لەمەیدانی ڕوبەڕوبونەوەی هێزی داگیركەرەكانی ڕژیمی سەركوتگەری ئاخوندیدا، قارەمانی و لێهاتویی كاك عەبدولكەریمی سەركردە، لە ناوچەی كامیاران،سنە،سەقز،بۆكان،سەردەشت و بە تایبەت ناوچەی بانە نمونەی نەبەردی و قارەمانی كەم وینەن، كە بۆ هەمیشە لە مێژووی سەروەریەكانی گەلی كورد تۆمار كراون و دەمێننەوە.
شەرەكانی كامیاران، ئێرانشاو تیلەكۆی ناوچەی سەقز، فەرماندەیی گرتنی بەشێك لە پادگانی بانە لە شەڕی 3 مانگە،شەڕی ١٠ی خەزەڵوەرو روبەڕوبونەوەی هێزی دوژمن لە دێ‌ كەوپێچ، بەشداری چالاكانە لە شەڕی گەورەی دارساوێن،فەرماندەیی گرتنی دوو پایگای گەورە لە شارەدێ‌ شۆێ‌ لە بانە،فەرماندەیی شەڕی گەورەی قەبەغڵوی سەقزو لە ناوچوونی هێزی دژمن، فەرماندەیی گرتنی پایگای ماماڵ لە بانە،فەرماندەیی گرتنی پایگای سیچان، فەرماندەیی گرتنی پایگای یاكوباوا، فەرماندەیی و بەشداری چالاكانە لە شەڕی گەورەی مەردەكان لە گەڵ هێزی پێشمەرگەی حیزبی دیموكڕات كە بووە هۆی تێك شكان و لە ناوچوونی هێزی دژمن و دەیان قارەمانی و چالاكی و نەبەردی كەم وینە، بەڵگەی دیارن لە لێوەشاوەیی فەرماندە ساكارو بێ‌ دەمارەكەی گەلی كوردو سازمانی خەبات.
بەڵی، شەهید كاك عەبدوڵكەریمی سەركردەو فەرماندەی قارەمانی گەلی كوردو سازمانی خەبات،و ڕێبەرو سەركردەكان و مێژووی پاك و بێگەردو دەیان پێناسەو ناسنامەی سەروەری و پێشڕەوی ڕێبوارانی ڕێگەی ئازادی و تێكۆشەرانی سازمانی خەبات، لە هەر سەردەمێك و لە هەر كۆڕێكدا و لە هەر تەنگانەێكدا، پێناسەو ناسنامەن و دەبێ‌ ڕێبوارانی ڕێبازی سازمانی خەبات پشت بە دەستكەوتەكان و ئازایی و لێهاتوییەكانی فەرماندەكان و سەروەریەكان ببەستن و ڕوو سوورانەو چاونەترسانە بەردەوام بن لە سەر ڕێبازی پاك و بێگەردی سازمانی خەبات و درێژە بە چالاكی  و تێكۆشان بدەن.
 بە داخەوە لە شەوی 21 ی خەرمانانی ساڵی 1366 كۆچی خۆری فەرماندەی لێهاتوی گەلی كورد لە گەڵ ژمارەێك لە پێشمەرگەكانی سازمانی خەبات لە چەمی زاخە لە ناوچەی سیوەیلی كوردستانی عێراق كەوتنە ناو كەمین و مەیدانی مینی دژمن و بە داخەوە كاك عەبدولكەریم و كاك خەلیل پاشایی و كاك ساڵح رەسوڵی و هاونیشتمانێكی كورد كە وەك شارەزا هاوڕێ‌ مان بوو شەهید بوون و گیانی بەرزیان بەخشی لە پێناو  ڕزگاری گەلی كوردو ئازادی نیشتمان و شۆڕشی ڕەوا لە بەرانبەر دەسەڵاتی دیكتاتۆری ئاخوندی لە ئێران.
هەزاران سڵاو لە یادو ناوی سەركردەو فەرماندەی قارەمان شەهید سەیید عەبدولكەریم حوسەینی و شەهید كاك خەلیل پاشایی و شەهید كاك ساڵح ڕەسوڵی و تێكڕای شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاری و ئازادی كوردستان و شەهیدانی شۆڕشی ڕەوا لە بەرانبەر دەسەڵاتی دیكتاتۆری ئاخوندی لە ئێران