هاونیشتمانیانی ڕاپەڕیو و خۆڕاگری كوردستان!
خەڵكی ستەم لێكراوی ئێران!
كەس و كاری شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی!
زیندانیانی سیاسی قارەمان!
پێشمەرگە تێكۆشەرەكان و شۆڕشگێرانی ئازادیخوزای ئێران!
بەبۆنەی هاتنی جێژنی نەورۆزو ساڵی نوێ ۱٤۰۲ی كۆچی خۆری و ساڵی ۲۷۲۳ی كوردی، گەرمترین پیرۆزبایتان پێشكەش دەكەم.
لەكاتێكدا كە دەبوو لەنەورۆزو لەنوێ بوونەوەی ساڵ و هاتنی وەرزی ڕازاوەی بەهاردا، گەلانی ئێران شادیی بكەن و دلخۆشبن، بەڵام بەداخەوە بەهۆی ستەمگەریی و جینایەت و تاوانكاریی ئاخوندە دەسەڵاتدارەكان، لەجیات خۆشی و جەژن و شایی، شین و ماتەم باڵی بەسەر وڵاتی ئێراندا كێشاوە.
ئاخوندە ستەمگەرەكان ٤٤ ساڵە بەپەیڕەوكردنی سیاسەتی سەركوت و چەوساندنەوەی خەڵك و بەزیندانی و ئیعدامكردن و شەهیدكردنی تێكۆشەرانی ئازادیخوازو بەپەرە پێدانی ترۆرو تۆقاندن، درێژە بەحوكمی ناڕەوایان دەدەن.
ئەو دەسەڵاتە بەپەیڕەوكردنی قانونی دواكەوتوانە، بۆتە هۆی دواكەوتویی لەئێرانداو بەكردەوە كاری بۆ دابەشكردنی چین و توێژەكانی كۆمەڵگە كردوە. بەپێی قانون و یاساكانی ڕژیمی دیكتاتۆری ئاخوندی، جەماوەری ئێران دابەش كراوە بە سەر "خودی و غەیرە خودی دا" واتە ئەوەی سەر بەدەسەڵاتەو لەجینایەت و تاوانەكانیاندا هاوبەشە، سەر بەخۆیان و لەخۆیانەو لەبەرانبەریشدا زۆرینەی جەماوەر كە دەسەڵاتیان ناوێ و داوای ئازادیی و دیموكڕاسی دەكەن، دژمن بەخۆیان دەزانن. هەربەپێی قانونی دیكتاتۆرانەی ئاخوندەكان، شێوەی لیباس پۆشین و بوونی بیروباوەڕی پێچەوانەی باوەڕی دواكەوتوانەی ئەوان، ڕێگەی پێی نادرێ و هەركەس پێچەوانەی ویستیان هەنگاو هەڵگرێ، دەكەوێتە بەر پەلامار و سەركوت و دەخرێتە بەندیخانە.
ئافرەتان لەئێراندا لەژێر قورسترین شكەنجە و ئازاردان و دەسەڵاتی ئاخوندی بەڕەچاوکردنی ڕێوشۆێن و داڕشتنی (قانونی) دژبە ژنان و كارپێكردن بەو ڕێو شۆێنانە، بۆتە هۆی ئەوە كە هەم ناوەندەكانی دەسەڵات دەستكراوە بن لەهەركردەوەێکی جینایەتكارانە دژ بە ئافرەتان و هەروەها وایكردوە كەسانی بیرتەسك و پیاوانی دواكەوتو بەرانبەر بەئافرەتان تاوان ئەنجام بدەن.
بڕیاڕو ڕیوشوێنی دواكەوتوانەی حكومەتی ئاخوندی دژبە ئافرەتان و بەتایبەت بڕیاڕی زۆرەملێ بۆ پۆشینی جل و بەرگ، بووە هۆی ئەوە هێزە سەركوتگەرەكان لە ۲۲ ی خەرمانانی ساڵی ڕابردوودا لەتاران، هێرش بكەنە سەر ژینا ئەمینی كچی كورد بەبیانوی ئەوە كە چەند تاڵی پرچی دەركەوتبوو، كوشتیان و شەهیدیان كرد. شەهیدكردنی خاتوو ژینا ئەمینی بووە هۆی سەرهەڵدان و ڕاپەڕینی جەماوەریی لەتێكڕای شارو ناوچەكانی ئێران و كوردستان. شەهیدكرانی ژینا ئەمینی بووە هۆی یەكیتی و تەبایی كەم وێنە لە نێوان نەتەوەكانی ئێرانداو سەرهەڵدانی شۆڕشی تێكڕایی و جەماوەری، شۆڕشی ژینا کەبووە شۆڕشی یەکانگیر بۆ ڕوخاندن و لەناوبردنی دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئاخوندەکان.
لەكاتێكدا نەورۆزو ساڵی نوێ جێژن دەگرین، لەئێران و بە تایبەتی لەشارو ناوچەكانی كوردستان و بلوچستان، سەرەڕای ئەنجامدانی جینایەت و سەركوت و ئیعدامی تێكۆشەرانی ئازادیخواز بەردەوامە و هەر لەچەند ڕۆژی ڕابردوو و كۆتایی ساڵی ۱٤۰۱ دا، محی ددین ئیبراهیمی خەڵكی شاری شنۆو شێرزدائەحمەدینژاد خەڵكی شاری بۆكان، لەزیندانی ورمێ شەهیدكران و هاوکات لەگەڵ شەهیدكردنی ئەو تێكۆشەرانە چوار كوردی دیكەشی ئیعدام كردوە.
پەرە پێدانی جینایەتی دەسەڵاتی ئاخوندی و سەركوتگەریەكانی بۆ ئەوەیە کە كۆتایی بەڕاپەڕین و سەرهەڵدانی جەماوەریی لەئێراندا بێنێ، بەڵام بەخۆشیەوە خەڵكی ڕاپەریوی دژبە ستەم و بێدادی، بڕیاڕیان ئەوەیە تاكۆتایی هاتن بەدیكتاتۆری وهاتنە دیی ئازادیی، دەست هەڵناگرن و نەورۆزی ژینا و نەورۆزی شۆرش و ڕاپەڕین لەهەموو ڕۆژو مانگەكانی سالی داهاتوودا دروشمی نەسرەوتن تا سەرکەوتن دەكەنە وێردی سەر زمانیان و وەك هەمیشە لەمەیدانی خەبات بۆ هێنانە دیی ئازادیی دەمێننەوە.
هاونیشتمانیانی خۆڕاگر!
ئاشكرایە دەسەڵاتدارانی ئێران هاوكات لەگەڵ سەركوت و چەوسانەوەی جەماوەر، هەوڵیانە بەپەیرەو كردنی سیاسەتی برسیكردن و دزینی سەرمایەی گەلانی ئێران و هەروەها پەرەپێدانی گەندەڵی و تاوان و ناعەداڵەتی كۆمەڵایەتی و ئیعتیاد و بازرگانی مەوادیی هۆشبەرو پەرە پێدانی ترۆرو پێكهێنانی گروپی مافیایی لەئێران و دەرەوەی ئێران، قورسایی كێشەكان بۆ سەر جەماوەر زیاتر بكەن و بەخەیاڵیان بتوانن بەکەڵک وەرگرتن لەو کردەوە قێزەونانەش، کۆتایی بەشۆرشی مافخوازی و ئازادیخوزایی و هێزی جەماوەری ڕاپەڕیو بێنن.
دەسەڵاتدارانی دیكتاتۆر لەلایەكی دیكەوە بە ئاژاوەگێڕی لەوڵاتانی دیكەو بەشداری كردن لەجەنگی ڕوسیە لەبەرانبەر ئۆكراین و هاوكاری گروپ و تاقمە ترۆریستیەكانی وەك حیزبوڵای لوبنان و حوسیەكانی یەمەن و بەكرێگیراوانیان لەعێراق و گروپی ترۆریستی لەچەندین وڵاتی دیکەش، كەڵك لەو گروپ و تاقمە ترۆریستیانە وەردەگرن بۆ سەركوتی جەماوەری ڕاپەڕیوی ئێران و هەروەها بۆ زۆر هێنان بۆ وڵاتانی ناوچەكەو بەتایبەتی ووڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل.
بێگومان ڕژیمی ئاخوندی مانەوەی خۆی لەئاژاوەو جەنگ و خوڵقاندنی تەنگژەی سیاسیدا دەبینێ و هەر وەك لە ٤٤ ساڵی ڕابردوودا بەدروستكردنی قەیران و ئاژاوە لەئێران و لەناوچەكەدا هەوڵیداوە ڕای گشتی خەڵكی ئێران بەلاڕیدا بەرێی و كۆمەڵگەی جیهانی لەبڕیاڕی یەك لایی كەرەوە لەبەرانبەرخۆێدا، تووش دوبەرەكی و دڕدۆنگی بكات.
هەر وەك لە چەند ڕۆژی ڕابردودا بە ناوبژیوانی حكومەتی چین لەنێوان حكومەتی عەربستان و ڕژیمی ئاخوندی ڕێكەوتنیان بۆ ئاسایی كردنەوەی پەیوەندیە سیاسیەكانیان كرد، كە ئەو هەنگاوەی دەسەڵاتی ئاخوندی یەكێكە لەفێلبازیەكانی بۆ كەلێن خستنە نێوان وڵاتان. گومانی تێدا نیە ئەو ڕێكەوتنە بەهۆی بەردەوامی دەستێوەردان و ئاژاوەگێڕیەكانی ڕژیمی ئاخوندی و پشتیوانیكردنی لەتاقمە ترۆریستیەكان و هاندانیان بۆ هێرشكردنە سەر عەربستانی سعودی، ئاكامی ئەوتۆی نابێ و دەسەڵاتی ئاخوندی كەڵكی نابەجێ لەو ڕێكەوتنە وەدەگرێ. لەلایەكی دیكەوە ڕژیمی ئێران لەدروستكردنی بۆمبی ئەتۆم زیاتر نزیك بۆتەوە كە هاوكات بەپەرە پێدان و دروستكردنی مووشەكی جۆراوجۆرو فڕۆكەی بێفڕۆكەوان، بۆتە هەڕەشەی گەورە لەسەر هێمنایەتی ناوچەی خۆرهەلاتی ناوەڕاست و جیهان بەتێكڕا. لەبەر ئەو ڕاستیە حاشاهەلنەگرانە لەسەر سیاسەتی دزێوو ئاژاوەگێڕیەكانی دەسەڵاتی ئاخوندی، بەقازانجی ئاسایشی جیهانی و ئاسایش و هێمنایەتی وڵاتانی خۆرهەلاتی ناوەڕاستە، پشتێوانی لەشۆڕشی ئازادیخوزای و ڕوخانخوازی لەئێراندا بكەن. بەتایبەت ئەگەر دەسەڵاتی ئێران ببیتە خاوەنی بۆمبی ئەتۆمی هەڕەشەی بێ ئەملاوئەولا دەبێ بۆ سەر وولاتانی جیهان.
گەلانی ستەملێكراوی ئێران!
خەباتی چواردەیەی ئێوەو شۆڕشی شەش مانگەی ژینا لەئێستادا دژ بەڕژیمی ئاخوندی و لەڕابردوشدا دژ بەدەسەڵاتی شاهەنشایی، دەریخست كە جەماوەر دەسەڵات و سیستمی دیكتاتۆریی شاهەنشایی و ئاخوندیان ناوێ. خەڵكی ئێران دەسەڵاتی دیموكڕاتیكی دەوێ، دەسەڵاتێك جەماوەر هەڵیبژێرێ و دیاری بكات. دەسەڵاتێك كە دووربێ لەدەخالەتی مەزهەب و دەخالەتی هەر باوەڕێكی دیاری كراو، دەسەڵاتێك كە ماف و ئازادیەكانی تێكڕایی نەتەوەو، مەزهەب و باوەرەكان لەئێراندا لەبەرچاو بگرێ و ئافرەتان وەك بەشێكی سەرەكی كۆمەڵگە دەوریان لەئیدارە و بەڕێوبەریدا هەبێ.
سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران كە هێزێكی سەرەكی و خاوەن مێژووی تێكۆشانی بێ پەڵەیە، داكۆكیكاری سەرەكی ئازادیی و بەرابەریی و یەكسانیە، داكۆكی بۆ وەدیهاتنی مافی ئافرەتان لەكوردستان و ئێراندا دەكا. هەر لەو چوارچێوەدا دژایەتی هەر بیرو بۆچونێكی تاكڕەوانەو گروپی فاشیستی و مەزهەبی دەكات بۆ بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات لەئیراندا. سازمانی خەبات هێزێكی خەڵکی و شۆرشگێڕە و لەگەڵ هێزە شۆڕشگێرەكانی كوردستانی ئێران نزیكایەتی و هاوكاری دەكا بۆ گەیشتنی گەلی كورد بەماف و ئازادیەكان، هەر بەم بۆنەوە داوا لەڕێبەریی هێزو لایەنەكانی كوردستانی ئێران دەكەم، پێكەوە لەچوارچێوەی پلاتفۆرمێكی سیاسیدا لەپێناو ئامانجە ڕەواكانی گەلی كورد لەكوردستانی ئێران هەوڵ و تێكۆشانمان یەك بخەین.
سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران بەكاری هاوبەش لەگەڵ هێزە شۆڕشگێرە سەرانسەریەكانی ئێران كە باوەڕیان بەدابینكردنی مافەكانی گەلی كوردو گەلانی ئێرانەو باوەڕیان بەحكومەتی سكۆلارو دیموكڕاتیك لەئێراندا هەیە. هاوپەیمانی و دۆستایەتی سازمانی خەبات و سازمانی موجاهیدینی خەڵقی ئێران و شۆرای میللی مقاومەتی ئێران لەپێناو دابینكردنی مافی خودموختاری بۆ كوردستانی ئێران و دامەزراندنی حكومەتی دیموكراتیك و نیشتمانی لەئێران لەسەر بنەمای یەكیتی و تەبابی هێزی شۆڕشگێڕو بەرپرس و خاوەن ئیرادەی سیاسی سەربەخۆیە، كە مێژووەكەیان و خەباتیان بۆ خزمەت بەگەلانی ئێران و دابینكردنی ئازادیی تەرخان كردوە.
خەڵكی شۆڕشگێڕی كوردستان!
دڵنیاتان دەكەمەوە كە سازمانی خەبات بەردەوام دەبێ لەتێكۆشانی پاك و كەم هەڵە لەپێناو ئازادیی كوردستانی ئازیز، لەئیلام،كرماشان، سنەو ورمێ و تێكڕای ناوچەكانی دیكەی كوردستان. داواکارم جێژنی نەورۆز بکەنە هۆیەک بۆ ڕاپەڕین و خەباتی ئازادخوازیی شیلگیرانەتر لەبەرانبەر دەسەڵاتی ستەم و بێدادی ئاخوندی.
جارێکی دیکە بە ناوی خۆم و هاوباوەڕانم لەڕیزەكانی سازمانی خەبات، سەرەخۆشی بەكەس و كاری شەهیدانی شۆرشی شەش مانگە لەئێران و كوردستان ڕادەگەێنم و هەروەها پیرۆزبایی نەورۆز و ساڵی نوێتان پێشكەش دەكەم.
سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران
سكرتێری گشتی
بابەشێخ حوسەینی
۲۹ ی رەشەمەی ۱٤۰۱ی كۆچی خۆری
۲۰ مارسی ۲۰۲۳ی زایینی
بە بۆنەی نەورۆز و ساڵی نوێ ۱٤۰۲ی كۆچی خۆری
- توضیحات
- By بابەشێخ حوسەینی
- بەش: سكرتێری گشتی
- بینراوە: 10

