نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت 0.28% بەرزبووەوە و گەیشتە 91.87 دۆلار، لەکاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا گەیشتە 86 دۆلار.

لە ماوەی پێنج رۆژی رابردوودا نرخی نەوت بە هەموو جۆرەکانییەوە بەرزبوونەوەیان تۆمارکردووە و دوێنێ چوارشەممە، گەیشتنە بەرزترین ئاستیان لە 24ـی تەممووزەوە، ئێستاش لە نزیک ئەو ئاستە ماونەتەوە.

بڕیارەکەی ئیمارات بۆ راگرتنی سەرجەم مامەڵە دارایی و ئابوورییەکان لەگەڵ ئێران تاوەکو کاتێکی نادیار، جارێکی دیکە سەرنجەکانی خستووەتە سەر پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە.

هاتووچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمزیش بەشێوەیەکی بەرچاو کەمترە لە ئاستی پێش گرژییەکان.

لەلایەکی دیکەوە، یەدەگی سووتەمەنیی دیزڵ و نەوتی گەرمکەرەوە لە ئەمریکا بۆ سێیەم هەفتەی لەسەریەک دابەزیوە، بەڵام یەدەگی نەوتی خاو لە هەفتەی رابردوودا 4.4 ملیۆن بەرمیل زیادیکردووە، ئەمەش پێچەوانەی پێشبینییەکان بوو کە چاوەڕێی کەمبوونەوەی 600 هەزار بەرمیلیان دەکرد.