: لە کۆی زیاتر لە  ٤٥ پەلاماری درۆنی و مووشەکی بۆ سەر سازمانی خەبات، چندین  موشەک و درۆن  بەر مەقەڕ و بارەگاکان کەوتوون.
 

لە درێژەی زنجیرە پەلامارە بەردەوامەکان بۆ سەر هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کوردستانی ئێران لەناو خاکی هەرێمی کوردستان، شەوی هەینی ١٦ی رەزبەر بارەگای"سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران" لە پارێزگای هەولێر کرایە ئامانجی هێرشێکی درۆنی، ئەمەش یەکەم هێرشە بۆ سەر هەرێمی کوردستان و هێزەکانی کوردستانی ئێران لە دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە  ٨ی ڕەزبەری ١٤٠٥ هەرێمی کوردستان و عێراقیان جێهێشتووە.

بەپێی زانیارییەکان، سەعات ١٠:١٠ی شەوی پێنجشەممە لەسەر هەینی (١٦ی ڕەزبەر / ٨ی ئۆکتۆبەر)، لە ڕێگەی دوو فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە (درۆن) هێرش کراوەتە سەر بارەگای سەرەکیی سازمانی خەبات لە ناوچەی تۆپزاوای سەر بە پارێزگای هەولێر. هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتووەتەوە و هیچ کام لە ئەندامان و پێشمەرگەکانی سازمان لەو هێرشەدا بریندار یان شەهید نەبوون.
بەپێی ئامارە بەردەستەکان، تا ئێستا زیاتر لە ٤٥ جار هێرشی جۆراوجۆری درۆنی و مووشەکی کراوەتە سەر بنکە و بارەگاکانی سازمانی خەبات. لەو ژمارەیەش، ١٥ جار هێرشەکان ڕاستەوخۆ بەر مەقەڕ و شوێنی جێگیربوونی خانەوادەی پێشمەرگەکان کەوتوون و زیانیان لێ کەوتووەتەوە، لە کاتێکدا ٣٠ پەلامارەکەی دیکە بەر لە پێکانی ئامانجەکانیان لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانان و سیستمی بەرگری ئاسمانی تێکشکێندراون یان لە دەوروبەری بارەگاکان کەوتوونەتە خوارەوە.
لە خوێناویترین پەلاماریشدا، لە ٢٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٤، بەرزاییەکانی باشیک کرانە ئامانج کە بووە هۆی شەهیدبوونی دوو پێشمەرگە و برینداربوونی ٦ کەسی دیکە. هەروەها پێشتریش لە ١٤ی ڕەشەمە هێرش کرابووە سەر بنکەیەکی ئەو حزبە لە ناحیەی ڕزگاری(تۆپزاوا) و دوو کەس بریندار ببوون.
 
تۆماری هێرشەکان دەریدەخات کە ناوچەکانی "باشیک" و "تۆپزاوا" بوونەتە ئامانجی سەرەکیی بۆردومانە بەردەوامەکان:
٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٤: تێکشکاندنی دوو درۆن لە دەوروبەری مەقەڕی تۆپزاوا پێش گەیشتن بە ئامانج.
١٤ی ڕەشەمە (١٤٠٤): هێرش بۆ سەر بنکەی سازمان لە ناحیەی ڕزگاری (٢ بریندار).
٢٢ی ڕەشەمە (١٤٠٤): هێرشێکی قورس لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بۆ سەر بەرزاییەکانی باشیک (٢ شەهید و ٦ بریندار).
١٦ی ڕەشەمەی ١٤٠٤: دووبارە بەئامانجگرتنی بنکەی باشیک و تێکشکاندنی درۆنە هێرشبەرەکان.
١ی خاکەلێوەی ١٤٠٥: هێرشکردنە سەر بنکەی باشیک.
٧ی خاکەلێوەی ١٤٠٥: تێکشکاندنی چەندین درۆن لە دەوروبەری تۆپزاوا.
٩ی خاکەلێوە: هێرش بە دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو بۆ سەر بنکەی سەرەکی لە تۆپزاوا.
٣ی بانەمەڕ: تۆپباران و هێرشی مووشەکی بۆ سەر بنکەی سازمان لە تۆپزاوا.
١٥ و ١٧ی بانەمەڕ: کەوتنەخوارەوە و تێکشکاندنی چوار درۆن لە نزیک بارەگای باشیک (دوو درۆن لە هەر ڕۆژێکدا).
٣٠ی جۆزەردان: کەوتنەخوارەوەی سێ درۆن لە بنکەی باشیک.
٢ی پووشپەڕ: ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەخت؛ تێکشکاندنی درۆنێک لە ئاسمانی باشیک، هاوکات سێ درۆن بەسەر ئاسمانی بارەگای تۆپزاوادا لەلایەن پێشمەرگەکانەوە بە تەقە تێکشکێندران.
١٠ی پووشپەڕ: کەوتنەخوارەوەی دوو درۆن لە نزیک بارەگای باشیک.
١٩ی پووشپەڕ: هێرشی ڕاستەوخۆی مووشەکی بۆ سەر بنکەی باشیک.
٢٣ی پووشپەڕ: کەوتنەخوارەوەی درۆنێکی دیکە لە نزیک بارەگای باشیک.
١٦ی ڕەزبەر (نوێترین هێرش): هێرشی درۆنی بۆ سەر بارەگای سەرەکی لە تۆپزاوا بەبێ زیانی گیانی.
 
 
شایانی باسە لە ساڵانی رابردووشدا چەندین جار هێرش کراوەتە سەر بارەگای سازمانی خەبات بەڵام ئامانجەکانیان نەپێکاوە و لە دەوروبەری بارەگاکە کەوتوونەتە خوارێ.