لەكۆبونەوەی رۆژی چوارشەممە ١٤ی دیسامبری٢٠٢٢ی زایینی، وڵاتانی ئەندام لەكومسیۆنی شورای ئابووری و کۆمەڵایەتیی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بەزۆرینەی ٢٩  دەنگ، ڕژیمی ئێرانیان لەئەندامیەتی کۆمیسیۆنی پێگەی ژن لەو ڕێکخراوە دەركرد.
بەبۆنەی ئەم سەركەوتنە گەورەو مێژووییە پیرۆزبایی گەرم و نەبڕاوەم بەڕۆحی ئافرەتانی شەهیدی ڕاپەڕینی پڕ شكۆی، ژن، ژیان، ئازادی و ڕۆحی ژینا ئەمینی و شەهیدانی ٤٤ ساڵ شۆڕش لەبەرانبەر دەسەڵاتی دیكتاتۆری ئاخوندی، ئافرەتانی ستەملێكراوی كوردستان، ئافرەتانی رەنج دیتوو و ئازار چێشتووی ئێران، ئافرەتانی هاوباوەڕو هاوڕێبازم لەسازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران، ئافرەتان لەڕیزی مقاومەتی ڕەوای شۆڕشگێرانەی سەرانسەریی ئێران و تێكڕای ئافرەتانی ستەملێکراو پێشكەش دەكەم. 
دەركردنی ڕژیمی ئاخوندی لەپێگە ژن لەكومسیۆنی شۆڕای ئابووری و كۆمەڵایەتی ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتوەكان یەكێكە لەدەستكەوتەكانی ڕاپەڕینی ئافرەتان لەئێران و كوردستان كە لەئەنجامی شۆڕشی نەپساوەی ئافرەتان لەكوردستان و ئێران، تێكڕای نەتەوەكانی ئێران و بەتێكۆشانی ئازادیخوازانی غەمخۆرو بەهەڵۆێستی كوردو ئێرانی لەجیهاندا هاتۆتە دیی.
دەبێ‌ ئەم سەركەوتنە گەورەیە‌ ببێتە هاندەری زیاتری تێكڕای چین و توێژەكانی جەماوەر لەكوردستان و ئێران و بە تایبەت ئافرەتانی ستەملێكراو بۆ تێكۆشان و شۆڕشی بەردەوام و نەپساوە، تا تێكڕای پایەكانی كۆشكی ستەم و بێدادی ئاخوندەكان دەڕوخێ.
هەر بەم بۆنەوە سپاسی گەرم پێشكەش بە ٢٩  ئەندامی ئەو وڵاتانە دەكەم كە دەنگیان بەدەركردنی ڕژیمی ژن كوژو ئینسان كوژی ئاخوندی لەپێگە ژن لەكومسیۆنی شۆڕای ئابوری و كۆمەڵایەتی ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتەوكاندا.
سەركەوی شۆڕش و ڕاپەڕینی گەلانی ئێران لەدژی ڕژیمی دیكتاتۆری ئاخوندی
شەكاوە بێ‌ ئالای شۆڕشی بەرابەری و یەكسانی و ژن، ژیان، ئازادی
بابەشێخ حوسەینی 
پێنج شەممە 24 ی سەرماوەزی 1401 كۆچی خۆری