بەم بۆنەوە، پیرۆزبایی گەرم بەهاونیشتمانیانی كوردستان، خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان، زیندانیای سیاسی، كادرو پێشمەرگەو ئەندام و لایەنگرە تێكۆشەرەكان و جەماوەری لایەنگری سازمانی خەبات پێشكەش دەكەم.
سازمانی خەبات ڕەوایی و پەسەندیی، بە كارو تێكۆشانی لەپێناو ئازادی نیشتمان و نەتەوەو بەخەباتی شێلگیرانەی سیاسی، لەمێژووی پڕشنگداری بێ‌هەڵەو دڵسۆزانەی بۆ هەموو هاونیشتمانی كوردستان و خاوەن باوەڕە جیاجیاكان و چین و توێژەكانی كۆمەڵگەی كوردەواریی سەلماندوەو تێكۆشان و خەباتی تا گەیشتنی گەلی ستەملێكراوی كورد بە مافەڕەواكانی و ڕوخانی ڕژیمی دیكتاتۆری ئاخوندی بەردەوام دەبێت.
پێداگری لەسەر بنەماكانی شۆڕشی ڕەوا لەبەرانبەر ڕژیمی دیكتاتۆری ئاخوندی، ڕوانگەو سیاسەتی ڕوخانخوزای، پەیوەندی و دۆستایەتی لەگەڵ هەموو هێزو لایەنێكی سیاسی  دژبە دیكتاتۆری لەئێراندا، هەوڵی شێلگیرانە بۆ هاوكاری و پەیوەندی گەرم و دۆستانە لەگەڵ هێزو لایەنە سیاسیەكانی كوردستانی ئێران لەپێناو دەستەبەركرانی ماف و ئازادیەكان بۆ گەلی كورد، لەئامانج و بەرنامەی كاریی سازمانی خەباتە.
دۆستایەتی و هاوپەیمانی لەگەڵ هێزە شۆرشگێڕەكانی سەرانسەریی لەئێران و بەردەوام بوون لەسەر هاوپەیمانی لەمێژینە لەگەڵ سازمانی موجاهیدینی خەڵقی ئێران و شۆڕای میللی مقاومەتی ئێران لەپێناو ئازادی و ڕزگاری و گەیشتنی گەلی ستەملێكراوی كورد بەمافەكانی بەردەوام دەبێ‌.
 لەیادی٤٤ ساڵەی دامەزراندنی سازمانی خەبات ئەو بەڵێنە دووپات دەكەینەوە كە بەردەوام دەبین لەشۆڕشی پاك و بێگەردی نیشتمانی و نەتەوەیی و بەردەوام دەبین لەچالاكی و تێكۆشان لەسەر ڕێبازی شەهیدانی سوورخەڵاتی سازمان و ڕێبازی مامۆستا سەیید جەلال حوسەینی و سەركردەكانی دیكەی دامەزرێنەری سازمانی خەبات.
هەر لەیادی دامەزرانی سازمانی خەباتدا بەڵێن بەهۆگرانی ڕیبازی كوردایەتی و ئازادیخوازی و شۆڕشی ژینا و شەهیدانی ئەو شۆرشە مەزننە دەدەین كە تاگەیشتن بەئازادیی و ڕزگاری كۆڵ نادەین و هیچ لەمپەرو بەربەستێك كار ناكاتە سەر ورەی بەرزی هۆگران و تێكۆشەرانی ڕیبازی سازمانی خەبات.
لەگەڵ پیرۆزبایی دووبارەم
سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران
سكرتێری گشتی
بابەشێخ حوسەینی
۴ی خەرمانانی ۱۴۰۳كۆچی خۆری
۲۵ی ئاگوستی ۲۰۲۴ زایینی