لەكۆتایی مانگەكانی ساڵی ١٩٨٨ زایینی لەگەڵ دوو هاوڕێی دیكەم، كاک ڕەشید سلێمانی(كانی مامری) و كاک حەسەن محەممەدی بۆ ماوەی ١٥ پازدە مانگ لەبەندیخانەكانی بەغدادی پێتەختی عێراق بەبێ‌ هیچ تاوانێک زیندانی كرابووین. 
ئەوەندەی لەبیرمە لەمانگی ٣ی ساڵی ١٩٩٠ زایینی ئازادكراین. هەم لەپێش بەندكردنم و هەم لەو كاتەی لەبەندیخانە بووم، ئیدارە ئەمنیەتیەكانی عێراق و بەتایبەت (مخابرات) هەوڵیان دەدا كە من لەڕێگەی ڕاستی كوردایەتی و ئازادیخوازی و شۆڕشی ڕەوا لەبەرانبەر دەسەڵاتی ئاخوندی ئێران بەلاڕێدا بەرن و هاوكاریان بكەم. 
بەڵام وەڵامی توندی من لەبەرانبەر داواكانیان، بووە هۆی ئەوە بكەومە بەر فشاریان.
ساڵی ١٩٨٨ زایینی كە لەزیندانی حكومەتی بەعسدا بووم، موخابەرات (بەشی ئەمنیەت) داوایان لەسازمانی خەبات كرد لەبەرانبەر ئازاد كردنمدا كەسێک بە ناوی محەممەد باجەلان كە خەڵكی كوردستانی عێراق و خەڵکی دەوروبەری خانەقین بوو کە لەسازماندا پێشمەرگە بوو تەحویلیان بدرێ‌. 
لەگەڵ ئەوەی سازمان لەهەلومەرجێكی زۆر خراپدا بوو و گەلێک فشاری لەسەر بوو، چەند بەرپرسی سازمان هاتنە لام بۆ زیندان لەبەغداد و داواكەی موخابەراتیان پێ‌ڕاگەیاندم بەمەبەستی وەرگرتنی نەزەر و بۆچوونی من و وتیان عێراق داوادەكات محەممەد باجەلانیان تەحویل بدەین لەپێناو ئازاد كردنی تۆ و دوو هەڤاڵەکەتدا.
لەوەڵامدا پێم وتن ئەگەر تەنانەت بیانهەوێ‌ ئیعدامم بكەن نابێ‌ بۆ ڕزگاركردنی من هیچ كەسیان تەحویل بدرێ‌ و من تەحممولی هەموو سەختی و ناخۆشیەک دەكەم، بەڵام ئامادە نیم ژیانی خۆم بەلەناوچوونی كەسی دیكە ڕزگار بكەم.
لەدوای ئازاد كردنیشماندا، هەیئەتێكی موخابەراتی عێراق بە سەرپەرەستی باوكی ڕەعد ( ابورعد) لەهاوینی ساڵی 
١٩٩٠ هاتنە بنكە سەركردایەتی سازمانی خەبات لەشێبان لەنزیک گوندی سەركەپكانی سەر بەشاری ڕانیەو جارێكی دیكە داوای كرد محەممەد باجەلانیان تەحویل بدەین، لەوەڵامدا پێم وتن بەهیچ شێوەیەک تەحویلتان نادەین بەو بیانوەی كە محەممەد باجەلان خەڵكی كوردستانی ئێرانەو عێراقی نیە. ئەوانیش بەڵگەیان دەهێنایەوە كە باجەلان عەشیرەتێكی عێراقیەو زۆربەی ئەو عەشیرەتە لەدەوروبەری كەلار و خانەقین نیشتەجێن.
ڕۆژەكان بەسەختی تێدەپەڕین و سازمانی خەبات لەهەلومەرجێكی گەلێک خراپدا بوو چونکە نەبوونی و بێ‌ ئیمکاناتی، تەنگی پێهەڵچنیبووین و دەبوو بەرانبەر پیلانەكانی ڕژیمی ئێران و فشارەكانی حكومەتی بەعس خۆڕاگری بكەین هەر بۆیە زۆر قورس و سەخت بوو ئەو ڕۆژانە.
لەبەهاری ساڵی ١٩٩١ زایینی لەسەرانسەری عێراق و کوردستان، ڕاپەڕین لەدژی حكومەتی بەعس ڕویداو كوردستان ئازاد بوو چەند ڕۆژ بە سەر ئازاد بوونی كوردستانی عێراق تێپەڕیی، محەممەد باجەلان هاتە لام و وتی من لێرە دەڕۆم و هەر تۆزێک سپاسی كردین كە ئەو ماوە پەنامان داوەو گیانمان پاراستوە. سپاسەكەی بارتەقای تەنانەت یەک ڕۆژ فشارەكانی حكومەتی عێراق بۆ سەر سازمانی خەبات و یەک شەو ڕۆژ لەسەختیەكانی من و هاوڕێیانم لەزیندانی عێراقدا نەبوو!!.
لەسەرەتادا بەهەڵوێستی محەممەد باجەلان زۆر ناڕەحەت بووم، بەڵام دوایی بیرم كردەوە كە ئێمە لەپێناو ئازادی تێدەكۆشین و ئەگەر كەسانێک نرخی تێكۆشانەكەمان نەزانن، بەو حاڵەش لەنرخی بەرخودان و فیداكاری و نەبەزیمان كەم نابێتەوە، بەتایبەتیش كە سازمانی خەبات و کادرو پێشمەرگەکانی و خانەوادەی ئێمەو خۆم، لەڕابردووشدا لەوەڵامی گەلێک چاكەو خزمەتدا، بێ‌وەفایی و پێ‌نەزانینی دیكەمان لەكەسانی دیكە لەكوردستانی عێراق و لەشۆێنی دیكە دیبوو.
سەرەڕای ئەوەی ئەو گشتە سەختیەی لەپێناو محەممەد باجەلان بەسەرماندا هات ئەو بەهێندی وەرنەگرت. هومێدوارم محەممەد باجەلان ئەو بە سەرهاتەی بۆ خانەوادەو خزمانی گێرابێتەوە كە سازمانی خەبات و من، لەپێناو ڕزگاری و ئازادی و لەپێناو گەیشتن بەمافەكانی گەلی ستەملێكراوی كورد و لەخەبات لەبەرانبەر ڕژیمی دیكتاتۆری ئاخوندی و هەموو دیکتاتۆرەکاندا چەندە خۆڕاگرین.
بابەشێخ حوسەینی
٨ی بانەمەرێ‌ ١٤٠١ی كۆچی خۆری
٢٨ ی ئاوریلی ٢٠٢٢ زایینی