بەپێی ڕاپۆرتەکان، لە ماوەی نێوان ٢ی گەلاوێژ تا ٢ی خەرمانان، هێزە ئەمنییەکانی ڕژیمی ئێران بە شێوەیەکی سەرەڕۆیانە لانی کەم ٦٢ هاووڵاتیی کوردیان لە شار و ناوچە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گرتووە و بەند کردووە.
بەپێی زانیارییەکانی ئەم ڕاپۆرتە، زۆربەی ئەم بەندکردنانە بەپێی ڕیزبەندی شارەکان بەم شێوەیە تۆمار کراون:
لە بۆکان ٩ کەس، مەهاباد ٨ کەس، مەریوان ٧ کەس، پیرانشار ٦ کەس، ئیلام ٦ کەس، میاندواو ٥ کەس، شنۆ ٥ کەس، ورمێ ٤ کەس، کامێران ٤ کەس، دیواندەرە ٣ کەس، سنە ٢ کەس، نەغەدە ١ کەس، تیکاب ١ کەس و لە کۆتۆل ١ کەس لە لایەن هێزەکانی ڕژێمی ئێرانەوە گیراون.
لە نێوان ئەو کەسانەی لەم ماوەیەدا بەند کراون، ٥ ژن و ٢ مێرمنداڵی ژێر تەمەنی ١٨ ساڵ هەن. هەروەها پۆلێنکردنی ناسنامەی گیراوەکان نیشانی دەدات کە لە نێوانیاندا ئەم چین و توێژانە هەن:
-
٥ بەندکراوی سیاسیی پێشوو.
-
٤ چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێز.
-
٤ ئەندامی بنەماڵەی چالاکانی سیاسیی دەرەوەی ژێر دەسەڵاتی ڕژیمی ئێران.
-
٢ گۆرانیبێژ و هونەرمەند.
-
خوێندکارێکی بواری یاسا.
-
ئەندامێکی بنەماڵەی گیانبەختکردووانی خۆپێشاندانەکانی بەفرانبار.
-
ئەندامێکی ئەنجومەنی شار، چالاکێکی میدیایی و چەند ئەندامێکی ڕێکخراوە خێرخوازییەکان.
گرتن و بەندکردنی سەرەڕۆیانەی هاووڵاتییان لە لایەن هێزەکانی ڕژێمی ئێرانەوە بە شێوەیەکی ڕۆژانە بەردەوامە؛ بە جۆرێک کە لەو ماوە دیاریکراوەدا، بە تێکڕا ڕۆژانە لانی کەم دوو هاووڵاتیی کورد بەندکراون.
ئەم ئامارە تەنیا ئەو حاڵەتانەی گرتن و بەندکردن دەگرێتەوە کە بە تەواوی تۆمار و راگەیندراوە و بەهۆی کەشوهەوای ئەمنییەوە، ئەگەری زۆر هەیە ژمارەی ڕاستەقینەی ئەو کەسانەی لە لایەن ڕژیمی ئێرانەوە بەند کراون زیاتر لەم ڕێژەیە بێت.

