بەیانی زوو لەخەو هەڵدەستان، نانێكی بەپەلەیان دەخواردو دەچوونە ناو ڕەزو دێبەرەكان لەبەرماڵان و پشت ماڵانی دێ‌ و گوندەكان. سەوتەكانیان دادەگرت لەترێ‌ و تەماتەو ئەو تەڕەكاڵانەی بەروبومی جوتێری و باخەوانیان بوو. باری ئێسترو گوێدرێژیان دەكرد بۆ ئەوەی بیبنە شارەكان بۆ فرۆشتن.
بەو هومیدە بوون كە بچنە شارەكان و بەرهەمەكانیان ساغ بكەنەوەو بتوانن بە پوڵەكەی خواردەمەنی و برینج و قەند و ڕۆن، بۆ منداڵ و خێزانەكانیان بكڕن و هەروەها خەرجی میوانەكانیان و ئەو پێشمەرگانە دابین بكەن كە دەبوونە میوانی ماڵەکانیان.
دوای دوو سێ‌ سەعات و زیاتریش ڕێگە ڕۆیشتن و نزیك بوونەوەیان لەشار، دەستەیەك بەحوكمی حاكمی نەزان و بەبڕیاڕی بە ناو شۆرش لێیان پەیدا دەبوون ڕێگەیان نەدەدا بچنە شار، چونكە بە قسەی خۆیان ئابڵوقەیان خستبوە سەر شارەكان لەبەر ئەوەی لەژێردەستی دژمندایە.
جوتیاری هەژارو باخەوانی ستەملێكراوی كورد، بۆ شەش سەعات زیاتریش، تەماتەو ترێ‌ و تەڕەكاڵەكانیان، لەگەرمای هاویندا لەسەوەتەو سەبەتەو تەلیس و گۆنیدا دەگەڕێندرانەوە بۆ دێ‌ و گوندەکەیان و تا دەگەیشتنەوە، دەترشان و تێكدەچوون و هیچ كەڵكیان نەدەما.