ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ـی ئابی 2026، محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی رژیمی ئێران ڕایگەیاند کە جەنگ لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل کاریگەریی نەرێنیی لەسەر ئابووریی رژیمەکەیان داناوە و لە ئێستادا لە ناوەڕاستی "جەنگێکی ئابووریی فراوان"دان.

قالیباف داوای لە خەڵک و لایەنە سیاسییەکان کرد لەم بارودۆخەدا پاڵپشتیی حکومەتی رژیم بکەن و ئاماژەی بەوەش کرد کە بەرپرسانی رژیمی ئێران بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ کەمکردنەوەی لێکەوتەکانی ئەم جەنگە ئابوورییە. ئەم لێدوانانە لە کاتێکدان کە ڕۆژی دووشەممە، 24ـی ئاب، دوای سەپاندنی سزای نوێ
لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە بەسەر رژیمی ئێراندا، نرخی یەک دۆلاری ئەمریکی بۆ یەکەمجار لە مێژوودا ئاستی 200 هەزار تەمەنی تێپەڕاند.