بە مەبەستی گۆشەگیرکردنی ئابووریی رژیمی ئێران، ئەمریکا هۆشداریی دەداتە چین و هاوپەیمانەکانی کە بەشداری لە هەڵمەتە نوێیەکەی دۆناڵد ترەمپدا بکەن.

ئەمریکا هۆشدارییەکی توندی داوەتە چین و وڵاتانی هاوپەیمانی، کە پێویستە بەشداری لەو هەڵمەتە نوێیەدا بکەن کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دژی حکومەتی ئێران دەستی پێکردووە. ئامانجی سەرەکیی ئەم هەڵمەتەش گۆشەگیرکردنی ئابووریی ئێران لەسەر ئاستی جیهانە.

ئەم هۆشدارییەی واشنتن لە کاتێکدایە، بڕیارە شی جینپینگ، سەرۆکی چین سەردانی ئەمریکا بکات و لەگەڵ ترەمپ کۆببێتەوە.

سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، پشتیوانیی لە لێدوانەکانی سەرۆکی وڵاتەکەی کردووە بۆ توندکردنی گوشارە ئابوورییەکان لەسەر رژیمی ئێران. بڕیاریشە ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وردەکاری و زانیاریی زیاتر لەم بارەیەوە بخاتە ڕوو.