بەهۆی بەرزبوونەوەی بێوچانی ڕێژەی هەڵاوسان و دابەزینی بەهای تمەن، هەوڵدان بۆ پاراستنی بەهای سەرمایە، ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی لە ئێران و کوردستانی ئێران پەلکێشی بازاڕی کڕین و فرۆشتنی زێڕ کردووە. بەڵام هاوتەریب لەگەڵ تۆمارکردنی ژمارەی پێوانەیی نوێ لەلایەن نرخەکانەوە، بازاڕەکە بووەتە گۆڕەپانی دەرکەوتنی چەندین داو و فێڵی نوێی دارایی کە مەترسییەکی جیدی لەسەر پاشەکەوتی هاووڵاتییان دروست دەکات.
شارەزایانی بازاڕ و چالاکوانانی بواری زێڕ و گەوهەر هۆشداری دەدەن کە فێڵکاران بە شێوازی جۆراوجۆر و سەرنجڕاکێش هەوڵی ڕاوکردنی سەرمایەی خەڵکی دەدەن؛ لە گرنگترینی ئەو دیاردە مەترسیدارانەش بریتین لە:
دیاردەی "زێڕی کرێ" (طلای اجارهای):
لەم شێوازەدا، کەسانی سوودخواز یان گەلەرییە نوێیەکان لەژێر ناوی کڕین یان وەرگرتنی زێڕی هاووڵاتییان بە شێوازی "کرێ" یان "ئامانەت"، بەڵێنی پێدانی قازانجێکی زۆری مانگانە دەدەن. پسپۆڕان دەڵێن ئەم دیاردەیە زۆرجار هاوشێوەی "سیستمی پۆنزی" کار دەکات؛ لە سەرەتادا قازانجەکە دەدرێت بۆ ڕاکێشانی متمانە، بەڵام لە کۆتاییدا فێڵکاران بە سەرمایەی زێڕی هاووڵاتییانەوە ڕادەکەن و هیچ گرەنتییەکی یاسایی بۆ گەڕاندنەوەی زێڕەکان نامێنێت.
حەواڵە بێبنەماکانی سەر کاغەز (طلای کاغذی):
فرۆشتنی "زێڕی کاغەزی" یان مامەڵە کاتییەکانی بەڵێندانی کڕین (معاملات فردایی)، یەکێکی ترە لەو تەڵە نوێیانەی لەم دواییانەدا گەرم کراوە. لەم شێوازەدا، هاووڵاتییان پارە دەدەن بەبێ ئەوەی زێڕی فیزیکی و ڕاستەقینە وەربگرن، بەڵکو تەنها وەرەقە یان حەواڵەیەکی بێبنەمایان ڕادەست دەکرێت. لە ئەگەری تێکچوونی دۆخی دارایی یان ڕاکردنی فرۆشیار، کڕیار زیانێکی گەورە دەکات و هیچ زێڕێکی فیزیکی بەدەستەوە نابێت.
زێڕی تواوەی ساختە (طلای آبشده تقلبی):
کڕینی زێڕی تواوە بەهۆی نەدانی باج و هەقدەستی دروستکردن (اجرت)، لەم دواییانەدا لە لایەن وەبەرهێنەرانەوە خواستی زۆری لەسەر بووە. بەڵام ئەم زێڕانە چونکە مۆر و کۆدی پێوانەیی فەرمییان لەسەر نییە، فێڵکاران بە ئاسانی دەتوانن کانزاکانی وەک مس یان برۆنز بە تێکەڵاوکردن لەگەڵ ڕێژەیەکی کەم لە زێڕ تێیدا بشارنەوە و بە ناوی زێڕی عەیارە بەرز بە هاووڵاتییانی بفرۆشنەوە.
هۆشدارییەکان بۆ هاووڵاتییان:
یەکێتییەکانی زێڕ و گەوهەر هۆشداری دەدەنە هاووڵاتییان کە بۆ خۆپاراستن لەم فێڵانە، بە هیچ شێوازێک متمانە بە بەڵێنەکانی قازانجی بەرز و کارکردن بە زێڕ لە لایەن کەسانی نەناسراوەوە نەکەن. پێشنیار دەکرێت هەر جۆرە کڕینێکی زێڕ تەنها بە شێوازی فیزیکی و لە شوێنە ناسراو و خاوەن مۆڵەتە فەرمییەکان بێت، لەگەڵ وەرگرتنی فاکتۆری فەرمی کە کێش و عەیارەی زێڕەکەی بە وردی تێدا تۆمار کرابێت.

