ڕژیمی ئاخوندی دەسەڵاتێكی دیكتاتۆرو جینایەتكاری مەزهەبی دواكەوتوە كە لەدوای بە دەسەڵات گەیشتنی، وێرانی، گرانی، جینایەت، زیندان، شكەنجە، ئیعدام، وێرانی و جەنگی بۆ خەڵكی ئێران بەدیاری هێناوە.
بەرپرسانی ئەو ڕژیمە دیكتاتۆرە بۆ مانەوەیان لەسەردەسەڵات، قێزەونترین و بێ بەزییانەترین جینایەت لەبەرانبەر هاونیشتمانیانی كوردستان و تێكڕای خەڵكی ئێران ئەنجام دەدەن و لەماوەی ٤٣ ساڵ دەسەڵاتی دیكتاتۆرانەیان چەندین كۆمەڵكوژیان لەشارو ناوچەكانی كوردستان و ئێران ئەنجامداوە كە یەكێك لەو جینایەتە سامناك و دڕندانانە، ئیعدامی ٥٩ لاوی قارەمانی شاری مەهابادی سەربەرز لە ١٢ ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٦٢ كۆچی خۆری بوو.
لەیادی ئیعدامی ئەو لاوە بێتاوانەدا جارێكی دیكە دووپاتی دەكەمەوە كە هاتنە دیی ئامانجی شەهیدان، بەڕەد كردنەوەی وتوێژ لەگەڵ ڕژیمی دیكتاتۆرو ڕەدكردنەوەی دانیشتن لەگەڵ دەستوپێوەندەكانی ڕژیمی شای جینایەتكارو هەروەها تێكۆشان و خەباتی هەمەلایەن بۆ روخانی دەسەڵاتی ئاخوندی وەدیی دێ.
لەساڵیادی ئیعدامی ٥٩ لاوی بێتاوانی شاری مەهاباد سڵاو دەنێرم بۆ ڕۆحی بەرزی ئەو شەهیدە سەربەرزانە كە بەگیان بەخشی و شەهادەتیان ڕەوایی خەباتی مافخوازانەی گەلی كوردو ڕەوایی شۆڕش و تێكۆشان بۆ ڕوخان و لەناوچوونی دەسەڵاتی ملهوڕی ئاخوندیان ڕەوایی پێدا.
هەزاران سڵاو لە ڕۆحی ٥٩ لاوی شەهیدو قارەمانی شاری مەهابادو تێكڕای شەهیدانی ڕێگەی ئازادی و سەرفرازی گەلی كوردو گەلانی ئێران.
بابەشێخ حوسەینی
١٢ ی جۆزەردانی ١٤٠٤ كۆچی خۆری
لەساڵڕۆژی ئیعدامی ٥٩ لاوی شاری مەهاباد
- توضیحات
- By بابەشێخ حوسەینی
- بەش: سكرتێری گشتی
- بینراوە: 11

