سەرۆکی شارەوانیی مۆسکۆ ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو پایتەختی روسیە ڕووبەڕووی هێرشێکی بێپێشینەی درۆنی بووەتەوە کە تێیدا نزیکەی ٦٠٠ درۆن بەکارهێنراون. بەپێی زانیارییە فەرمییەکان، لە ئەنجامی هێرشەکاندا لە مۆسکۆ و ڕۆستۆڤ زیانی گیانی و ماددی کەوتووەتەوە.
سێرگی سۆبیانین، سەرۆکی شارەوانیی مۆسکۆ ڕوونکردنەوەی دا کە لە کۆی ئەو درۆنانەی بەرەو مۆسکۆ ئاراستە کرابوون، ٢٠١ درۆنیان لە ناوچەکانی دەوروبەری پایتەخت تێکشکێندراون. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە لانیکەم ٣ کەس لە پایتەخت بریندار بوون. ئەم هێرشە لە سەرەتای جەنگەکەوە بە یەکێک لە گەورەترین هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر مۆسکۆ دادەنرێت.
هاوکات، یوری سلیوسار، پارێزگاری ناوچەی ڕۆستۆڤ لە باشووری روسیە ڕایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکانی شەوی ڕابردوودا سێ کەس گیانیان لەدەستداوە و کەسێکی دیکەش بریندار بووە. بە گوتەی پارێزگارەکە، زیانێکی زۆریش بەر باڵەخانەکانی نیشتەجێبوون و ناوچە پیشەسازییەکانی قەزای کامینسکی کەوتووە.

