لە ٥ی خەرمانان، یادی ٣٩ هەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران بەرز ڕاگیرا. ئەگەر بەراوردێكی سەرەتایی بۆ روداوە سیاسیەكانی چل ساڵ لەوەپێشی كوردستان بكەین و بە وردی لەفەلسەفەی دامەزرانی سازمانی خەبات بكۆڵینەوە، بەباشی ئەوەمان بۆ دەردەكەوێ كە دامەزراندنی سازمانی خەبات زەرورەتێكی حاشاهەڵنەگرو گەلێك پێویست بوو لەو سەردەمەدا.
زەرورەتێكی ئەوتۆ كە بەدوای تێپەڕینی زیاتر لەچل ساڵ تێكۆشان و فیداكاری سیاسی و پێشمەرگانەی دوور لەهەڵپەهەڵپ و خۆگیف كردنەوە، باشتر لەڕابردوو دەردەكەوێ كە سازمانی خەبات تەشكیلات و سازمانێكی تەواو جیاوازی سیاسیەو بەدیلی هیچ لایەنێكی سیاسی دیكەی كوردستانی نەبوەو نابێ و ئەوانەی پڕوپاگەندەی ژەهراویان لەدژی سازمانی خەبات بڵاودەكردەوە، دەركەوت یابیریان كورتە و یاهەر بێهۆ، كینەو ڕقیان لەسازمانی خەبات هەیەو ناتوانن بوونی ئەو تەشكیلاتە ڕەسەن و نیشتمانیە ببینن.
بەڵێ، دەركەوت كە سازمانی خەبات، خەت و باوەڕێكی جیاوازەو كۆپی یا بۆ جێگرتنەوەی هیچ لایەنێكی دیكە نیە، دەركەوت سازمانی خەبات، خاوەن بیری نیشتمانی ونەتەویی و تەواو كوردستانیە. ئەگەر سەرنجێكی وردی ڕوداوە سیاسیەكان لەكوردستان و ئێران بدەین، نیشاندەدا سازمانی خەبات، بەدروستی بەرنامەو دروشمی داناوەو بەشێوەێكی سەركەوتوانەو شەفاف كاری كردوەو، تا ئەو جێگەی بۆی كراوە، دروشمەكانی بەكردەوە جێبەجێ كردووە. سازمانی خەبات شێوەێكی نوێ لەكاری سیاسی و شۆڕشگێڕانەی پەیڕەو كردو سیاسەت و كاری سیاسی، بەپێبەندبوون بەپەیمان و بەلێن و سەداقەت و وەفا بەستەوە.
سازمانی خەبات سیاسەتی ڕاست و هەڵوێستی سادقانەی كردە بنەما، پشتی لەوانە نەكرد كە دۆستی بوون، تەنانەت ئەگەر دۆستەكان كەم لوتفیان لەگەڵ كردبێ، بەو حاڵەش چاوی لەكەم لوتفیەكان پۆشیەوەو بەردەوام بووە لەدۆستایەتی. دیارە تا ئەو جێگەی، بێلوتفی لایەنی بەرانبەر نەگەیشتبێتە ڕادەی زیان گەیاندنی قەرەبوونەكراوە بەئامانجەكانی جوڵانەوەی مافخوازانەی گەلی كوردو شۆڕشی ڕەوا لەبەرانبەر ڕژیمی دیكتاتۆری ئاخوندی و لەهەمانكاتیشدا، زیانی زۆر قورس و قەرەبونەكراوەی بۆ سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران بەدواوە نەبوبێ.
لێرەدا چەند نمونە لەسیاسەت و كاركردی دروستی سازمانی خەبات لەماوەی چل ساڵ تێكۆشانیدا دەخەمە ڕوو.
١، شۆڕش و تێكۆشانی خۆماڵیانەو نەتەوەیی و دوور لەكاریگەری خەت و بەرنامەی بێگانە.
٢، خەباتی نەتەوەیی و نیشتمانی سالم و نەبزڕكاو، بە شێوەێك دانیشتوانی كوردستان بەهەموو بیرو بۆچوون و ئایین و مەزهەبێك و كەمایەتی نەتەوەیی، كە لەچوارچێوەی سنووری كوردستاندانن و خاوەن بەش و خاوەن ماڵن، نامۆیی لێنەكەن.
٣، زۆر بەجیددی و سادقانەو غەمخۆرانە كاری بۆ یەكێتی و تەبایی لەكوردستاندا كردوەو بەداڕشتنی بەرنامەو كردەوە بەمەبەستی دۆستایەتی و هاوكاری لەگەڵ هێزو لایەنە سیاسیەكانی كوردستانی ئێران کاری کردوە. تەنانەت زۆر جار، لەهێرشی فیزیكی و تەبلیغی ناڕەوا لەدژی سازمانی خەبات و پێشمەرگەكانی، هەر لەسەرەتای جوڵانەوەی مافخوازانەی گەلی كورد لەدژی خۆی چاوی پۆشیوە، كە تازەترین نمونە بڕیاڕی سازمانی خەبات بەكشانەوە لەقەندیل و چیای هەڵگورد لەهاوینی ئەمساڵ(١٣٩٨) كۆچی خۆری بوو، ئەویش بەمەبەستی دوور كەوتنەوە لەئاڵۆزی لەگەڵ دوو لایەنی حیزبی دیموكرات. بەو بڕیارە جارێكی دیكەش سەلماندمان كە سازمانی خەبات چەندە خاوەن پڕنسیپەو چەندە خاوەن ئووسووڵەو ناهێڵێ هەلومەرجە نەخوازراوەكان و هەوڵە نابەجێكان ڕێگەی ئامانجە پیرۆزەكانی لێوون بكەن.
٤، سازمانی خەبات تێكڕای پێكهاتەکانی دەسەڵاتی ئاخوندەكان بەهەموو لق و باڵەكانی، پێدزێوو قێزەونە.
تێكڕای باڵ و مۆرەكانی دەسەڵات لەجینایەت و مرۆڤكوژی و ئازارو شكەنجەدان و بەفیڕۆدانی سەرمایەی خەڵك و كردەوەی ترۆریستی و شەڕو ئاژاوە لەناوچەكەو جیهاندا دەوریان هەبوەو هەیە، لەكاتێكدا كوشتن و سەركوتی ژنان و منداڵان و هەر تاكێك لەئێران و كوردستان لەلایەن ئاخوندانی دەسەڵاتدار كارێكی ئاساییە، لەكاتێكدا دژایەتی گەلی كوردو جینایەت لەبەرانبەر دانیشتوانی كوردستان دەبێتە هۆی بەرزكردنەوەی پلەی پاسدارو چەكدارە جینایەتكارانی حكومەت و بەگشتی لەكاتێكدا ئەو دەسەڵاتە هەموو پێوەرە ئەخلاقی و ئینسانی و ئایینی پێشێل دەكاو تەنیا زمانی هەڕەشەو ئەشكەنجەی زانیوەو كاری پێكردوە، سازمانی خەبات بەخوێندنەوەی دروست لەسەر پێكهاتەی دەسەڵات و كۆی جینایەت و مەترسیەكانی بۆ سەرداهاتووی كوردستان وئێران، بڕیارێكی ژیرانەی ئەوەیە كە ووتوێژ لەگەڵ ئەو دەسەڵاتە دڕندەیە بەتەواوی ڕەدكردۆتەوەو ئامادە نیە هیچ جۆرە ووتوێژێك لەگەڵ ئاخوندانی ملهوڕو درندە بكات. سازمانی خەبات پێی وایە ووتوێژو دانیشتن لەگەڵ ئەو دەسەڵاتە، نەك خزمەت بەجوڵانەوەی مافخوازانەی خەڵكی كوردستان و شۆڕشی دیموكراسیخوازی لەئێراندا ناكات، بەڵكو تەواو بەزیانی خەڵكی كوردستان و شۆڕشە ڕەواكەی و بەزیانی ئامانج و خوێنی شەهیدانە.
٥، سازمانی خەبات باوەڕی وایە جوڵانەوەی مافخوازانەی كوردستان، دەبێ سیاسەت، ستراتیژی و بەرنامەكانی لەسەر بنەمای واقعیەتی سیاسی ناوخۆیی و ناوچەیی و جیهانی دابڕێژی و پێی دروست نیە كارەكان و سیاسەتەكان، كاتی و لەسەر بنەمای ئیحساسی بنیات بنرێن. هەر لەسەر ئەو بنەمایە، سازمانی خەبات ستراتیژی ڕوونی بۆ شێوەی كارو تێكۆشانی خۆی داڕشتوەو پێی وایە شۆڕشی گەلەكەمان نابێ لەسەر دروشمی بێناوەرۆك وقسەو هەڵوێستی ئیحساسی دابڕێژرێ.
٦، هەوڵ بۆ نەهێشتنی فەرهەنگی ناوچەگەرایی و دەستە بەندی لەناو شۆرش بەگشتی و لەڕیزی سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران، بەتایبەتی و دیاری كردنی خاڵێك لەپەیڕەو پڕۆگرامی سازماندا سەبارەت بەو دیاردە زیانبارە کە لەبەندی سێهەمی ئەركەكانی ئەندام هاتووە(هەر جۆرە ناوچەگەرایی، فراكسیۆن ودەستە بەندی لەڕیزەكانی سازمان بەخەیانەت بە گەلی كورد و سازمانی خەبات دەزاندرێ). ئەو خاڵە دەرخەری ئەو ڕاستیەیە كە سازمانی خەبات چەندە پەرۆشی تەبایی و یەكدەنگی و لەهەمانكاتدا هەوڵ بۆ نەهێشتنی ئەو دیاردە قێزەونە لەناو كۆمەڵگەی كوردەواری وهەروەها لە گۆڕەپانی جوڵانەوەی مافخوازانەی خەڵكی كوردستانە......هتد.
چاوەڕوانی تێكۆشەرانی ڕیزەكانی سازمانی خەبات لەچین و توێژەكانی خەڵكی كوردستان:
ئەو چەند نمونە لەئامانج و بەرنامەی سیاسی و كاركردی سازمانی خەبات كە باسمكردوون، نمونەێكی ڕوونن بۆ ئەوەی كە هەر كەسێك بەدروستی خۆێندنەوەیان بۆ بكات، بۆی دەردەكەوێ سازمانی خەبات چەند غەمخۆرانە لەپێناو ئامانجەكانی خەڵك و شەهیدان تێكۆشاوە. هەر بۆیە جێگەی خۆیەتی و هەروەها بەرپرسایەتێكی نیشتمانی و نەتەوەییشە كە پشتیوانی و پشتگیری و هاوكاری هەمەچەشنەی سازمانی خەبات بكرێ بۆ ئەوەی بەئامانجەكانی، كە بێگومان سیاسەت و بەرنامەكانی بۆ كوردو بۆ رزگاریی و ئازادیە بگات. گومان لەوەدا نیە كە هاونیشتمانیانی كوردستان هەمیشە پشتیوانی سازمانی خەبات بوون، بەڵام پێویستە لەم هەلومەرجە حەستەمەدا و بەتایبەت بەو جێگەو پێگە سیاسی و بەرنامە دروستانەی سازمانی خەبات كە بۆ ئێستاو بۆ سەردەمی ئازادی ئێران و كوردستان هەیەتی، پشتیوانیە هەمەچەشنەكانیان زیاتر بكەن. پشتگیری سازمانی خەبات دەبێتە هۆی بەتوانایی و بەهێزیی، كە بەهێزی سازمانی خەبات بەو گشتە باگراوەندو بنەماو پڕنسیپ و ئوسوڵی شۆڕشگێرانەیەو بەو پێ بەندیانەی بەداب و نەریتی كوردەواریی هەیەتی، پێشڕەوی گەلی كورد بەرەو ئازادیی و رزگاریی یەكجاریی دەبێ.
ئەركی تێكۆشەرانی سازمانی خەبات لەئێستاو قۆناغی داهاتوو:
هەموو ڕێبوارانی ڕێبازی سازمانی خەبات بەرپرسایەتی گەورەیان لەسەر شانە بۆ بەرەو پێش بردن و گەشە پێدانی ئەم تەشكیلاتە پاك و دڵسۆزەی كوردستان. بەجێگەیاندنی ئەركی تەشكیلاتی، ڕاگەیاندن، بەرزكردنەوەی توانای ماددی و تەداروكاتی، بەرزكردنەوەی حاستی هۆشیاری سیاسی و فكری و...هتد دەبێ بە جیددی كاری بۆ بكرێ و پێویستە هەوڵ بدرێ لەپێناو گەشەپێدان و بەرزكردنەوەی تێكرای ئەو خاڵە گرینگانە.
بەردەوام بوون لەسەر رێبازی سازمانی خەبات شانازیە بۆ هەموان و لەهەمانكاتدا گەشە پێدان و بەرزكردنەوەی تێكڕای هۆكانی كاركردن، هەم ئەركێكی گرینگەو لەهەمانكاتیشدا وەفایە بەڕێبازی سازمانی خەبات و خوێنی شەهیدانی سوورخەڵات و ڕێبەری نەتەوەیی دڵسۆزو كۆچ كردووی سازمان "مامۆستا شێخ جەلال حوسەینی."
بەو هومێدەی لەداهاتودا شاهیدی گەشەو پێشكەوتنی زیاتری سازمانی خەبات بین.
مەرگ و نەمان بۆ ڕژیمی دیكتاتۆری ئاخوندی
سەركەوێ شۆڕشی ڕەواو ئازادیخوازیی گەلی كورد و گەلانی ئێران
سازمانی خەبات، داهاتوو و ئەركەكانمان
- توضیحات
- By بابەشێخ حوسەینی
- بەش: سكرتێری گشتی
- بینراوە: 12

