بیرەوەری شەڕی قارەمانانەی شارەدێ سەرای بۆكان
سەر لەبەیانی زووی ڕۆژی هەینی ٢٠ ی مانگی جۆزەردانی ١٣٦٠ لەبنكەی كومیتە شارستانی سازمانی خەبات لەبۆكان، بە پەلە لەخەو خەبەریان كردینەوە، پێان ڕاگەیاندین هێزی دژمن لەشاری سەقزەوە هێرشی هێناوەو لەسەرا شەڕ گەرمە. ئەو كات مامۆستا عەبدوڵا ئارام بەرپرسی كومیتە شارستانی بۆكانی سازمانی خەبات بوو هەروەها مامۆستا مەلا عەبدوڵا قەدیم یەكێك لەبەرپرسانی كومیتە شارستان بوو.
شاری بۆكان لەدەست هێزی خەڵك وپێشمەرگەدا بوو، جیاواز لەپێشمەرگەكانی سازمان لەكومیتە شارستانی بۆكان، ژمارەیەك پێشمەرگەی ناوچەكانی دیكەی كوردستان یا بە مەئموریەت و یا بۆ مەرەخەسی لەبۆكان بووین بەندەش نووسری ئەم دێڕانە لەوێ بووم.
بەزوویی خۆمان ئامادە كرد و بەسواری دوو ماشینی لاندەروێر بەرەو شاردێ سەرا بەڕێكەوتین. لەبەر ئەوەی فریا نەكەوتین نان بخۆین هەر كەسەو بابۆڵە پەنیری لەگەڵ خۆی هێنا. ماشینەكان ئێمەیان لەنێوان گوندی كوچكی خوارێ و كوچكی سەرێ دابەزاند، ئێمەش بەقەراغ جادەی سەقز بۆكان و بەبڵاوی بەرەو كوچكی سەرێ هەنگاومان هەڵگرت، زۆر نەڕۆیشتین دەستەیەك پێشمەرگەی لایەنێكی کودستانیمان تووش بوو كە تفەنگێكی ١٠٦(تۆپ) بەسەر ماشینێكی جیب یان پێ بوو، لێمان نەپرسین چ خەبەرەو ئێوە بۆ لێرە ڕاوەستاون ئەوانیش هیچیان نەپرسی، وێ دەچوو چاوەڕوانی كەسانی دیكە بوبن. درێژەمان بە رێگەی خۆماندا و دوای ماوەێك گەیشتینە نێو ماڵەكانی گوندی كوچكی سەرێ. لەو ماوەدا تا نزیكتر دەبووینەوە دەنگی تەقەمان زیاتردەبیست، بەناو ماڵەكانی دێ كوچكی سەرودا تێپەڕین و بەناو دارو باخەكاندا هەنگاومان هەڵدەگرت. گەیشتینە باخەقەیسیەك كە چەند پێشمەرگەو فەرماندەی حیزبی دیموكرات مان بینی، وەك لەبیرم بێ ، بریتی بوون لە سەروان سیروان، سەرهەنگ چیا وە ڕەمەزانە توركە. زۆربەیان لیباسەكانیان خۆێناوی بوو، كەوتینە قسە لەگەڵیان وهەواڵ و زانیاری شەرەكەمان لێوەرگرتن، ووتیان شەو پایەگای ئاڵتونی سەقزمان گرتوو دوای گرتنی پایەگاكەو هێنانی دەستكەوتەكان هاتینەوە سەرا، ووتیان پێش ڕووناك بوونەوە كەوتوینە بەر پەلاماری دژمن و چەند پێشمەرگەمان شەهید كراوەو ژمارەیەك پێشمەرگەی دیكە ئابڵوقەو محاسرە كراون، داومان لێكردن لەگەڵمان بێن بەڵام بەهۆی ماندوو بوون و شڵەژاوی ووتیان ناتوانین.
ئێمە بەرەو بەرزایی هەنگاومان هەڵگرت و لەبەرانبەر سەرا و لەبەریی كوچكی سەرێ ژمارەێك پاسدارو هێزی ڕژیم لێ جێگیر ببوون، ئەو ژمارەیە رێگەیان نەدەدا پێشمەرگەكانی حیزبی دیموكرات لەناودێ پاشەكشە بكەن و خۆیان لەموحاسرە ڕزگار كەن. پێشمەرگەكانی سازمان لەو هێزەی دژمن نزیك بوونەوە، بەبیرم دێ شەهید خەلیفە شەمسوڵا یەكم گولە ئارپێ جی لەخومپارەی دژمندا كە بەرانبەر سەرا، دابەسترابوو، شەهید محەممەد نانەواو هەروەها عەبباس گڵۆلانی چەند پێشمەرگەی دیكەی سازمانی خەبات تەقەیان لەپاسدارەكان وخۆفرۆشانی دەوروبەری خومپارەكە كرد. چەند پێشمەرگەی دیكەی سازمانی خەبات كە ئێستا لەناوخۆی كوردستانن و لەبەر باری ئەمنیەت ناویان ناهێنم لەشەڕێكی دەستەو یەخەو قارەمانانەدا ئەو ژمارە بەكرێگیراوەی دوژمنیان لەبەرانبەر دێ سەرا وەدەرناو چەند كەسیان بەسزا گەیاندن.بە تێك شكان وەدەرنانی هێزی دوژمن لە بەرانبەر سەرا، چەندین پێشمەرگەی حیزبی دیموكڕات لە مەحاسرە ڕزگاریان بوو. ئەگەر چی بەداخەوە لە یەكەم هێرشی سەر لەبەیانی زوودا، بەكرێگیران توانیبویان چەند پێشمەرگە شەهید بكەن و چەند پێشمەرگەش بەدیل بگرن.
لەو شەڕە دەستەو یەخەی پێشمەرگەكانی سازمانی خەبات لەبەرانبەر هێزی دژمن، بەتەواوی بەرزاییەكانی بەرانبەر دێ سەرا پاك كراوەو خەسارەتی بەرچاو بە دژمن گەیشت و تەنانەت بووە هۆی ڕوخانی ورەی پاسداران و بەكرێگیراوانی ناو شارە دێ سەراو ئەو بەكرێگیراوانەی لەبەرزاییەكانی دیكەی جێگیر كرابوون.
تەقەمەنی فیشەك و گولـلەی ئارپی جی پێشمەرگەکانی سازمان كۆتایی پێ هاتبوو، بە ناچاری و بە پەلە پێشمەرگەمان ناردەوە بۆ ناو شاری بۆكان و بۆ بنكەی سازمان بۆ هێنانی تەقەمەنی و هەروەها ئەو ژمارە پێشمەرگەی حیزبی دیموكڕات كە ماندو ببوون لەنزیک گوندی کوچکی سەرێ دانیشتبوون، فیشەكەكانی خۆیان داینێ. لەسەعات دەوروبەری ١٢ی نیوەڕۆ شەهید خەلیفە شەمسوڵا و فەرماندەێكی دیكەمان، بەخۆڕێكخستنەوەو ئامادەكاری باشتر بڕیاری هێرش بۆ سەر دژمنیان بۆ سەر جادەی سەرەكی و ناو شارە دێ سەرایان دەركرد. بە پێ بەرنامە، هێرشەكانمان دەچووە پێش، جێگەی خۆشی ئەوە بوو ئەوە بوو كەو ئەو شۆێن و سەنگەرانەی ئێمەی لێ بووین، جۆگەو بەندی ئاو بوون و تەنانەت هێرشی هیلیكۆپتێرەكانی دژمن نەیدەتوانی خەسارەتمان پێبگەێنێ. لەكاتی هێرشی دووهەم بۆ سەر دژمن بۆ یەكەمجار خوالێخۆشبوو ئیبراهیم مەلا مەحمودی م بینی، بە بێ چەك لەوێ بوو ئەو لایەنگری حیزبی دیموكرات بوو، ناوبراو زۆری بەقارەمانەتی پێشمەرگەكانی سازمانی خەباتدا هەڵدەگوت و زۆر سپاسی كردین. ئیبراهیم مەلا مەحمودی دوایی بووە پێشمەرگەی سازمانی خەبات و فەرماندەیی چەندین شەڕی قارەمانانەی پێشمەرگەكانی سازمانی خەبات ی لەناوچەی بۆكان و لەناوشاری بۆكاندا كرد. لەهێرشی دووهەمی پێشمەرگەكانی سازمانی خەبات بۆ سەر جادەی سەرەكی و ناو دێ سەرا، هێزەكەی دژمن بەتەواوی ورەیان لەدەست دابوو، لەهێرشی دووهەمدا تواندارا دژمن تووش شكستێكی گەورەتر بكرێ. ئەو هێرشە بەڕادەێك خێرا بوو كە هەلیكۆپتێرێكی دژمن لەسەر جادەی سەرا بۆ هەڵگرتنەوەی بریندارەكانیان نیشتبۆوە، فریا نەكەوت باڵ بگرێتەوەو كاتێك گەیشتینە سەر جادەی ئەسڵی و ناو قاوەخانەی سەرا، پێشمەرگەكان دەستیان بە سەر هەلیكۆپتێرەكەدا گرت و خەلەبانەكانی زوتر فریاكەوتن و خۆیان دەرباز کرد.
پێشمەرگەكانی سازمان دوای شكست پێهینانی دژمن و ڕزگار كردنی چەندین پێشمەرگەی حیزبی دیموكڕات لەمەرگ و لەئابڵوقەدا، وردە كەلو پەلی ناو هەلیكۆپتێرەكە، وەك بێسیم، عەینەك و كڵاو و چەندین شتی دیكەیان لێ دەرهێناو دوایی هەلیكۆپتێرەكەیان ئاوردا.
لە دوای كۆتایی هاتنی شەڕەكە، یەكێك لەلایەنە سیاسیەكان هەلیكۆپتێرە سووتاوەكەیان بردەوە بۆ ناو شاری بۆكان و بەخەڵكیان ڕاگەیاند كە پێشمەرگەكانی لایەنەكەی ئەوان هەلیكۆپتێرەکەی سووتاندووە، بەڵام هەر زوو خەڵك پێیان ڕاگەیاندبوون، كە پێشمەرگەكانی سازمانی خەبات ئەو جەنگە قارەمانانەیان كردوە.
ئەو شەڕە قارەمانانەو كەم وینەی پێشمەرگەكانی سازمانی خەبات لەناوچەی بۆكان بووە هۆی خۆشحاڵی خەڵك و سپاسی ئەو پێشمەرگانەی لەموحاسرە رڕزگار كرابوون. بۆ بەندەش شانازیە چونكە هاوڕیبازی شەهید خەلیفە شەمسوڵا وە شەهید محەممەد نانەوا، كە لەو شەڕەدا دەوریان هەبوو هەروەها هاوڕێ ئەو پێشمەرگە نەبەزو لێهاتوانەم كە یا ئێستا بەشێوەی ئاشکرا بەردەوامن لەخزمەت بە گەل و نیشتمان لەریزەكانی سازمانی خەبات و یا وەك پێشمەرگە لەناوخۆی كوردستاندا تێدەكۆشن.
لە كۆتاییدا سپاسی كاك شۆڕش ئەسەد زادە دەكەم كە چەند زانیاری لەبارەی ئەو جەنگەوە بۆ ناردم.

