لەدوای هێرشی چەكدارانی حەماسی فەلەستین بۆ سەر ئیسرائیل لە ۷ ی ئۆكتۆبری ساڵی ۲۰۲۳ و كوژرانی زیاتر لە ۱۲۰۰ كەس لەخەڵكی ئیسرائیلی و غەیرە ئیسرائیلی، چەخماخەی جەنگێكی نوێی لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاست لێدرا. ساڵێك لەوە پێش كە ڕێبەرانی حەماس بە هاندان و پشت گەرمی دەسەڵاتدارانی ڕژیمی ئێران، بڕیاڕی هێرشیان بۆ سەر ئیسرائیل دەركردو چەكدارەكانیان توانییان هەموو بەربەرستەكان تێكبشكێنن و بچنە ئەو ناوچەیە كە ئیسرائیل بەخاك و سنووری خۆی دەزانێ، لەئاكامی ئەو هێرشەدا جیاواز لەكوژرانی دەیان ئیسرائیلی ۲۵۰ كەسیش بە دیل بگرن. دیارە ئەو كات و ئێستاش، حەماس ئەو هێرشەیان بە سەركەوتنێكی گەورەوكەم وێنە دەزانی و دەزانن و پێی یان وابوو ئیسرائیلیان تووش شكستێكی گەورە كردوەو بێهێزی و بێتوانایی ئیسرائیل یان وەدەرخستوە. لەڕاستیدا تەنیا سەرانی حەماس هێرشی ۷ ی ئوكتۆبریان پێی گەورەو سەركەوتوو نەبوو بە ڵكوو زۆربەی شارەزایانی سەربازی ووڵاتانی عەرەب و شارەزایانی سەربازی لەوڵاتانی دیكە هێرشی چەكدارانی حەماس یان پێی گرینگ و سەركەوتوو بوو.
وەك ئاماژەو بەراوردەكانی ژمارەیەك شارەزای عەرەب و لێدوانەكانی سەرانی حەماس دەری دەخست، ئەوان ئیسرائیلیان پێی لاوازو بێ تواناو بە سەركەوتنەیان شاگەشكەو دڵخۆش بوون. بەڵام زۆری پێی نەچوو ئیسرائیل بڕیاری هێرشی بۆ سەر غەززە دەست پێی كردو خەسارەتێكی زۆری لەحەماس داو دەیان چەكداری ئەو هێزەی لەناوبردو هەروەها بەداخەوە دەیان هاووڵاتی بێتاوانی فەلەستینی لەغەززە كوژران و بوونە سووتەمەنی جەنگ و بەشی زۆری خانوو و شوێنی ژیانیان وێران بوو. لەڕاستیدا ئەو هێرشەی حەماس لەسەركەوتنەوە بووە شكست و كوژرانی ئیسماعیل هەنییە لەناو جەرگەی تاران و لەكاتێكدا میوانی خامنەیی ودەسەڵاتی ئاخوندی بوو و هەروەها كوژرانی دەیان بەرپرسی حەماسی بەدواوە بوو.
بێگومان هێرشی چەكدارانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل كە لەڕەزبەری ساڵی ۱٤۰۲ كۆچی خۆری ڕویدا، بووە سەرەتای ئاڵۆزیەكی كەم وێنەو نزیك بوونەوەی جەنگی هەمەلایەن و بەرین لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاست. ئەگەر سەركردەكانی حەماس ژیر بوونایە، دەبوو لەڕژیمی ئاخوندی ئێران دووریان بكردایەو نەكەوتنایە داوی پیلانەكانی ئەو ڕژیمەی كە مانەوەی خۆی لەجەنگ و ئاژاوەدا دەبینێ. حەماس دەبوو لەگەڵ حكومەتی فەلەستینی بە سەرۆكایەتی مەحمود عەبباس یەكیان بگرتایەو لەپێناو ئامانجەكانی تێكڕای خەڵكی فەلەستین خەباتی سیاسی ئامانجداریان بكردایە نەك بەشێكی خاكی فەلەستین یان بۆ خۆیان بڕ بدایەو حكومەتی غەززەیان پێك بهێنایەو گەلی فەلەستین یان دوولەت بكردایە.
ئەگەر ئیسرائیل بە وژمنی خەڵكی فەلەستین و ئامانجەكانی بزاندرێ لەهەمان كاتدا ڕژیمی ئاخوندی دەسەڵاتدار لەئێران دژمنی سەرەكی و گەورەی خەڵكی فەلەستین و وڵاتانی عەرەب و موسڵمان لەناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە. دەسەڵاتدارانی ڕژیمی ئێران خەو بە ڕێبەرایەتی كردنی جیهانی ئیسلامەوە دەبینن و بۆ هاتنی دیی ئەو ئامانجەیان، كار بۆ لاواز كردنی دەسەڵات و حكومەتەكانی ناوچەكە دەكەن.
لەئاكامدا ئەو ڕاستیە دەركەوت كە هێرشی هێزەكانی حەماس لە ۷ ی ئوكتۆبری ۲۰۲۳ بۆ سەر ئیسرائیل، بووە هۆی لاوازی حەماس و دەركەوتنی هێزی ئیسرائیل و بەجۆرێك ڕەوایی دان بە هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە.
لەڕاستیدا باشترین چارەسەر بۆ ڕێبەران و بەرپرسانی ژیرو ئاشتیخوزای حەماس ئەوەیە كە لەڕژیمی ئاخوندی ئێران دوور كەونەوەو هەوڵ بدەن یەكیتی و تەبایی لەنێوان خەڵكی فەلەستین و لەگەڵ حكومەتی فەلەستیین پێك بێنن و كار بۆ بەڕەسمی ناسینی حكومەتی شەرعی فەلەستین و كۆتایی هاتنی مەینەتی و ئازارەكان لە سەر خەڵكی فەلەستین بكەن.
لەناو بردنی ئیسرائیل یا زیان گەیاندن بە فەلەستین
- توضیحات
- By بابەشێخ حوسەینی
- بەش: سكرتێری گشتی
- بینراوە: 9

