مێژووی جوڵانەوەی مافخوازانەی گەلی کورد لەکۆن تا ئێستا بەدەست نەبونی ستراتیژی و نەبونی هەڵوێستی روون گیرۆدە بووە. نەبونی ستراتیژی روون زیاتر بەهۆی حەزو ویستی تاکە کەسی و مانەوەی تاک و دەستەیەکی دیاری کراو لەئەهرومی بەرپرسایەتی لەحیزب وتەشکیلاتداو هەروەها پەیرەو کردنی سیاسەت و هەڵوێست، لەسەر بنەمای دروشمی زریقەو بریقەداری ئەوتۆ کە نەک کاریان پێناکرێ‌، بەڵکو بۆ هەلومەرجی جوڵانەوەی گەلی کورد نامومکین و زیانباریشەو تەنیا بەمەبەستی بازارگەرمی و هەڵقوڵاو، لەشێوەی بەراوردو حەزی تاک، سەر هەڵدەدا. ئەو روانگە تاکە کەسیانە جوڵانەوەی مافخوازانەی گەلی کوردی لەکوردستانی ئێران تووشی لێکترازان و هێندێک کات داڕمان کردوە.

سازمانی خەبات هەمیشە پێی‌ وایە کە جوڵانەوەی گەلی کورد دەبێ‌ خاوەن بەرنامەو رێ و شوێن و ستراتیژی دیاربێ و دروست نیە هەر رۆژە بەجۆرێک و هەر کاتە بە شێوەێک کاربکاو هەڵوێستی ناتەبای لەگەڵ ڕاستیەکانی گۆڕەپانەکە هەبێ‌. پێویستە سیاسەتی ئوسوڵی و خاوەن بنەماو ریشەداری هەبێ‌، سنوورەکان لە گەڵ دوژمن دیار بێ‌ و کەس سەری لێنەشێوێ‌ کە جوڵانەوەی کورد چی دەوێ‌ و بەدوای چیەوەیە. سازمانی خەبات پێی‌ وایە خوێنی ڕۆڵەی کورد بەکار نەهێندرێ‌ بەمەبەستی قازانجی تاکەکەس و بەکار نەهێندرێ‌ بۆدروشمی کاتی و دوور لەکردەوە. بێگومان کاتێک سنوورەکانی جوڵانەوە لەگەڵ دژمن دیاربێ‌ و بەرنامەو هەڵوێستی بنەڕەتی و ستراتیژی ڕوون بێ‌، هەم جوڵانەوە بەرەو لوتکە دەچێ‌ و هەمیش گەل لەئامانجەکانی نزیک دەبێتەوەو نیشتمان لەدەست چاوچنۆک دەپارێزرێ‌.

ئاشکرایە دروشمی گەورەو زریقەو بریقەدار و بێ بنەما زیان دەگەێنێ‌ بەتێکرای جوڵانەوەی مافخوازانەی گەلی کورد. کاتێک لایەنێکی سیاسی دروشمی گەورە دەداو بەدروشمەکانی خەڵک بەخۆیەوە سەرقاڵ دەکاو لەدوای ماوەیەک لەو دروشمانەی پەشیمان دەبێتەوە، بێگومان زیانەکانی ئەو شێوە ڕاڕاییە، خۆ تەنیا زیانی بۆخودی ئەو لایەن یا حیزبە سیاسیە نابێ‌ بەڵکو کۆی جوڵانەوەی کورد و تەنانەت جوڵانەوەی حەقخوازانە بەرانبەر دەسەڵاتی ناوەندی زیانی لێدەبینن.

لەکاتی پێکهاتنی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێراندا کەسازمانی خەبات دەوری تێدا هەبوو، دروشم و بەرنامە سەرەتاییەکانی هەر پێنج لایەن کە لەسەری رێکەوتبووین گەلێک پەسەند و هەمە ڕەهەند بوون. فرەرەهەند  بەو مەعنایەی کە هەر لایەنێکی سیاسی کوردستانی دەیتوانی خۆی لەو ناوەندەدا ببینێتەوەو تەنانەت ئەگەر نەشی ویستایە ببێتە ئەندامی ئەو ناوەندە، سێ‌ خاڵی پەسەندکراوی بنەڕەتی کە پێکهاتبووین لەسەری، بریتی بوون لەڕوخانی رژیمی ئاخوندی، کە دروشمی روخان بەواتای ڕەدکردنەوەی ووتوێژیش دێ‌ لەگەڵ دەسەلاتێک کە بڕیاردراوە بڕوخێندرێ‌، هەروەها دابین کردنی مافە نەتەوەیی و سیاسیەکانی دانیشتوانی کوردستان لەئێرانێکی ئازادو دیموکراتیک و سکۆلار، هەروەها پەیڕەو کردنی بنەمای تەوافوق کەئەوەش بەندێکی باش و پێوست بوو بۆ ئەوەی چەند لایەن بۆ خۆیان ڕێ‌نەکەون لەسەر خاڵێک یا ئامانجێکی تایبەت کەببێتە هۆی هەڵوەشانەوەی ناوەند. بەڵام بەداخەوە لەدوای چەند مانگ، هەوڵ بۆ ئەوەدرا کە بەشی زۆری ئەوبنەما سەرەتاییانە کە پەسەند کرابوون، وەلانرێن و هەژموون و بەرنامەی حیزب و تەنانەت ڕاسپاردەی لایەنی دیکە بەسەر ناوەندی هاوکاری بکرێتە جێگرەوەی خاڵە پەسەندکراوەکان کە بەداخەوە پێشێلکاری بنەما پەسەندکراوەکان، بووە هۆی هەڵوەشانەوەی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران.

بەو سەرەتایە مەبەستمە بێمە سەرئاکامی نووسینەکەم کە ئەویش بریتیە لەوەی کە روانگە جیاوازەکان لەجێگەی خۆیدا دەبێ‌ رێزیان لێ‌بگیرێ‌ و کەس مافی ئەوەی نیە کە رێ‌ لەبوونی بیروبۆچوونی جیاواز بگرێ‌ جا ئەوە چ لەلایەن تەشکیلاتێکی سیاسیەوە یا تاکێکی کۆمەڵگەوە بێت. بەڵام حەق نیە کۆی جوڵانەوەی کورد و خەڵکی داماوی کوردستان کە دەیان ساڵە بەدەست ستەم و بێدادی حکومەتە دیکتاتۆرەکانەوە دەناڵێنن‌ زیاتر لەوە ببنە قوربانی شیعارو دروشم و روانگەو بۆچوونە ئیحساسیەکان.

گەلی کورد لەکوردستانی ئێران خاوەن جوغرافیای دیاری خۆیەتی لەچوارچێوەی ئێرانداو پێویستە بەمافە سیاسی و نەتەوەییەکانی بگات، ئەو مافانە چۆن و بە چ شێوەیەک دەچەسپێن؟ دیارە پێش هەر شتێک دەرکەوتوە کەدەسەڵاتی ئێران بێجگە لەسەرکوت وکوشتنی تێکۆشەرانی گەلی کوردو گەلانی ئێران و پێشێلکردنی سەرەتایی ترین مافی هاونیشتمانیان و بەتاڵان بردنی داهات و سەرمایەی خەڵکی ئێران و خەرج کردنی لەتاقم و دەستە ترۆریستیەکان و لەلاێکی دیکەوە بەمەبەستی ئاژاوە نانەوە لە ناوچەکەداو ...هتد کارێکی بەقازانجی خەڵکی ئێران نەکردوە. بەو پێ‌یە زۆر لەمێژە ئەوە ڕوون بۆتەوە کە ئەو بۆچوونانەی پێیان وایە دەکرێ‌ لەچوارچێوەی حاکمیەتی دیکتاتۆری ئاخوندی بەماف و ئازادی بگەین، بێ‌بنەماو دوورن لەعەقڵانی بوون و بیرکردنەوەی دروست. لەکاتێکدا ئەو راستیە حاشا هەڵنەگرە خۆ دەنوێنی کە دەبێ رژیمی ئاخوندی خەتی سوور بێ و پێویستە بیر لەئاڵترناتیوی دروست و مەشروع بکەینەوە کە هەم ماف وئازادیەکان بۆ گەلی کوردو گەلانی ئێران دابین و دیموکراسی و ئازادی لە ئێراندا پەیڕەو بکات. 

سازمانی خەبات بەبەراوردی دروست لەبنەماکان لەسەر عەرزی واقع و بەدوورکەوتنەوە لەدروشم و لەروانگەی بەخەمەوە بوونی بۆ دۆزی رەوای کورد و کۆتایی هێنانی بەشێک لەمەینەتیەکانی خەڵکی کوردستان لەگەڵ ئاڵترناتیوی مەشروع و خاوەن پڕۆژە بۆ داهاتووی ئێران و خاوەن پڕۆژە بۆ گەلی چەوساوەی کورد لەکوردستانی ئێران رێکەوتنی هەیەو باوەڕی وایە کە شورای میللی مقاومەتی ئێران بەو بەرنامانەی کە هەیەتی دەتوانێ‌ جێگرەوەیەکی کاتی شیاو لەدوای روخانی رژیمی ئاخوندی بێت تا هەلومەرجێکی باش لەکورت ماوەدا بڕەخسێندرێ‌، تا بەبونی مەیدانی ئازاد، هەڵبژاردنی ئازادانە بۆ پارڵمان و حکومەتی دیموکراتیک ئەنجام بدرێ‌ و بەیەکجاری سیستم و دەسەڵاتێک لەئێراندا حاکم بێ کە هیچ کات بیر لەچەوسانەوی خەڵکی کورد و هیچ کەس نەکاتەوەو ئیتر کۆتایی بەستەم و بەفیڕۆدانی سەرمایەی خەڵکی ئێران بێ.