نرخی هەر کیلۆیەک مریشک تەنیا لە یەک ساڵدا لە سەدا ٢٤٦ زیادی کردووە، و لەم چەند ڕۆژەدا گەیشتووەتە ٤٠٠ هەزار تمەن. ئەمە لە کاتێکدایە کە وەزیری کشتوکاڵ دەڵێت: "ئێمە گەیشتووینەتە ئاستی هەناردەکردنی مریشک."

ئامارەکان لە وەزارەتی کشتوکاڵ ئەوە دەردەخەن کە خستنەبازاڕی مریشک لە جۆزەردانەوە تا گەلاوێژ، واتە کەمتر لە دوو مانگ، بە ڕێژەی لە سەدا ٢٥ دابەزیوە و لە ٢٣٠ هەزار تۆن لە جۆزەردانەوە گەیشتووەتە ١٧٤ هەزار تۆن لە مانگی گەلاوێژدا.

ئەمە لە کاتێکدایە کە غولامڕەزا نووری قزلجە، وەزیری کشتوکاڵ، سێ ڕۆژ لەمەوبەر وتبووی: "کێشەی کەمیی مریشک لە بازاڕدا بوونی نییە و ئێمە لە بەرهەمهێنانی مریشکدا گەیشتووینەتە خۆبژێوی و تەنانەت ئێستا هەناردەش دەکەین."

مریشک یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی پڕۆتین لە ئێراندا کە بەهۆی گرانیی زۆری گۆشتی سوورەوە، وەکوو جێگرەوە بەکاردەهات. لە بازاڕەکانی ئێراندا نرخی هەر کیلۆ گۆشتی سوور، زیاتر لە یەک ملیۆن و ٣٠٠ هەزار تمەنە. ئەم گرانییە کە ئێستا مریشکیشی گرتووەتەوە، گوشارێکی زۆری بۆ ئەو خێزانانە دروست کردووە کە مریشک تاکە بژاردەی خۆراکی گۆشتی بوو لەسەر سفرەکانیان.