دەیان ڕۆژی دیار لەمێژووی گەلی كورددا هەن كە دەرخەری كارەسات و دەخەری ستەمی دژمنی قین لەدڵو ناپەسەندو دزێو و دڵڕەشە. ئەو ڕۆژانەی كە بیرهێنانەوەیان ئازار هێنەرو تاسەباری و لێوبەبارین.
بەڵێ ١٠ ی خاكەلێوە یەكێكە لەو ڕۆژە پڕلهئازارانە بۆ نەتەوەی كورد، كە هەم دەرخەری دڕندەیی و حەقنەبیستی و شەڕفرۆشی و غەدداری دژمن و هەمیش دەرخەری خەیانەت و نیشتمان فرۆشی ژمارەیەك بەناو كورد بوو، كە بەداخەوە تا ئێستاش و لەدوای ٧٥ ساڵ، خائینان و خۆفرۆشان بەردەوامن لەخەیانەتكاری لەناو كۆمەڵگەی كوردەواریدا.
هەروەها ئیعدامی قازی محەممەد و هاوڕێیانی هەڵگری پەیامی خۆراگری و مل كەچ نەكردن بۆ دژمنی دڵ پڕ لەقینەو دەرخەری ئازایەتی و نەبەردیی و كۆڵ نەدانە تا دوا هەناسە.
بهڵێ ١٠ی خاكهلێوه ئەو رۆژەیه كە "پێشەوا قازی محەممەد" سەرۆككۆماری كوردستان و "حەمە حسین خانی سەیفی قازی" و "ئەبولقاسمی سەیفی قازی" لەدوای دوو جەلەسە دانیشتنی دادگای فەرمایشی، بەناڕەوایی مەحكوم بەئێعدام کران تەنیا لەبەر كورد بوونیان، بەدەستی دژمنانی كوردو حكومەتی حەمەڕەزا شا لەچوارچرای مەهاباد لەسێدارە دران. بەئێعدامی سەرۆككۆماری كورد قازی محەممەد، دوژمن بەخەیاڵی خاوی، كۆتایی بەشۆڕش گەلی كورد بۆ وەدەست هێنانی مافەكانی دەهێنێ، بەڵام لەحەقیقەتدا ئیعدامی ئەو سەروەرانە نەتەنیا گەلەكەمانی لەهەوڵدان بۆ گەیشتن بەمافە رەوا نەتەوەییەكانی چاوترسین و ساردنەكردەوە، بەڵكوو ئەو رووداوە لەقوڵایی زامی لەكیس چوونی پێشەوا و هاورێیانی پەیامێكی گرینگی گەیاندە خەڵكی كوردستان كە سەروەران لەبەرانبەر ستەم و شكەنجە سەریان نەوی نەكردو گیانبازی وشەهادەتیان هەڵبژارد.
بێگومان ناو و یاد و پەیامی ئەو تێكۆشەرانە بۆ هەتاهەتاییە بەزیندوویی دهمێنێتەوەو هەروەها وانەی خۆراگری و نەسرەوتنیان تا سەركەوتن بەگوێی نەتەوەكەماندا داو بەگیان بازیان و شەهادەتیان ئەو پەیامەیان پێداین كە بە بەڵێنی دژمنانی نیشتمان و دژمنانی گەل باوەڕ نەكەین. پەیامێك كە دەبێ دەرسی لێوەرگرین و لێوەی فێر بین كە دڵخۆشكردن بە پێكەنینی دژمن و هەوڵ بۆ دانوستان لەگەڵ دەسەلاتی دیكتاتۆری ئاخوندی ئێران پێچەوانەی ڕێنۆێنی وانەو ئەو دەرسانەیە كە دەبێ و دەبوو لەپێشەوای فێری بین.
بابەشێخ حوسەینی
١٠ ی خاكەلێوەی ١٤٠١ كۆچی خۆری
١٠ی خاكەلێوە یادی ٧٥ مین ساڵرۆژی شەهادەتی پێشەوا قازی محەممەدو هاوڕێیانی بەڕێزبێ
- توضیحات
- By بابەشێخ حوسەینی
- بەش: سكرتێری گشتی
- بینراوە: 11

