رۆژی سێ شەممە ٨ی ڕێبەندان ١٣٩٨ ی كۆچی خۆری، سەرۆككۆماری ئەمریكا، بەمەبەستی ئاشتی لەنێوان ئیسرائیل و فەلەستین، مەعامەلەی سەدەی ڕاگەیاند، كە ماوەێكی زۆرە بەرپرسانی ئەمریكایی كاری لەسەر دەكەن.
ڕاگەیاندنی مەعامەلەی سەدە هەر بەزوویی لەلایەن مەحمود عەبباس سەرۆكی فەلەستین و خەڵكی فەلەستین ڕەدكرایەوە، بەڵام بە پێچەوانەی فەلەستینیەكان بەشی هەر زۆری ئیسرائیلیەكان و بە تایبەت لایەنە ڕاستەكانی ئیسرائیل ڕازی بوون و لەكاتی ڕاگەیاندنی مەعامەلەی سەدە لەلایەن ترامپ لە واشنگتۆن بنیامین نەتانیاهۆ ئامادە بوو. نەتانیاهوو لەقسەكانیدا سپاسی زۆری سەرۆكی ئەمریكای كرد و خۆشحاڵی خۆی بۆ مەعامەلەی سەدە ڕاگەیاند.
ئەوەی لێرەدا زیاتر جێگەی مەبەستە، تەنیا باسی پرۆژەی سازان و رێكەوتنی سەدە نیە كە بە پێ ئەو پرۆژەو گەڵاڵەیەی ئەمریكا، ڕێگە بە فەلەستینیەكان دەدا حكومەتێكی ئابڵوقەدراو لەچوارچێوەو جوغرافیاێكی داخراودا دروست بكەن. حكومەتێك لەچوارچێوەیەكدا كە هەركات حەزیان لێبوو لەكاری بخەن و ڕیگە لەهەناسەدانی سیاسی و ئابووری بگرن. لەپڕۆژەكەی سەرۆكی ئەمریكادا هاتوە كە ٥٠ ملیارد دۆلار هاوكاری پێشكەش بەو حكومەتی فەلەستین دەكرێ، دیارە ئەو ڕێژە پوڵە بەرچاوە بۆ دڵخۆش كردنی فەلەستینیەكان و هەورەها بەمەبەستی سەلماندنی ئەو ڕاستیە بەفەلەستینیەكانە كە حكومەتی ئەمریكا جیددیە لەجێبەجێ كردنی پڕۆژەی سەدە كە وەك دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاندوە پەنجا بە پەنجا بۆ فەلەستینیەكان وئیسرائیلە.
ناوەرۆك و ئامانجی پڕۆژەكەی حكومەتی ئەمریكا بە چ مەبەستێكە بابەتێكی دیكەیەو دەكرێ بەجودا لەسەری بدوێن بەڵام مەبەستی سەرەكی ئەم بابەتە ئەوەیە كە هەلومەرجی فەلەستینیەكان بۆچی گەیشتۆتە ئەم قۆناغە. كاتی خۆی و لە ساڵی ١٩٤٧ چ هۆیەك هەبوو كە فەلەستینیەكان رازی نەبوون ئیسرائیل وڵاتی دراوسێیان بێ؟ چ نهێنی و چ گرینگیەکی تێدا بوو كە بریارنامەی ١٨١ كۆمەڵی گشتی نەتەوە یەكگرتوەكانیان قەبوڵ نەكرد؟ ئەگەر چی لەو بڕیارنامەدا مافی تەواو نەدرابوو بەفەلەستینیەكان بەڵام بەشێكی زۆر لەویستەكانیانی تێداگونجێندرا بوو. بێگومان لەئێستادا بەشی زۆری خەڵكی فەلەستین و سیاسیەكانی پەشیمانن لەقەبوڵ نەكردنی ناوەرۆكی بڕیاڕنامەی ١٨١ نەتەوەیەكگرتوەكان. لەدوای ئەوە جیهانی عەرەب بێبیركردنەوەی دروست، كەوتنە بەرپەرچ دانەوەی ئەو بڕیارنامەیەی كۆمەڵی گشتی نەتەوەیەكگرتوەكان كە لەئاكامدا توندو تیژی و روبەڕوبوونەوی قورس لەنێوان فەلەستینیەكان و ئیسرائیلدا دروست بوو، كە بەشێكی زۆر لەسەرمایەو شۆێنی ژیانی خەڵك سوتاو وێران بوو.
لە ١٥ ی مانگی مەی ١٩٤٨ئیسرائیل سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیاندو ئینگلستان چاودێری خۆی لەسەر فەلەستین هەڵگرت ئەوەش لەكاتێكدا بوو كە ئیسرائیل تازە پێك هاتبوو، زۆربەی وڵاتانی عەرب بەهەلیان زانی و هێرشیان كردە سەر ئیسرائیل بەڵام سەركەوتو نەبوون.
گومان نیە فەلەستین بۆتە مۆرەی گەمە كردنی سیاسی دەستی وڵاتانی خاوەن هێزی وەك ئەمریكا و ڕوسیە لەهەمانكاتدا بۆتە مۆرەی گەمەی وڵاتانی ناوچەكەو هەروەها ڕێكخراوە توندڕەوە بێ تەگبیرەكانی عەرەب.
ئەو مەعامەلەیەی چەند ڕۆژ لەوەپێشی دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاند، روداوێك و مەعامەلەێكی نۆێ و جیاوازە لەنەوعیەت و شێوەكەیدا بەڵام لەمێژووی كێشەی فەلەستیندا مەعامەلەو سات و سەودای زۆری دیكەی لەسەر كراوە. دروشمە زریقەو بریقەدارەكانی سەرۆك و سەركردەكانی عەرەب بۆ دیفاع لەخەڵكی فەلەستین تەنیا بۆ مەسرەفی ناوخۆیی خەڵكی وڵاتەكانیان و ڕاكێشانی پشتیوانی خەڵك لەخۆیان و هەوڵ بۆ مانەوەی حكومەتەكەیان بووە. حكومەتی وڵاتانی عەرەب ئەگەر لەڕۆژانی سەرەتای پێكهاتنی ئیسرائیل بەشێوەی جیددی دیفاعیان لەفەلەستین كردبێ لەساڵانی دواییدا دیفاع لەفەلەستین و دژایەتی ئیسرائیل تەنیا لەچوارچێوەی دروشمدا بوەو تەنانەت زۆربەی وڵاتانی عەرەب پێوەندی دیپلۆماسی و ئابووریان لەگەڵ ئیسرائیل دروست كردوە.
لەلایەكی دیكەوە ڕێكخراوە توندڕەوە عەرەبیەكان و هەروەها ڕێكخراوە توندڕەوە مەزەهبیەكانیش بەهەڵگرتنی دروشمی گەورە كە كەمتر لۆژیكی و لەچوارچێوەی كردەوەدا بوو، نەك نەبوونە هۆی بەرەو پێش بردنی دۆزی فەلەستین و گەیشتنی خەڵكی ئەو وڵاتە بەمافەكانیان بەڵكوو بوونە هۆی تێكچوونی زیاتری هەلومەرجەكەو زیاتر دوور كەوتنەوەی ئاسۆی چارەسەری كێشەی فەلەستین.
بەهاتنە سەركاری ڕژیمی ئاخوندی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ زایینی، دەوریەكی نۆێ لەدروشمی هەڵخەڵەتاندن و فریوو چاوبەست، بەناوی دیفاع لەفەلەستین هاتەئاراوە كە دەكرێ قۆناغی بەناو دیفاعی چل ساڵەی ڕژیمی ئێران لەخەڵكی فەلەستین بەكارەساتبارترین قۆناغەكان بژمێرین. ڕژیمی ئێران بۆ جوڵاندنی هەستی خەڵكی عەرەب و بەتایبەت فەلەستینیەكان دەستی دایە پڕوپاگەندەی بەناو ڕزگاری قودس لەدەست ئیسرائیل و تەنانەت بۆ تەوجیەكردن و ڕەوایی دان بەدرێژەدانی شەڕ لەگەڵ عێراق، باسی لەرزگاری قودس لەرێگەی كەربەلاوە دەكرد. هەر ئەو ڕژیمە بەدروستكردنی چەندین دەستەو تاقمی ترۆریستی لەناو خاكی فەلەستین و لەلوبنان، بە ناوی دژایەتی لەئیسرائیل كارێكی كرد كێشەی فەلەستین وناسنامەو ڕەوایی ئەو وڵاتە زیاتر بكەوێتەگێژاوی گەمەی سیاسی ناوچەیی و جیهانی و ئەو هەلومەرجەی تووش ببێ كە هیچ مرۆڤێكی خاوەن هەست لەجیهاندا و تەنانەت مرۆڤە خاوەن هەستەكان لەئیسرائیلیش خوازیاری نین.
بێگومان كاتێك ژمارەیەك لەفەلەستینیەكان هیلكەی خۆیان بخەنە سەبەتەی رڕژیمی ئێران و هەروەها چارەنووسی وڵاتەكەیان ببەستنەوە بەو ڕژیمە نەك داهاتووی خەڵكی فەلەستین روون نابێ و گەیشتن بەئامانجەكانیان نزیك نابێ بەڵكو فەلەستین لەئێستا زیاتر دابەش دەبێ و هەر ئەوەی كەدەسەلاتێك لەناوچەی غەززە هەیە بەو نەوعە بیركردنەوە تایبەتەی و نزیكی لەڕژیمی ئێران وهەروەها حكومەتێك لەڕاموڵا هەیە، بەشی سەرەكی دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر ئاڵۆز بوونی كێشەی فەلەستین و نەبوونی سەربەخۆیی و یەكدەنگی سیاسی لەفەلەستیندا.
لەكۆتاییدا نابێ ئەو ڕاستیە نەخەینە بەر چاو كە تا ئەو كاتەی فەلەستینیەكان یەكگرتوونەبن و هەروەها لەبڕیاردان لەچارەنووسی سیاسی خۆیان سەربەخۆ نەبن، هەلومەرجیان لەوە باشتر نابێ و هەمیشە وەك هۆیەك دەمێننەوە بۆ مەعامەلەی نێوان وڵاتانی خاوەن هێزو و هەروەهاحكومەتە عەرەبیەكان، كە لەئێستادا گرینگترین ئامانجی ئەو حكومەتانە قازانج ویستی و بەرژەوند خوازیە.
دوا وتە، مەعامەلەی سەدە مەعامەلەێكە كە بەزیانی خەڵكی فەلەستینەو ئەگەر هەوڵ نەدەن بەشێوەێكی ژیرانە هەڵس و كەوتی لەگەڵدا بكەن، دیسان دەكەونە قۆناغێكی سەختتر لەوی لەئێستادا پێدا تێدەپەڕن.

