هاونیشتمانیانی ستەملێكراوی كوردستان!
خانەوادەی شەهید ژینا!
خەڵكی قارەمانی شاری سەقز!
شەهیدكرانی ژینا ئەمینی بەهۆی شكەنجەی هێزە سەركوتگەرەكانی ڕژیمی دیكتاتۆری ئاخوندی بووە هۆی خەم و پەژارەم.
جینایەتی نوی بەكرێگیراوانی ڕژیمی دیكتاتۆر دەرخەری ئەو ڕاستیەیە كە دەسەڵاتدارانی ئێران بڕیاڕو ئامانجیان ئەوەیە بەهەر شێوەیەك و هەرچۆنێك بۆیان بكرێ‌ ڕێگە نەدەن هاونیشتمانیانی كوردستان و ئێران ئاسودە بن و خۆشی لەژیانیان ببینن. 
ئەو ڕژیمە، ئێرانی كردۆتە زیندانێكی گەورەو لەو زیندانە گەورەدا ڕۆژانە خەڵك بە گشتی و ئافرەتان بەتایبەت شكەنجە دەكاو گیانیان دەكێشێ‌.
ئەم رژیمە دواكەوتووە لەماوەی دەسەلاتیدا ئافرەتانی كورد و ئێرانی دەچەوسێنێتەوەو چەندین ناوەندی سەركوتی پێكهێناوەو سەرمایەو داهاتی وڵات بۆ ئەو ناوەندە سەركوتانە تەرخان دەكا تا بەئامانجی چەپەڵی كە درێژەدان بەحوكمی ناڕەواو زەربەتدانه لەكۆمەڵگەی ئێران و كوردستان، درێژە پێبدا. 
بەبۆنەی شەهیدكرانی ژینا ئەمینی سەرخۆشی بەخانەوادەو خزم و كەس و كارو جەماوەری كوردستان و خەڵكی شاری سەقزی سەربەرز، ڕادەگەێنم و داوا لەهاونیشتمانیانی كوردستان و ئافرەتانی ستەملێكراودەكەم لەبەرانبەر سیاسەتی سەركوت و چەوسانەوەی دەسەڵاتی دژی ئینسانی ئاخوندی بەیەكگرتوویی و یەك دەنگی ناڕەزایەتی و ڕق و تووڕەییان دەربڕن.
مەرگ و نەمان بۆ ڕژیمی دیكتاتۆری ئاخوندی
سەركەوی خەباتی مافخوازانەی گەلی كوردو گەلانی ئێران
بابەشێخ حوسەینی
٢٦ ی خەرمانانی ١٤٠١ كۆچی خۆری