یادكردنەوەی تێكۆشەرانی رێگەی ئازادیی، ئەوانەی ڕەنجی زۆریان لەپێناو ئازادی گەل و نیشتمان، لەمەیدانی نووسین و ئەدەب و لەمەیدانی خزمەت بەمرۆفایەتی،دەورگێڕاوەو كاری شیاو بەرچاویان كردوە گەلێك پێویستە. دیارە رێزگرتن لەكەسایەتیەكان لەو كاتەی لەژیاندان زۆر پێویستە، بەڵام بەداخەوە لەكوردستاندا كەمتر بیندراوەو بیستراوە كە یادی تێكۆشەران و رەنج دیتوو زاناو بیرمەندانی نەتەوەكەمان بكرێتەوە. خۆزگە ئەوە بكرایەتە نەریت و دیاردەێك كە قەدری تێكۆشەران و بیرمەندان و زانایان لەكاتی تێپەڕینی رۆژەكانی ژیانیان بكرێتەوە.
یەكێك لەو ئەدیب وتێكۆشەرانەی كە لەسەردەمی ژیانیدا كەمتر گرینگی و بایەخی پێدراوە مامۆستا مەلا كەریمی سەییادی ناسراو بەمامۆستا مەلاكەریم ساردەكۆسانی (ڕاوچی) یە.
مامۆستا مەلاكەریم یەكێك لەهاوكارانی مامۆستا سەید جەلال حوسەینی بوو لەدامەزراندنی سازمانی خەبات، بەڕێزیان پێش دامەزرانی سازمانی خەبات یش تێكۆشەرێكی ئازادیخواز بوو وكاری سیاسی دەكردو چەندین ساڵ ئاوارەیی و دەربەدەری و زیندانی لەسەر گەلی كورد چێشتبوو.
بەمەئموەریەتی سازمانی راسپێردرام بۆ وەرگرتنی بەرپرسایەتی هێزی پێشمەرگەی سازمانی خەبات لەناوچەی بۆكان و سەقز لەگەڵ خوالێخۆشبوو حاجی مینەی زەرواو و فەرماندەی لیهاتوی سازمانی خەبات شەهید كاك تەهاڕۆحی (تەهاسوور) و هەروەها تێكۆشەرو برای خۆشەویستم كاك رەشید سلێمانی ناسراو بە كاك ڕەشید كانی مامری و چەند پێشمەرگەی بەڕێزی دیكە بەرەو ناوچەی گەوركی مەهاباد بەڕێكەوتین. بەهۆی ئەوەی خوالێخۆشبوو حاجی مینە چووبوە تەمەنەوەو كاك ڕەشید نەخۆش بوو نەیان دەتوانی بەخێرایی ڕێگە ببڕن دوو رۆژمان پێ چوو تا گەیشتینە ساردەكۆسان.
بەگەیشتنمان بۆ ساردەكۆسان چووینە بنكەی سازمان كە لەمەدرەسەی دێدا بوو.زۆری نەبرد مامۆستا مەلاكەریم تەشریفیان هات و زۆر بە گەرمی بەخێرهاتنی كردین. دوای باسی كارەكانی داهاتووی كومیتە شارستانی بۆكان و سەقز و كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی سازمانی خەبات، مامۆستا مەلاعەبدوڵای قەدیم ومەلا عەزیز حوسەین پوور و شەهیدی قارەمان شەهید خەلیفە شەمسوڵا، ئەرك و بەرپرسایەتیەكان دابەش كران. دوای كۆتایی هاتنی كۆبوونەوەو دابەشكردنی ئەركەكان مامۆستا مەلاكەریم زۆر بەگەرمی خوڵقی كردین بۆ ماڵی خۆی. فەرمووی چێشتی بەربەسێڵ مان هەیە. بانگهێشتی بەڕێزیانم قەبوڵ كرد. بەتامەزرۆییەوە بۆ خواردنی چێشتی بەربەسێڵ چووینە ماڵی مامۆستا بەگەرمی بەخێرهاتنی كردین یەكەم جار بوو چێشتی بەربەسێل بخۆم. مامۆستا كەسایەتێكی قسەخۆش و زمان شیرین و میوانداربوو. زۆری سیغار دەكێشا. قتوی توتن و پەڕەكەی دەرهێناو زۆر شارەزایانە سیغارێكی پێچایەوەو بەحەزەوە سیغارەكەی كردە دەمنە (مۆدنە) داربەڵالوكەكەی. دەمنەو سیغارەكەی بەلالێویەوە ناو چەرخەنەوتیكەی (فندك)لێ خستەكارو دوای دووسێ جارلێدان ئاور لە چەرخە نەوتیەكە هەستا، زۆری پێنەچوو دوكەڵی سێغار ژوورەكەی داگرت. بە دەم سێغركێشانەوە قسەی خۆشی بۆ دەكردین.
بەربەسێل و نانی نێوەڕۆمان خوارد و گەراینەوە بنكەی سازمان. دوای چەند ڕۆژ بە بەشداری مامۆستا گەڕانێكی سیاسیمان بۆ ناوچەی بۆكان و گەوركی مەهاباد دەست پێكرد. وەرزەكەی بەهار بوو، لەو گەڕانەدا هەم لەڕێگاداو هەرروەها لەماڵانیش لەگەڵ مامۆستا بووم كەڵكی زۆرم لەقسەو ڕێنوێنیەكانی وەرگرت لەرێگەدا شیعری بەدەنگی بەرزو بەئاهەنگ بۆ دەخۆێندمەوە. لەهەموو حەسانەوێكدا سیغارێكی دەكێشا، جۆرێك سیغاری دەكێشا كەهەر كەس بیدیایە حەزی بۆ سێغاركێشان دەچوو. نانەبەرەێكی لەپشت بەستبوو چەندنان و هێندێك پەنیرو شیرێژی تێدا بوو. خوڵقی دەكردم بۆ خۆاردنی بابۆلەی نان و پەنیر. لەسەر كانی و ئاوی سازگار بەبرسیایەتی و ماندوویی، تامێكی لەبیرنەكراوەی هەبوو. ئەو چەند ڕۆژە لەدەورانی پێشمەرگەیی بەشێك بوون لەڕۆژەخۆش و لەبیرنەكراوەكان بەتایبەت كە هاوڕیەتی مامۆستا، كەڵكی زۆری هەبوو و خولیای نوسین و خۆێندنەوەم تێدا زیاتر گەشەی کرد. بەڕێزیان خاوەن بیركردنەوەی دروست و سەردەمیانە بوو. خەڵكی ناوچە بەباشی مامۆستا مەلا كەریم یان دەناسی و خۆشیان دەویست بۆ هەر مالێك دەچووین گەرمترین پێشوازیان لێدەكرد.
دوای گۆڕانكاریە سیاسیەكان و فشارە بەردەوامەكانی چەند لایەنی سیاسی كوردستانی بۆ سەر سازمان و هەروەها لەدوای هێرشی هێزەكانی ڕژیمی ئاخوندی بۆ سەر بنكەو بارەگاكانی سازمانی خەبات ئاڵوگۆر لەقەوارەو پێكهاتەی تەشكیلاتی سازمان و بنكەو ناوەندەكانی لەناو خۆداو دووركەوتنەوە لەناوچە بوونە هۆی پێكەوە گرێدانی بەشەكانی سازمان.
ماوەی چەند ساڵ تێپەری و بەشێك لەبنكەو بارەگاكانی سازمان و لایەنەكانی دیكەی كوردستانی ئێران لەسنوورەكانی كوردستانی عێراق نیشتەجێ بوون. لەو رۆژو دەورانەشدا مامۆستا مەلاكەریم بە پێ توانای هەولی دەداو چالاك بوو كە بەداخەوە نەخۆشی روی تێكرد.
تەشریفی هاتە ماڵی ئێمە لەسلێمانی، نەخۆش بوو جێگەیان بۆ ڕاخست ماوەی چەند رۆژ لەجێگەدا بوو. بردیانە لای دوكتور عومەر شەریف لەسلێمانی دوكتۆرێكی شارەزابوو. دوای چەندین تاقی كردنەوەی خۆین و عەكسبەرداری (ئەشەعە) دوكتوری ناوبراو بەمامۆستای ڕاگەیاند نەخۆشیەكەی زۆر كاریگەرەو چاك بوونەوەی زەحمەتە. ئەو هەواڵە بۆ مامۆستا زۆر قورس بوو بەتایبەت كە خێزانی لەگەڵ نەبوو تەمەنیشی زۆر بوو. ئەو هەلومەرجە نالەبارە وایكرد مامۆستا مەلاكەریم ئیجازە لەرێبەری سازمان و سەركردایەتی بخوازێ بۆ ئەوەی ئەو ماوەی تەمەنی لەناوخاوخێزانیدا بێ. مامۆستا ڕۆیشتەوە بۆ ناو خاوخێزانی، بەخۆشیەوە دوای گەڕانەوەشی زیاتر لە ٢٠ ساڵ تەمەنی بردەسەرو خزمەتی ئەدبیات و شیعری كوردی كرد و بەددان سازی ژیانی دابین دەركرد.
لەو چەندین سالەی كە لەناوخۆشدا بوو پێوەندی لەگەڵ سازمانی خەبات بوو هەمیشە خەمخۆرو دڵسۆزی رێبازەكەی مایەوەو بەخەم سازمانی خەبات ئەو نەمامە ساوایەوە بوو كە بە هیممەت و ماندوو بوونی خۆی و مامۆستا شێخ جەلال حوسەینی و چەندین مامۆستای ئایینی و تێكۆشەری دیكە دامەزرا.
ڕۆحی مامۆستا مەلا كەریم ساردەكۆسانی (مامۆستا راوچی) شاد و جێگەی بەهەشتی بەرین بێ.
یادێك لە مامۆستا كەریم سەییادی (ڕاوچی) ساردەكۆسانی
- توضیحات
- By بابەشێخ حوسەینی
- بەش: سكرتێری گشتی
- بینراوە: 10

