ماڵپەڕی (ئەکسیۆس) لە ڕاپۆرتێکدا لە زاری بەرپرسانی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، سوپای ئەمریکا توانیویەتی کۆنتڕۆڵی هێڵی باشووری گەرووی هورمز بکات و
ڕۆژانە تێکڕا نزیکەی ١٠ ملیۆن بەرمیل نەوت (کە دەکاتە نیوەی بڕی پێش جەنگ) بۆ بازاڕەکانی جیهان بگوازێتەوە، ئەمەش سەرکەوتنێکی بەرچاوە لە کەمکردنەوەی قەیرانی وزەی جیهانیدا. بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ئەم ئۆپەراسیۆنە ئاڵۆزە لەلایەن فیرقەی ٨٢ی چەتربازی سپای ئەمریکاوە لە بارەگای (فۆرت براگ) و بە هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو بەڕێوەدەبرێت. شەوانە لە ژێر چاودێریی توندی ئاسمانی و دەریاییدا، ١٥ بۆ ٢٠ کەشتیی نەوتهەڵگر بە کاروان لە گەرووەکەدا هاتوچۆ دەکەن.

هاوکات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند کە دانوستان لەگەڵ تاران بەفیڕۆدانی کاتە و لە ئێستادا ئێرانییەکان تەنیا "پەیکەرێکی پووچی ڕابردووی خۆیانن".

بەرپرسانی ئەمریکی ئاماژەیان بەوەش کردووە، دوای ئەوەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) سیستەمەکانی ڕادار و چاودێریی دەریایی ئێرانی تێکشکاند، ئێستا رژیمی ئێران توانای چاودێریکردنی هێڵەکانی کەشتیوانی لەدەستداوە و بە شێوازێکی "کوێرانە" هێرشی مووشەکی و درۆنی دەکات، کە زۆربەیان پێش گەیشتنیان بە ئامانج لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە سەرکوت دەکرێن.