كاتێك یادو بیرەوەری شەهیدانی ڕێگەی ئازادی و خەباتی مافخوزانە دەكەینەوە بۆ ئەوەیە كە ببێتە هەوێنی بەردەوامبوون لەتێكۆشانی بێ‌پەڵەو كەم هەڵە لەپێناو ئازادیی و ڕزگاریدا.
بۆ ئەوەیە ڕێز بۆ ریزی ڕێبازی كوردایەتی ڕاستەقینە كە دوور بووە لەدەستێوەردانی بێگانەو دوور بووە لەلارەملی، دوور بووە لەنەیارانی كوردو نەیارانی ڕێبازی ئازادیی، دابنێین.
كاتێك فسۆكی، بەزیوی، تەزیوی و قسەزلی و بێ‌كردەوەیی، هیچ لەدەست نەهاتوی و بازرگان بەخۆێنی شەهیدان و بەڕێبازی پیرۆزیان بازاڕی گەرمە، جێگەی خۆیەتی بەیاد كردنەوەی شەهیدانی سوورخەڵاتی ڕێگەی ئازادی و كوردایەتی، وەفاو ئەمەك بۆ ڕێبازی پیرۆزیان دەرببڕین و پەیمان دووپات بكەینەوە كە بەردەوام دەبین لەسەر تێكۆشان لەپێناو گەیشتن بەئامانجەكانیان.
لە ٢١ی  خەرمانان ٣٧ مین ساڵڕۆژی شەهادەتی كاك سەیید عەبدولكەریم حوسەینی و هاوڕێیانیدا
شۆرش و خەبات لەپێناو ئازادی و بەختەوەری میللەتداو بۆدژایەتی ستەم و دیكتاتۆری ئەركێكی پیرۆزەو ئەوانەی ژیانیان و گیانیان لەو ڕێگەدا فیدا دەكەن مرۆفی پلە بڵندو سەرتۆپی كۆمەڵگەن، لەبەرانبەریشدا ئەوانەی هەر بە قسە باس لەشۆڕش و سەروەریەكانی دەكەن و لەژێر لێفەی گەرم و لەئاسودەییدا، هەر بەقسە شەش دانگی نیشتمان رزگار دەكەن و خۆیان بەسەروەری و نەبەزی پێشمەرگەو قارەمانیەتیەكانیەوە هەڵدەكێشن، خۆزگە بۆ تاقی كردنەوەش بێ‌چەند شەو ڕۆژێك بچونانەیە مەیدانی نەبەرد لەبەرانبەر دژمندا، ئەوكات بارە ئاشەكەیان بەمزەش لێدەكردو دەستیان لەقسەی زل و خەت و نیشان كێشانی سەیروسەمەرە هەڵدەگرت. 
ئەوانەی تەواوی تەمەنیان فیدای ئازادی نەتەوە دەكەن و ئامادەی گیان فیدایین، و بەكردە لەپێناو ئازادی و ڕزگاری گەل و نیشتمانی ڕەنگین ولەشۆڕش لەبەرانبەر ڕژیمی دیكتاتۆری ئاخوندی لەمەیدانی نەبەردو تێكۆشاندان، سەرقافڵەی کاروانی  ڕزگاری و ئازادین.
ئەوكەسانەی شەهیدان لەبیردەكەن و دەست لەڕێبازی پیرۆزیان هەڵدەگرن لەمرۆڤە سپلەو بێ كەڵكەكانی كۆمەڵگەن و تەنانەت جێگەی موتمانەی نزیكترین كەسەكانی خۆشیان نین. بەتایبەت لەبیركردنی شەهیدە قارەمانەكانی ڕێبازی سازمانی خەبات كە نمونەی ئازایەتی و لەخۆبوردویی و فیداكاری بوون، لەبیركردنیان و پشت كردن لەڕێبازیان تاوانێكی گەورەیە.
لەساڵیادی شەهادەتی سەركردەو فەرماندە، شەهید سەید عەبدولكەریم و هەڤاڵانیدا نەبەزی و نەسرەوتن و تێكۆشان لەپێناو بەختەوەری گەل ونیشتمان و لەئاكامدا فیداكردنی گیان، كارێكی ئاسان نیە، هەر بۆیەشە كاری هەموو كەسێكیش نیە تا بتوانی لەمەیدانی جەنگی سیاسی و جەنگی نیزامی خۆبگرێ‌ و تاسەر بەردەوام بێ‌.
شەهیدی سەركردە كاك عەبدولكەریم لەڕۆڵە دەگمەنەكانی كوردستان بوو كە نە تەنیا لەمەیدانی كاری پێشمەرگانەو فەرماندەییدا نمونە بوو، بەڵكو لەكاری ڕێكخستن و كاری سیاسی سادقانەشدا نمونەو لێهاتوو بوو. ئەو كەسێكی سادەو كۆمەڵایەتی بوو، ڕێزی لەپیرو منداڵ و هەر تاكێكی هاونیشتمانی و هەڤاڵان و هاوسەنگەرانی دەگرت. 
یەكێك لەتایبەتمەندیەكانی ئەوە بوو كە زۆر بەباشی بیرو بۆچوونی دەوروبەری دەخۆێندەوەو پێش ئەنجامدانی هەر كارێكـ، بەباشی و بەوردی بیری لێ‌دەكردەوە. لەكاتی كاریشدا هەوڵی دەدا بە باشترین شێوەو بە سەركەوتویی كارەكەی بەڕێوەی بەرێ‌.
ئەو كاتانەی كوردستان كەوتە بەرهێرشی  دڕندانەی هێزە سەركوتگەرەكانی ڕژیمی ئاخوندی،بە داخەوە هەر لەو سەردەمەدا سازمانی خەبات كەوتە بەر هێرشی تەبلیغی و چەكداری ناڕەوای لایەنەكانی كوردستان و هەوڵی لە ناوبردن و نەمانی سازمان دەدرا، ئەو كات شەهیدی سەركردە یەكێك لە پەرچەمدارو پێشڕەوانی پارێزگاری لە مەوجودیەتی سازمان بوو. لەبەهاری ساڵی 1360 یەكێك لە هێزەكانی كوردستان دەوری بنكەی سازمانی خەبات لە قەلای خەبات دەدەن و دەڵێن نابێ‌ پێشمەرگەكانی سازمان و سەید عەبدولكەریم بە تایبەت لە ناو خەڵك هەڵسوڕانیان هەبێ‌، بە داخەوە ئەو كات یەكێك لە بەرپرسەكانی سازمان بێ‌ گەڕانەوە بۆ بڕیاڕی سەركردایەتی بە داوای ئەو لایەنە ڕازی دەبێ‌، بەڵام شەهیدی فەرماندە بۆ ئەوەی بیسەلمێنی كوردستان ئی هەموانەو كەس مافی سنووردار كردنی چالاكی بۆ هیچ هێزێكی تێكۆشەر نیە، لە گەڵ ژمارەێك لە پێشمەرگەكان بەرەو ئارمردەو ناوچەی تاژان لە ناوچەی بانە دەڕۆن لە تاژان دەكەونە بەر هێرش، بەڵام بە قارەمانی كەم وێنەی كاك عەبدولكەریم، حوكمی ناڕەوا دەچێتەوە قاپوڕی خۆی و قارەمانانی سازمانی خەبات بە دوریی كردن لە ئاڵۆزی و ناكۆكی لە مەیدانی  ڕەوای شۆڕشی خۆماڵیانەو نەتەوەییدا سالارو ڕەندو مەرد درێژە بە ئەركەكانیان دەدەن بۆ هەمیشە نەخشە ڕێگای پارێزگاری لە كەرامەت و مەوجودیەتی شۆڕشی پاك و بێگەردو كوردایەتی خۆماڵیانەو سازمانی خەبات گەڵاڵە دەكەن و دادەڕێژن