کۆمەڵانی تێکۆشەری کوردستان!
خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان!
ئەندامان، پێشمەرگە قارەمانەکان، کادران و لایەنگرانی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران!
٥ی خەرمانانی ١٣٥٧ی هەتاوی، لە ڕۆژمێری تێکۆشانی نەتەوەیی گەلی کورددا، وەک یەکێک لە ڕۆژە گرنگ و مێژووییەکان جێگای خۆی تۆمارکرد و بوه دهسپێکی قۆناغێکی گرنگ و نوێی خهباتیی نهتهوهیی و نیشتمانی گهلهکهمان له کوردستانی ئێران. سازمانی خەبات لەسەر بنەمای ئەو ئەزموون و پێشینە خەباتگێڕییەی کە پێشمەرگەکانی «دفتەری مامۆستا شێخ عیزەدین» بە ڕێبەرایەتیی «مامۆستا شێخ جەلال حوسەینی» بە ئازایەتی و فیداکاری پێکیان هێنابو، وهک زهرویهتێکی مێژوویی به ڕێبهرایهتی مامۆستا شێخ جهلال حوسینی و بە بەشداریی کۆمەڵێک مامۆستای ئایینی، کەسایەتیی نیشتمانی و خەباتگێڕانی دیار، دامەزرا و پێی نایه قۆناغێکی نوێ لە خەباتی نەتەوەیی و مافخوازانەی گەلەکەمان. مامۆستا شێخ جەلال حوسەینی وەک کەسایەتییەکی کاریزماتیک و ڕێبەرێکی خەباتگێڕ، بە تێگەیشتنێکی قوڵ لە دۆزی نەتەوەیی و ئایینی و خوێندنهوهیهکی ورد بۆ بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئەو سەردەمە، توانی ڕۆڵێکی گرنگ و مێژوویی له ڕێبهرایهتی کردن و سازماندهیی و داڕشتنی بهرنامه و پهیڕهوی سازمانی خهبات بگێڕێ و به ئیرادە و باوەڕێکی بەهێزەوە، بڕیاری دا چەکی دیفاع لە شان بکات و لە بەرامبەر ستەم و دیکتاتۆریدا ڕابوەستێت.
٤٦ ساڵ تەمەنی سازمانی خەبات، بەرهەمی شانازیی خەبات و خۆڕاگریی ئەو تێکۆشەرانەیە کە بە درێژایی نزیک لە پێنج دەیەیە، ، لە هەموو قۆناغە جیاوازەکانی خەبات و تێکۆشانی نەتەوەکەماندا، مێژوویەکی پڕ لە ئەزموون، خۆڕاگری و خەباتێکی دڵسۆزانەیان تۆمارکردوه. جێگەی خۆیەتی کە لەم یادە شکۆدارەدا، درود و سڵاو بۆ ههموو ئهو شەهیدە سەربەرزانە بنێرین کە لە ڕێبازی پڕ سەروەریی سازمانەکەماندا گیانیان بەخت کرد و تێکەڵ بە کاروانی شەهیدانی گەلەکەمان بوون.
سازمانی خەبات لە سەرەتای دامەزراندنی تا ئەمڕۆ، بە هەنگاونان لەسەر بنەمای ئەو ڕێبازە نیشتمانییە ڕوونەی مامۆستا شێخ جەلال، هەمیشە وەک قەڵایەکی پتەوی دیفاع لە مافە ڕەواکانی گەلەکەمان لە کوردستانی ئێران ناسراوە و بە تێپەڕاندنی هەورازو نشێوە سەختەکان، ڕووبەڕووبوونەوەی پیلانەکان، و پێشکەشکردنی کاروانی شەهیدانی نەمر، سەلماندی کە خاوەنی ستراتیژییەکی نەگۆڕە بۆ بەدیهێنانی ئازادی و دیموکراسی.
ئەمڕۆ لە کاتێکدا ساڵیادی دامەزراندنی سازمانی خەبات بەرز ڕادەگرین، گەلەکەمان بە هەلومەرجێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت. ڕژیمی ئێران، بەهۆی شکستەکانی لە گۆڕەپانی سیاسی و دیپلۆماسی و پەرەسەندنی ململانێ و فشارەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی، تووشی لاوازییەکی قوڵی ناوخۆیی بووەو بۆ پەردەپۆشکردنی قەیرانەکانی، هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی بۆ سەر کەمپ و بارەگاکانی سازمانی خەبات و حیزبە کوردستانییەکان زیاتر کردووەتەوە، بەڵام ئەم کردارانە نیشانەی هێزی نییە، بەڵکو نیشانەی ترس و بێهیوایی ڕژیمە لە بەرامبەر گەشەکردنی خەباتی شۆڕشگێڕانەی گەلی کورد.
سازمانی خەبات، وەک هەمیشە، لەسەر ڕێبازی مامۆستا شێخ جەلال و شەهیدانی، بەردەوام دەبێت لە پێشەنگایەتیکردنی جوڵانەوەی مافخوازانەی گەلەکەمان و داکۆکیکردن لە مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەی کورد. لەم یادەدا جارێکی دیکە پێداگری لەسەر خەبات لە دژی ئەو ئەم دەسەڵاتە دیکتاتۆرە دەکەینەوە.
لهم یادهدا بێگومان پەیمان نوێ دەکەینەوە کە درێژەدەری ڕێبازی مامۆستا شێخ جەلال حوسەینی و هەموو شەهیدانی سورخهڵاتی ڕیزهکانی سازمانی خهبات بین و تا وهدیهێنانی ئامانج و ئاواتهکانیان بهردهوام بین.
بە ڕێز و شانازییەوە، یادی ٤٧ ساڵهی دامهزراندنی سازمانی خهبات له بنهماڵهی سهربهرزی شههیدان، زیندانیانی سیاسی و هەموو ئهو تێکۆشهرانهی که لهم ڕێبازهدا خهباتیان کردوه، له ئەندامان، پێشمەرگە قارەمانەکان، کادران و لایەنگرانمان و جهماوهری خهڵکی کوردستان پیرۆز دهکهین.
سازمانی خهباتی کوردستانی ئێران / کومیتهی ناوهندی

