ڕۆژی هەینی تۆڕی هەواڵی (CBS)ـی ئەمریکی لە زاری ئارسینیۆ دۆمینگێز، ئەمینداری گشتیی رێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریاوانی بڵاویکردەوە، نزیکەی ٦ هەزار دەریاوان لەناو ٤٠٠ کەشتیدا لە گەرووی هورمز گیریان خواردووە و ناتوانن ناوچەکە بەجێبهێڵن.
ئاماژەشی داوە، هەزاران دەریاوان لە ناوچەی گەرووی هورمز لە ژێر بارودۆخێکی پڕ لە مەترسی و نادڵنیایی ئەمنیی تونددا دەژین و کار دەکەن.
بەپێی زانیارییەکانی رێکخراوەکە، سەرەڕای ڕاگەیاندنی پلانێکی بەرفراوان بۆ دەربازکردنی کارمەندانی کەشتییەکان لە ناوچەی کەنداو، تەنیا ١٣٦ کەشتی و نزیکەی ٢ هەزار و ٩٠٠ دەریاوان ڕزگار کراون؛ بەڵام پرۆسەی ڕزگارکردنەکە بەهۆی دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بە تەواوی ڕاگیراوە.
هاوکات ئاشکرا کراوە کە لە ٢٨ی مانگی دوو و لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەوە تاوەکوو ئێستا، لانیکەم ١٩ دەریاوان لە کاتی ئەرکەکانیاندا لە ناوچەکە گیانیان لە دەست داوە.