میرزا عەبدوڵا نەعلبەندی لەمرۆڤە ساكار، پاك، بێ دەمارو بێ چاوەڕوانیەكان بوو كە تا ئەو پەڕی توانای، ڕەنجی كێشاو خزمەتی بەگەلی كورد و سازمانی خەبات كرد. ئەو كات كە ڕژیمی شا حوكمی دەكرد، میرزا عەبدوڵا لەو كەسایەتیە سیاسیانە بوو كە بێترس لەدەسەڵاتی شاو ساواك تەبلیغاتی لەدژی رژیمی شا دەكردو هەر لەسەر هەڵوێستە نەتەوەییەكانی و باوەڕی شۆڕشگێڕانەی، زیندانی و شكەنجە كراو هەروەها چەندین ساڵ ئاوارەیی و دەربەدەریی كێشا. بەبیرم دێ زۆر ئێواران و لەكاتانەدا كە جەنابی "مامۆستا سەید جەلال حوسەینی" خەریكی جوتیاری بوو دەهاتە سەردانی بەڕێزیان.
میرزا عەبدوڵا نۆێژو ڕۆژوی نەدەكردو ئەهلی چونی مزگەوت و ڕێ و ڕەسمی ئیسلام نەبوو، بەڵام سەردانی مامۆستا سەید جەلالی دەكردو سەرەرای جیاوازیی لەبیروبۆچوونیدا، جەنابی مامۆستا ڕێزی بۆ میرزا عەبدوڵا دادەناو پێكەوە لە سەر ڕوداوە سیاسیەكان و جینایەتەكانی حكومەتی شا قسەیان دەكرد. بەدەست پێكردنی تەزاهورات و ناڕەزایەتیەكان لەبەرانبەر حكومەتی شا، لە شارەكانی كوردستان و ئێران، ڕێبەرایەتی كردنی ناڕەزایەتی خەڵك لەلایەن مامۆستا سەید جەلال حوسەینی لەشاری بانە، میرزا عەبدوڵا نەعلبەندی بەو پەڕی توانا بەشداری كردو لەدوای ڕوخانی ڕژیم و پێكهێنانی كومیتە بۆ ئیدارە كردنی شاری بانە لەلایەن مامۆستا سەید جەلال، میرزا عەبدوڵا وەك یەكێك لەئەندامانی ئەو كومیتەیە چالاكانە خزمەتی بەدانیشتوانی شاری بانە كردو هەروەها پشتیوان و هاوكاریی جەنابی مامۆستا بوو.
لەدوای فەرمانی جیهادی خومەینی بۆ سەرخەڵكی كوردستان و ئاوارە بوونی تێكۆشەرانی كوردو دەست پێكردنی خەباتی سیاسی و چەكداری و هەروەها دامەزرانی سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران، میرزا عەبدوڵا لەڕیزی سازمانی خەبات درێژەی بەكارو تێكۆشانی سیاسی و پێشمەرگانەداو لەبنكەی قەڵای خەبات و لەبەشی دارایی و تەداروكات و كۆمەڵایەتی چالاكانە تێكۆشانی درێژە پێدا. خوالێخۆشبوو میرزا عەبدوڵا نەعلبەندی وێڕای بەرپرسایەتی و ئەركی تەشكیلاتیەكانی كە لەئەستۆی بوو، لەبارهێنانی پێشمەرگە دەوری دەگێڕاو لەهەمووی گرینگتر بەهەڵۆێستی شۆڕشگێڕانەو خۆبەكەم زانی و پاكی و ڕاستی لەووتەو كردار،وایكردبوو وەك سەرمەشق چاوی لێبكرێ. بەداخەوە بەهۆی نەخۆشی لەساڵی ١٣٦٣ ی كۆچی خۆری ماوەێك لەسازمان دابڕاو لەماڵی خزم و ناسیاوانی لەكوردستانی عێراق نیشتەجێ بوو، بەڵام هەموو كات بە دڵ لە گەڵ سازمانی خەبات بوو. میرزا عەبدوڵای تێكۆشەر لەساڵی ١٣٦٥ كۆچی خۆری بەهەست پێكردن بە هەلومەرجی تایبەت لەسازمانی خەبات سەرەڕای نەخۆشی، سەرلەنۆێ بەڕەسمی هاتەوە ڕیزەكانی سازمان و لەئورگانی ڕاگەیاندن و بەدیاری كراوی لەڕادوێ دەنگی خەبات بەنووسینی بابەتی سیاسی و داڕشتنی هەواڵ هەروەها لەبارهێنانی پێشمەرگە چالاكانە تێكۆشاو لەكومسیۆنی سیاسی نیزامی هاوكاری من و ئەندامانی ئەو كومسیۆنە بوو.
لەپاییزی ساڵی ١٣٦٦ كۆچی خۆری و لەكاتی تێپەڕینی ماشینی سازمان لەجادەی سلێمانی و نزیك تاسڵوجە كەوتە بەردەست ڕێژی چەند چەكدارو بەداخەوە میرزا عەبدوڵاو مامۆستا سەید جەمیل ئارام و كاك عومەر حوسەینی بەسەختی بریندار بوون و هەروەها بەهۆی نەخۆشی و كەم بوونەوەی هێزو تواناو بەرەوسەر چوونی تەمەن، وای كرد میرزا عەبدوڵای پاك و بەئەخلاق و بێ فیزو تێكۆشەرو سەربازە وونەكەی ڕیبازی كوردایەتی و ئازادیخوازی و ڕێبازی سازمانی خەبات نەتوانێ درێژە بەئەركی پێشمەرگانە بدا. بەڵێ بەداخەوە میرزا عەبدوڵای نەعلبەندی نەیتوانی درێژە بەكاری بەردەوام و ئاشكرا لەڕیزەكانی سازمانی خەبات بداو لەسەر ئیجازەی سازمان لەساڵی ١٣٦٨ كۆچی خۆری چوەوە بۆ لای خێزان و خانەوادەكەی و دوای چەند ساڵ نیشتەجێ بوون لەشاری مهاباد كۆچی دوایی كرد. هەزاران درود بۆ ڕەوانی پاك و بێگەردی میرزا عەبدوڵا نەعلبەندی مامۆستا، تێكۆشەری گەورەو پاك و بێگەردی ڕێبازی كوردایەتی و ئازادیخوازی و ڕێبازی سازمانی خەبات.
یادێك لەمیرزا عەبدوڵا نەعلبەندی تێكۆشەری رێگەی رزگاری و ئازادی و سازمانی خەبات
- توضیحات
- By بابەشێخ حوسەینی
- بەش: سكرتێری گشتی
- بینراوە: 10

