێران دڵخۆشن و هەر جۆرە شكستێكی دەسەڵاتی ئاخوندی بە سەر كەوتنی خۆیان دەزانن.
بەڵام ئەوەی گرینگ و پێویستە لەبەرچاوی بگرین ئەوەیە كە شكست و لاوازی دەسەڵاتی ئاخوندی ئێران لەبەرانبەر هەر هێزو حكومەتێكدا، نابێتە هۆی ڕزگاری گەلانی ئێران لەژێر حوكمی دەسەڵاتی جینایەتكاری ئاخوندی. بێگومان گەلانی ئێران دەبێ بەهێزو تواناو خەباتی خۆیان كۆتایی یەكجاری بەمەینەتی و ئازارەكانیان و كۆتایی بەسەركوت و دیكتاتۆری بێنن.
لەو هەلومەرجەی ئێستادا كە گرانی،بێكاری،بەرەوسەرچوونی نرخی پێداویستیەكان، بەرەوسەرچوونی نرخی هەژاری و لە هەموویان بەرچاوتر بەرەوسەر چوونی جینایەت و تاوانكاری دەسەڵاتی ئاخوندی، جەماوەری ئێرانی وەزاڵە هێناوە. هەر بۆیە ڕاپەڕینی تێكرایی جەماوەریی لەسەرانسەری ئێران بەشێوەی یەكانگیرو دەست پێبكاو درێژە بكێشێ، ڕژیمی ئاخوندی بەڕاپەڕین و هێزی جەماوەر دەڕوخێ.
لەكۆتاییدا ئەو ڕاستیە دەبێ لەبەر چاوبگرین كەهەموو هێزو دەسەڵات و حكومەتێك، جەنگی قازانج و ویستەكانی خۆی لەگەڵ ڕژیمی ئاخوندی دەكات وهیچ هێزو وڵاتێك بۆ هێنانە دیی ئامانجەكانی گەلانی ئێران و گەلی كورد جەنگی ڕژیمی ئاخوندی ناكات.

