كۆتا مانگی هاوینی ساڵی ١٣٧٢ ی كۆچی خۆری لەگەڵ ژمارەیەك لەپێشمەرگە نەبەزەكانی سازمانی خەبات لەگەڕانی سیاسیدا بووین لەناوچەدا دەشتەتاڵی بانەو باسكی هەڵۆ و پەڕشە. دەستەیەك لەپێشمەرگەكان لەدێ پەڕشەو دەستەیەك لەدێی هەڵۆ دامەزرابووین.
من لەگەڵ ئەو دەستە پێشمەرگەیەی دێی هەڵۆ و لەماڵی مام عەبباس و دایكە مەلەك بووم. ژمارەیەك لەخەڵكی دێی هاتنە ماڵی مام عەبباس و قسەو باسمان لەبارەی سازمانی خەبات و شۆڕشی ڕەوای گەلی كورد و جینایەت و تاوانەكانی دەسەڵاتی ئاخوندی دەكرد. گوندەكانی دەوروبەری دێی هەڵۆ و پەڕشە، مۆڵگەو قەرارگای پاسدارو جاش و بەكرێگیراوی ڕژیمی لێبوو. دێی كۆخان(قۆخان) بنكەی سەرەكی هێزەكانی ڕژیمی لێجێگیرکرابوو. لەگەڵ ئەو چەند كەسەی خەڵكی گوندی هەڵۆ و دایكە مەلەك و مام عەبباس قسەمان گەرم كردبوو، لەناكاو دەنگی تەقەی تفەنگ و دەست ڕێژی چەك و تۆپ باران دەستی پێكرد، هەر زوو شەهید كاك عەبباس شكاك لەڕێگەی بێسیمەوە ئاگاداری كردم هێزێكی زۆری دژمن هێرشیان كردۆتە سەرمان. یەكەم تەقەو ڕوبەڕوبونەوە لەنێوان نیگەهبانەكانی پێشمەرگەو هێزی پێشڕەوی دژمن دەستی پێكرد. دژمن بە تۆپ و كاتیوشا دەوروبەری گوندی پەڕشەو هەڵوی دایە بەر هێرش. بە پێی قسەی خەڵك و زانیاریەكانی دوای جەنگ كە پێمان گەیشت، دژمن چەند ڕۆژ بوو ئامادەكاری كردبوو كە هێرشی بەربڵاو بكاتە سەر هێزی پێشمەرگەی سازمانی خەبات. تاكات تێ دەپەڕی دەنگی تەقەی چەكی دژمن و تۆپباران و كاتیوشابارانی سەنگەری پێشمەرگەكان زیاتر دەبوو بە جۆریك كە پێشمەرگەكانی جێگیر لەگوندی پەڕشە ناچار بوون پاشە كشە بكەن بۆ گوندی هەڵۆ، كە نێوانی ئەو دوو گوندە زۆرلێك نزیكن. بە گەرم بوونی زیاتری جەنگ و نزیك بوونەوەی دژمن بۆ پشت دێی هەڵۆ، من كە لەماڵی مام عەبباس و دایكە مەلەك دانیشتبووم و هەوڵمدەدا نیگەرانی و ترسم دەرنەخەم بەڵام لەناكاو دایكە مەلەك لیم وەدەنگ هات و وتی ئەرێ بۆ ناجوڵێ و خۆت ئامادە ناكەی، خۆ دژمن نزیك بۆتەوەو گەیشتۆتە پشت ماڵەکانی گوند. هیچ كات توڕە بوون و نیگەرانی و دلسۆزی دایكە مەلەك م لەبیر ناچێ، هاوكاری كردم و فیشەكدانەكەی دایە دەستم. كاتێك زانیم دایكە مەلەك زۆر نیگەرانە، پێم گوت هیچ نیەو هەر دۆعای بەخێرمان بۆ بكەن لەوەڵامی ئەو قسەیەمدا پێی وتم تۆ خۆشەویستی خەڵكی و خوای گەورە بت پارێزێ.
لەگەڵ ئەو چەند پێشمەرگەیەی لەماڵی مام عەبباس بووین هاتینە ناوەندی گوندی هەڵۆ و دەوری حەوزی گوند. گوێم لێبوو خانمێك بەپێشمەرگەكانی دەگوت بابەشێخ بۆ خۆی گولـلەبەندی پێی یە، دەبێ ئێوە زیاتر ئاگاداری خۆتان بن و شوێنی مەکەون.
پێشمەرگە قارەمانەكان بەلێزانی و نەبەزی لەروبەروبونەوەو جەنگێكی دەستەو یەخەدا، سەرەڕای ئەوە كە هێزی دژمن لەسەر تەپۆڵكەو بەرزاییەكان جێگیربوو و ئەوان زاڵ بوون بەسەر پێشمەرگەكاندا، بەڵام پێشمەرگە قارەمانەكان، فەرماندە شەهید كاك توفیق كەریمپور، شەهید كاك عەبدوڵا ئەحمەد پوور، شەهید كاك عەبباس شكاك،شەهید كاك ڕەحیم سەقزی، شەهید كاك شاخەوان سەردەشتی، شەهید كاك غەفور تاژاندەرەو تێكڕای پێشمەرگەكان لەنزیكەو هێرشیان كردە سەر هێزی زۆرو بۆری دژمن و تێكیان شكاندن و تەنانەت بنكە سەرەكی و پایەگا بنەڕەتیەكانیان لەگوندی كۆخان پێی بە جێ هێشتن.
بەخۆشیەوە لەو جەنگە قارەمانەدا پیێشمەرگەی سازمانی خەبات شەهیدی نەبوو بەڵام زۆربەی پێشمەرگەكان بەتیكە نارنجەك و تیكە تۆپ و كاتیوشاو گولـلەی دژمن بریندار بوون.
ئەو سەركەوتنە گەورەیەی هێزی پێشمەرگەی سازمانی خەبات بووە هۆی ترسی لەڕادەبەدەری دژمن و لەهەمانكاتدا دڵخۆشی خەڵك.
جێگەی داخە لەم ڕۆژانەدا دایكە مەلەك ئیبراهیمی دڵسۆزی پێشمەرگەو دڵسۆزی من لەشاری بانە كۆچی دوایی كرد. دایكە مەلەك خزمەتی زۆری بەخەڵك كردو هەروەها وەك دوكتورێكی تەجروبی و ئەزمونی لەبواری نەخۆشی ژنانە، چارەسەری نەخۆشی ژنانی كوردستان و زۆربەی شارەكانی ئێرانی كرد.
هەرزاران درود بۆ ڕۆحی پاكی دایكە مەلەك كچی خوالێخۆشبو حاجی مینەی بناویلەو خێزانی مام عەبباس قادری.
بیرەوەری شەڕێكی سەخت و وەفایەك بۆ دایكە مەلەك و خەڵكی قارەمانی دێی هەڵۆ
- توضیحات
- By بابەشێخ حوسەینی
- بەش: سكرتێری گشتی
- بینراوە: 10

