هاونیشتمانیانی كوردستان!
گەلانی خەباتكاری ئێران!
نەورۆز "هەوێنی ڕزگاریی" جێژنی نەتەوەیی كوردو گەلانی ئێران و ساڵی نوێی لەهاونیشتمانیانی كوردستان و خەڵكی ئێران، كادرو پێشمەرگەو ئەندام و لایەنگرە قارەمانەكانی سازمانی خەبات لەناوخۆی كوردستانی ئێران، كادرو پێشمەرگەو ئەندام ولایەنگرە تێكۆشەرەکانی ئاشكرای سازمانی خەبات و خانەوادەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی پیرۆزبێ.
جێگەی دڵخۆشیە كە هاونیشتمانیانی خۆراگری كوردستان لەڕۆژەكانی كۆتایی مانگی ڕشەمە، بە سازدانی كەرنەفاڵی جیاجیا لەشارو دێ‌كانی كوردستان، بەجۆش خرۆشی كەم وێنە بەرەو پیری نەورۆز چوون.
پێشوازی كەم وێنەی جەماوەری كوردستان لەجێژنی نەورۆزو ساڵی نوێی، پەیامی بەردەوام بوونیانە لەخەبات و بەرخودانی شێلگیرانە دژ بەدەسەڵاتدارانی ڕژیمی دیكتاتۆری ئاخوندی و سەلماندنی ئەو ڕاستیەی كە خەڵكی كوردستان بۆ گەیشتن بەمافەكانی و گەیشتن بە ئازادیی، لەشكەنجە، ئیعدام وهەڕەشە ناترسن. جەماوەری قارەمانی كوردستان جارێكی دیكە لەگەڵ شەهیدان لەگەڵ پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان پەیمانیان نۆێ‌ كردەوە كە بەردەوام دەبن لەخەباتی ڕزگاریخوزایی و ئازادیخوازیی و خەبات دژی ڕژیمی گەندەڵ و تاوانكارو دیكتاتۆری ئاخوندیی.
هاونیشتمانیانی تێكۆشەر!
لەساڵی ڕابردوودا گەلانی ئێران و بەتایبەت گەلی كورد بەدرێژەدان بەتێكۆشان دژ بە ڕژیمی ئاخوندی و بەردەوام بوونیان لەشۆرشی ژیناو گیان فیدایی و نەسرەوتن، ڕێگای ڕزگاری و ئازادی یان بەئاوەدان هێشتەوەو ڕەوا بوونی شۆرشی مافخوازانە، ڕەوتی روخانخوزای و نەهێشتنی دەسەڵاتی دیكتاتۆری ئاخوندیان بەهێزو كاریگەرتر كرد.
ئەگەرچی دەسەڵاتدارانی ئەو ڕژیمە دیكتاتۆرە بۆ هێشتنەوەی دەسەڵاتەكەیان، دەستیان دایە توندترین و بێ‌بەزییانەترین شێوەكانی، سەركوت، شكەنجەو ئیعدامی تێكۆشەران و پەرە پێدانی ماشینی ترۆر لەناوخۆی ئێران و لەوڵاتانی ناوچەكەداو بەتایبەت لەعێراق و هەرێمی كوردستان وموشەك بارانكردنی خەڵكی بێ‌تاوان و شەهیدكردنی دەیان كەس، بەڵام نەیانتوانی بەردەوام بوونی جەماوەری ئازادیخوزای ئێران و كوردستان لەشۆرشی هەمەلایەنە، كۆتایی پێ بێنن. گەلانی ئێران لەگەڵ بە بایكوتی شانۆی هەڵبژاردنی مەجلیسی شۆڕای ئاخوندەكان و مەجلیسی خوبرەگان، باسی وتوێژو دانوستان لەگەڵ دەسەڵاتی ئاخوندی و هەروەها بەڕەد كردنەوەی كوڕی شا، (دروشمی نە شا نە ئاخوندی جینایەتكار) ئەو دوو بژاردە سەقەت و زیانبارەیان بە نەشیاو دژبە قازانجی گەلانی ئێران ناساندو جارێكی دیكە نامەشروع بوونی دەسەڵاتی ئاخوندی و ڕەدكردنەوەی هەر ڕەوتێكی دیكتاتۆری دیكەیان دووپات كردەوە.
هاوكات لەگەڵ سەركوت و جینایەتی ئاخوندەكان بەرانبەر بەجەماوەری ئێران، فەسادی دەسەڵاتداران و دزینی سەرمایەی نەتەوەیی لەپەرەسەندن دایە، لەكاتێكدا كە گەلانی ئێران بە هۆی سیاسەتی دژمنانەو نەزانانەی ئاخوندەكان لە ساڵی ڕابردوودا لەگەڵ بێكاری، هەڵاوسانی ئابوریی، بەرەوسەرچوونی نرخی دەرمان وپێویستیە پزشكیەكان،بەرەوڕون و زۆربەی خەڵك پوڵی بۆ دابین كردنی خواردن و بۆ نەورۆز و بۆنەكانی دیكەی نیە و ئەو هەلومەرجە حەستەمەی کە خەڵكی ئێران تووشی هاتوە، بۆتە هۆی ئەوە كە ڕۆژ لەدوای رۆژ ژمارەی برسیەکان زیاتر بێت، کە  تەنانەت ڕۆژنامەو ڕاگەێندراوە حكومەتیەكان ئاماژەی پێی دەكەن. ڕۆژنامەی حكومەتی (ئاڕمان) لەژمارەی ڕۆژی یەكەمی ڕەشەمەدا، سەبارەت بەنەبوونیی و بێ‌ بازاڕی، نووسیویە، ئەو هەلومەرجە بۆتە هۆی ئەوە خەڵك هەست بەهیچ خۆشیەک نەكات و تەنیا لەبیری ئەوەدابێ‌ هەوڵ بۆ پەیداكردنی خواردن و پێداویستیەكانی ڕۆژانەی بدات. ناوەندی لێكۆڵینەوەی مەجلیسی ڕژیم لەمانگەكانی ڕابردودا ڕایگەیاند زۆر كەس بە تایبەت كرێچیەكان كەمترین كالۆری و وزەو هێز، بۆ مانەوەیان لەژیاندا پێدەگات.
بەو هەلومەرجە خراپ و نالەبارە ئابوریەی كە دەسەڵاتداران تووش خەڵكی ئێرانیان كردوە، هاوكات دزیی و تاڵانكردنی سەرمایەی گشتیی لەلایەن ئاخوندەكان، بۆتە دیاردەیەكی هەمیشەیی كە نوێترین دزیی و تاڵان كردنی سەرمایەی گشتی لەلایەن ئاخوند كازم سدیقی پێش نوێژی هەینی ڕژیم لەتاران و كوڕەكانی ڕویداوە كە ئەویش داگیر كردنی باخێكی ١٠٠٠ ملیارد تمەنی بووە. هەروەها ڕێكخراوی شەفافیەتی نیونەتەوەیی ڕایگەیاندوە لەساڵی ٢٠٢٣ ئێران لە نێوان ١٨٠ وڵاتدا، لەڕیزبەندی ١٤٧ مین وڵاتە بە لایەنی فەسادو گەندەڵی و لەڕیزی وڵاتانی ئۆگانداو ئەفغانستان دایە. 
هاونیشتمانیانی بەڕێز!
خەباتكارانی ڕێگەی ئازادی!
ڕۆڵەكانتان لەڕیزەكانی سازمانی خەبات بەپێبەند بوونیان لەسەر فەلسەفەی خەباتی نیشتمانی و نەتەوەیی، ئەو فەلسەفە نەتەوەی و نیشتمانیەی کە تێدەكۆشی بۆ تەواوی چین و توێژەكانی كۆمەڵگەی كوردەواری و هەوڵ بۆ نەهێشتنی ناكۆكی و كێشە لەنێوان پیكهاتەكانی دەدا، ئەو ڕێبازو باوەڕەی هەوڵ بۆ دروستبوونی ڕۆحیەی هاوكاری و یەكدەنگی و یەك هەڵوێستی هەموو بیروباوەڕەكان لەپێناو كوردستانێكی ئازاد و ئاوەدان و گەیشتنی گەلی كورد بەمافەكانی و كوردستانی بووندا کە هیچ چین و دەستەیەك بەبیانوی باوەڕ، ڕەگەز، ئایین، پەراوێز نەخرێ‌ و ڕێگە بگرین لەبەرنامەو سیاسەتە هەڵەكانی سەرەتای جوڵانەوەی مافخوازانەی خەڵكی كوردستان كە كۆمەڵگەی كوردستانیان دابەش كردو ناكۆكی و ناتەباییان لەناو خەڵكدا پەرە پێدا.
كوردستان نیشتمانی تێكڕای دانیشتوانیەتی بە تێكڕای بیرو باوەڕەكانیەوەو دەبێ‌ هوڵی كاریگەر بدرێ‌ تا هیچ لایەن و هیچ دەسەڵاتێك نەتوانێ‌ بە بیانووی بوونی باوەڕێكی دیاری كراو، ناكۆكی و ناتەبایی دروست بكات و بەشێك لە كوردستانیان بۆ ئامانج و بیروباوڕی دەستەیی و گروپی بەكاربێنێ‌.
بێگومان زامن بۆ سەركەوتنی فەلسەفەو بیری نەتەوەیی و نیشتمانی ڕیشەدارو بێ‌ خەوش كە هەمووان هان دەدات لە خزمەت كوردستان و ویستە نەتەوەییەكاندا بن،خودی چین و توێژەكانی جەماوەری كوردستانن. ئاشكرایە بەجێگیركردنی خەتی نیشتمانی و نەتەوەیی ڕێگە دەگیرێ‌ لە بەفیڕۆدانی هێزو توانای كوردستانیان و هەروەها ڕێگە دەگیرێ‌ لەپیلانگێڕی دژمنانی كورد.
جەماوەری دڵسۆزی كوردستان!
هۆگرانی ڕێبازی پیرۆزی سازمانی خەبات!
لەم بۆنە پیرۆزەدا هاوخەمی و پەژارەم بۆ كەس و كاری شەهیدانی شۆڕشی ژیناو شۆڕشی ئازادیخوازی لەبەرانبەر دەسەڵاتی دیكتاتۆری ئاخوندی پێشكەش دەكەم.
سپاس و قەدرزانیم پێشكەش بەجەماوەری شارو ناوچە جیاجیاكانی كوردستان كە هەمیشە پێشڕەو ئازاو نەبەز بوون و بەشێوەیەكی سەردەمیانەو بەبێ‌ ترس لەدەسەڵاتدارانی ڕژیمی ئاخوندی لەپێناو هاتنە دیی ئامانجە ڕەواكانیان تێكۆشاون و گیان بازیان كردوە.
بەم بۆنە پیرۆزەوە داوا لەسازمان و حیزبە كوردستانیەكان دەكەم لەپێناو ئامانجەكانی خەڵكی كوردستان و بۆ بەهێزكردنی خەبات دژبە ڕژیمی دیكتاتۆری لەئێران، ڕەوتی هاوكاریی و یەكدەنگی پەرە پێی بدەین و پێشنهاد دەكەم ئەنجومەنێكی ڕاوێژكاری لەنێوان هێزەكانی كوردستانی ئێران پێكبهێنین كە ئەو ئەنجومەنە بتوانێ‌ هێزە سیاسیەكانی كوردستان لەخۆیدا كۆبكاتەوە تا بۆ پرسە گرینگ و حەستەمەكان پێكەوە ڕاوێژبكەن و بڕیاڕی پێویست یان لەبارەوە بدرێ.
سازمانی خەبات لە ساڵی نوێ ١٤٠٣دا بەردەوام دەبێ‌ لەتێكۆشانی شێلگیرانەو هاوكاری و یەكدەنگی لە گەڵ هێزە تێكۆشەرە كوردستانیەكان و هەروەها بە بەردەوام بوونی هاوپمانی لەگەڵ سازمانی موجاهیدینی خەڵقی ئێران و سووربوونی لەسەر تێكۆشانی شۆرشگێرانە بۆ ڕوخانی ڕژیمی ئاخوندی و دامەزرانی دەسەڵاتی دیموكڕاتێك لەئێراندا كە سەقامگیری و ئاوەدانی و مافەكانی گەلانی ئێران و گەلی كورد دابین بكات پێداگری دەكات. 
سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران
سكرتێری گشتی
بابەشێخ حوسەینی
نەورۆزی ١٤٠٣ ی كۆچی خۆری