پزشكیان ئاخوندی بێ عەمامەو خزمەتكاری خامنەیی و پزشكی چارەسەری دڵیش، نەدەتوانێ دەردیی گەلانی ئێران و گەلی كورد چارەسەر بكات و نەدەشتوانێ دەردی كاریی و كوشەندەی، دەسەڵاتی ئاخوندی چارەسەر بكات.
لەدوای كەوتنە خوارەوەی هیلیكۆپتێری هەڵگری ئاخوند ئیبراهیم ڕەئیسی جینایەتكارو قاتڵی زیندانیانی سیاسی كوردو ئێرانی و كوژرانی ناوبراوو چەند كەس لەبەرپرسانی ڕژیم لەو هیلیكۆپتەرەدا، خامنەیی شانۆی چواردەیەمی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری وەڕێخست. لەشانۆگەری هەڵبژاردنی ئەمجارەدا، جەماوەری ئێران بەتەواوی بایكوتیان كردو خودی خامنەیی ددانی بەو ڕاستیەدانا كەخەڵكی ئێران بەشداری هەڵبژاردنیان نەكردوە.
لەدوای ئەو شكستە گەورەیە ،بە فەرمانی ڕێبەری رژیم، سەرۆكی باڵی خاوەن هێزو ئیقتدارگەرا، مەسعود پزشكیان كرایە سەرۆك كۆمار. دیاری كرانی پزشكیان بەسەرۆك كۆمار، بەو ئامانجەیە كە دەسەڵاتی ئێران جارێكی دیكە كۆمەڵگەی جیهانی و بەتایبەت وڵاتانی ڕۆژئاوایی لەژێر ناوی هاتنە سەركاری سەرۆك كۆماری ڕیفۆرمخوازو حكومەتی چاكسازی فریو بدات و لەڕێگەی پزشكیانی بەناو ڕیفۆرمخواز، پەرەسەندنی هەڕەشەكانی كۆمەڵگەی جیهانی و زیاتر بوونی ئابڵوقەی ئابووری و سیاسی بۆ سەر ئەو ڕژیمە كۆتایی پێی بێنێت.
مەسعودی پزشكیان وەك ئاخوند خاتەمی و ئاخوند حەسەنی ڕوحانی سەرۆك كۆمارەكانی رابردووی دەسەڵات، بەدروشمی زریقەو بریقەدار بەخەڵك و بە بەڵێنی چاكسازی و باش كردنی هەلومەرجی ژیانی كۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووری لە ئێراندا، كرایە سەرۆك كۆمار.
مەسعودی پزشكیان دوكتوری چارەسەریی نەخۆشی دڵەو عەمەلیات و نەشتەرگەری دڵ دەكات، بەڵام ئایا دەتوانی دەردی كاریی پێكهاتەی دەسەڵاتی ئاخوندی چارەسەر بكات؟ ئەتوانی ئەو گشتە كێشە سیاسی، ئابوری، ناكۆكی قووڵی دەسەڵات لە گەڵ كۆمەڵگەی جیهانی، لابردنی ئابڵوقە جیهانیەكان لە سەر ڕژیم، دابین كردنی ئازادیی و چالاكی سیاسی، دابین كردنی مافەكانی گەلانی ئێران و بەتایبەت مافی گەلی كورد لە ئێراندا چارە بكات؟ لە وەڵامدا ئەو قسەی زۆربەی كارناسە سیاسیەكانی تایبەت بەڕژیمی ئێران دووپات دەكەینەوە كە دەڵێن لەمێژووی دەسەڵاتی ئاخوندیدا هیچ سەرۆك كۆمارێك بەڕادەی مەسعودی پزشكیان بێ تواناو بێ دەسەڵات نەبوەو، ناوبراو ناتوانێ هیچ كارێك بە بێ فەرمان و بڕیاری خامنەیی بكات و هەروەها لە بنەڕەتدا هیچ یەك لەپێكهاتەكانی ڕژیمی ئێران مەبەست و ئامانجیان نیە گۆڕانكاری لەسیستمی سەقەت و سیستمی حوكمڕانی دیكتاتۆری لەئێراندا بكەن.
ئاشكرایە مەسعود پزشكیانی بەناو ڕیفۆرمخواز، لارەمل و خزمەت كاری خامنەیی دیكتاتۆرو سەری مارەكە، ئەگەر مەبەستی بێت كارێكی خێر بۆ گەلانی بەش مینەتی ئێران بكات، لەپێش هەر هەنگاو كردارێكدا، دەبێ دژایەتی خامنەیی بكات، بەڵام هەر وەك خۆی لە قسەكانیدا لەسەر قەبری خومەینی وتی، ئەگەر ڕێبەر، واتە خامنەیی نەبوایە نەیدەتوانی ببێتە سەرۆك كۆمار.
لایەنێكی دیكەی ئەم نمایش و گاڵتەكردن بەخەڵك و بەپڕۆسەی دیموكڕاسی ئەوەیە كە سەرۆك كۆمار لەلایەن خامنەیی ڕێبەری ڕژیم كەهاوکات سەرۆكی بەرەی توند ئاژۆ وە (اقتدارگرا)یە، جۆرێكی تازەیە لەفرت و فیڵی دەسەڵاتداران و هەروەها دەركەوتنی ئەو ڕاستیەیە كەجیاوازی و ناكۆكی لەنێوان بەرەی ڕیفۆڕمخوازو بەرەی توندئاژۆی دەسەڵات لەئێراندا، لەسەر پاراستن و مانەوەی دەسەڵاتی دیكتاتۆریی بوونی نیە.
ئەگەر چاوێكی خێرا بە سەر چل و پێنج ساڵ حوكمڕانی ئاخوندەكان لە ئێراندا بگێڕین، ئەو ڕاستیە تاڵ و حاشا هەڵنەگرەمان بۆ دەردەكەوێ، هیوایەك بە گۆڕانكاری لەشێوەی دەسەڵات و كردەوەی دەسەڵاتداران لەبەرانبەر گەلانی ئێران و گەلی كورد بەتایبەت، ئاسنی ساردكوتانەو ئاخوند پزشكیانی بێ عەمامەو خزمەتكاری خامنەیی و پزشكی چارەسەری دڵیش، نە دەتوانێ دەردی گەلانی ئێران و گەلی كورد چارەسەر بكات و نەدەشتوانێ دەردی كاریی و كوشەندەی، دەسەڵاتی ئاخوندی چارە بكات.

