شەهید كاك تەوفیق نمونەی خەباتیە تیكۆشەرەكان بوو كە پیلانگێڕی دژمن و خەیانەتی نەیارانی سازمانی خەبات بەباوەڕتری كرد بەڕێبازی سازمانی خەبات. 

ره‌زبه‌ر بوو، پێشمه‌رگه‌كان به‌ دوای یه‌كدا به‌ ئارامی هه‌نگاویان هه‌لده‌گرت، روناكی مانگ له‌ سه‌ریان بوو، بێ‌ترس له‌دژمن به‌سام وهه‌یبه‌ت.
ئه‌وانه‌ شۆڕه‌سوارانی رێگه‌ی ئازادین، سه‌رقافڵه‌یان فه‌رمانده‌ شوانه‌یه‌. ئه‌و سەركردەیه‌ی دژمن له‌ناوی ده‌ترسا، خۆفرۆشان به‌بیستنی ناوی ته‌زووی سارد سه‌رتاپای له‌شیانی داده‌گرت.
پانزدەساڵ له‌وه‌ پێش بوو كه‌ شۆره‌لاوه‌كه‌ی رێبازی خه‌بات، ئه‌و كه‌سه‌ی له‌ته‌مه‌نێكی كه‌مدا، ساردی و گه‌رمی و ژیانی سه‌ختی شۆڕش و به‌رخودانی به‌گیان كریبوو وه‌ك زۆر كاتی دیكه‌ بۆ دژمن ببوه‌ بەڵای گیانیان و به‌بوونی ئازاری كاخ نشینانی سته‌مگه‌ری ده‌دا. 
به‌ڵی كاك ته‌وفیق بڵه‌سه‌نی، له‌مانگی ره‌زبه‌ردا، له‌و كاته‌ی هێشوی ترێ‌ له‌ره‌زو باخی گاكڕ و چه‌می ئاڵیازو بناری ئاربه‌با به‌ هه‌ڕزاڵی ره‌زه‌كاندا شۆڕ ببونه‌وه‌، ئه‌و و هه‌ڤالانی نۆبه‌ره‌ی ترێ‌ ئه‌و ساڵه‌یان كرد. به‌ڵام بۆ ئه‌و، خۆشی و شیرینی ترێ‌ ئه‌و كاته‌ تامی ته‌واوی ده‌دا كه‌ نیشتمان ئازادبێ و لەداگیركەر رزگاربووبێ، چوونكە ژیانی بن ده‌ستی و ژێرچه‌پۆكی پێ‌شه‌رم بوو.
هه‌ر ئه‌و ئیمان به‌ئازادی و بڕوا به‌ مانه‌وه‌ له‌سه‌ر رێبازی سازمانی خه‌بات بووه‌ هۆی ئه‌وەی‌ كه‌ سوور بێ‌ له‌سه‌ر به‌رده‌وام بوون به‌ئامانج ورێبازی كوردایه‌تی و سازمانی خه‌بات.
له‌یادی 15 ساڵه‌ی شه‌هاده‌تی پێشره‌وی مه‌یدانی نه‌به‌رد و ڕێبازی سازمانی خه‌بات و كوردستان سلاو درود بۆ رۆحی به‌رزی شه‌هید تۆفیق كه‌ریمپوور و شه‌هیدانی سازمانی خه‌بات و رێگه‌ی ئازادیی و رزگاری كوردستان.
پەیڤێك لەگەڵ شەهید تۆفیق!
تۆ مێرمنداڵ بووی کە هه‌ستی شۆڕشگێری و ئەوینی پێشمەرگایەتی لەدڵتدا رەگی داکوتابوو، هەربۆیە شوێن ئەوین و دوا هیوات کەوتی و لەبەردەڵانی قەڵای خەباتداو چەند ساعەتێک دورتر لەماڵ و کەس و کارت گیرسایه‌وه‌و چوویە ناو کۆڕی هەڤاڵانی خه‌باتكار.  پرسیاریان لێکردی کە چۆنە هاتووی ؟ وەڵامت دایه‌وه‌ بۆ پیشمەرگایەتی، هاتوم ببمە پێشمەرگە، پێشمەرگەی کوردستان. یەکەمین جار جوابیان کردی و رێ‌ یان نەدای. ئاخرهێشتا بەو گشتە تواناو ورەو لێهاتوویەی تۆیان نەزانیبوو. بەڵام خۆشه‌ویستی بۆ بوون بەپێشمەرگە و هەستی نیشتمانپەروەری ئیزنی نەدا، دڵە بچکولانەکەت لەبرا پێشمەرگەکانت برەنجێ و سووربووی لەسەر مانەوە.
کێ دەیزانی تۆفیقە چکۆل، كه‌ رازی نەبوون بەمانەوەی، دەبێتە ئەو قارەمانەی کە خەڵکی دێهات و شاری ناوچە جیاجیاکانی کوردستان شانازی پێوە بکەن، کێ بیری بۆ ئەوه‌ دەچوو رۆژێک دێ دژمن بەبیستنی ناوی ئەو بێچوە شێرە هێزی ئەژنۆی نامێنێ.
ئەو رۆژانەی کە کاک تۆفیقە چکۆل و زۆری دیکەی هەڤاڵانی وەک ئەو، لەسەنگەری دیفاع لەمەوجوودیەتی سازمانی خەبات و لەبەربەرکانێ لەبەرانبەر هێزی تەیارو پۆشتەی رژیمی ئاخوندی گیان فیداییان دەکرد، رۆژ و سەردەمانێکن کە بۆ هەمیشە وەک چۆڵەچرا، رووناکی دەدات و تاسەر دەبنە هەوێنی برایەتی و بەخەمەوەبوونی هاوباوەڕانی رێبازە پیرۆزەکەی سازمانی خەبات. ئەو رێبازەی چەقڵی چاوی دژمن و خۆشەویستی گەلە، ئەو سازمانەی چاوچنۆکان خەوی گولی پێوە دەبینن و نەیاران و حەسوودان سەریان بە ناو و رێبازی پاک و بێخەوشی کاس دەبێ و چاویان عەرز نابینێ.
کاک تۆفیقی بەرێز، شەهید و هەڤاڵ و هاوسەنگەر و شۆڕشگێرە خۆشەویستەکەم، بە شەهیدبوونت، خەفەت دایگرتین، بەبیرەوەرییەکانت بەلێهاتووییت، بەو ئەوینەی لەراست سازمانی خەبات لەدڵتدا ریشەی داکوتابوو، ئێستاش کۆری هەڤاڵان سەرسامن بەتایبەتمەندیە کەم وینەکانت.
بەراستی شەهادەتت، کۆست و خەسارەتێکی گەورە بوو لەکورد و سازمانی خەبات. شەهید بوونت کارەسات و موسیبەت بوو بۆ من و هەموو هاوبیرانت.
دڵنیابە، هاوباوەرانی رێبازە پیرۆزەکەت، رێبوارانی رێگەی سەرفرازی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران، بەردەوام دەبن لەتێکۆشان و کۆڵنەدان لەرێگەی پڕ لەسەروەری کوردایەتی و ئازادیخوازیی، لەسازمانی خەباتی تێکۆشەرو نیشتیمانپەروەر.
یادت بە خێر بێ و روحت ئاسودە بێ.
ژیاننامەی شه‌هید كاك تۆفیق كەریم پوور، ناسراو بە تۆفیق بڵەسەنی
شار ڕەشی پۆشیوە، دێ و هەموو ئەوانەی غەمی پێشمەرگەو شەهیدانی ئازادین ماتەم بارن وتازییەیان گێراوە، چیاو پێدەشت ولێرەوار، كانیاوەكان و زۆر شوێنی دیكە لەنیشتمانی رەنگین لەماتمدان، چونكە ئیتر بەدیداری هەڤاڵێكی دێرینمان كەهەر ساڵەو ئەگەر بۆ ماوەیەكی كەمیش بوایە، له‌لایان میوان دەبوو شاد نابنەوە، منداڵەكان و پیرولاوەكان، شەنگە بێریەكان، هەموو ئەوانەی بەقسەی خۆش وبیری پاك وشۆڕشگێری ماندووی رێی نیشتمان دڵخۆش دەبوون ئیتر جارێكی دیكە بەدیداری ناگەنەوە. بەڵێ ئیتر ئەو تۆفیق بڵەسەنیەی كە شارەزای هەموو دوڵ و لێرەوار و جێ حەوانەوەیێكی پێشمەرگە بوو، پڵنگی چیاو هەڵۆی تیژ باڵی پێ دەشت بوو، لەهەموو كۆیەك و لەهیچ كۆیەك نەبوو، ئیتر لەناومان نەما. چیا لەپێ دەشت دەپرسێ بیستووتە هەواڵی میوانە چەك و رەخت بەكۆڵ وئازاو بوێرەکەمان کە شەهید بووە؟ ئەویش بەدەست خوێریترین وخۆفرۆشترین خۆفرۆشەكانی نیشتمان، ئەو خۆفرۆشەی كەپێی وابوو كە بەیەكەم تەقە كاك تۆفیق دەخه‌جلێ وتوانای دەست كردنەوەی نامێنێ. بەڵام چەندە خەیاڵی خاو بوو ئەو خۆفرۆشە، هەر بەخەیاڵی خاوی كه‌ سه‌ركه‌وتوبووه‌ به‌ سه‌ر قاره‌مانی گه‌لدا سه‌رمه‌ست ببوو! به‌لام بەزوویی لەلایەن كاك تۆفیق كه‌ خه‌ڵتانی خۆێن بوو درایه‌ به‌ر ده‌ستڕێژی چه‌ك و هه‌ر زوو كۆتایی به‌تەمەنی روو ڕەشانەی هات.
بەداخی گرانەوە شه‌وی هەینی١١ ی رەزبەری ١٣٨٢ ی کۆچی خۆری كاك تۆفیق كەریم پوور لەئەنجامی مەئمووریەتی سازمانی لەنیزیک دێ سوورێن لەناوچەی بانە لەلایەن به‌كرێگراوێكی رژێم دەكەوێتە بەردەستڕێژی چەك وبەسەختی برینداردەبێ، كە بەبرینداریش ناخەجڵێ و دەستدەكاتەوە و سەرهەنگ پاسدارێكی ناوزراوی رژیم بەناوی ئەمیربەهرامی بەسزای خەیانەتی دەگەیەنێ، خۆیشی به‌هۆی سه‌ختی برینه‌كه‌ی، دوای چەند سەعاتێك شەهید بوو. بەڵام كاك تۆفیقی هەمیشە سەربەرزو خۆشەویستی ڕیزی شۆڕش وجەماوەر بۆهه‌میشه‌ سه‌ربه‌رزیی لەلای رێبوارانی رێگه‌كه‌ی و لەلای یه‌زدانی بەنەسیب بوو.