کاتێک سەیری گۆڕەپانی سیاسی و ژیۆپۆلەتیکی نێوان ئەمریکا و ئێران دەکەین، پرسیارە سەرەکییەکە تەنها ئەوە نییە کە ئایا پێکدادانی سەربازی ڕوودەدات یان نا؟ پرسیارە قووڵ و ستراتیژییەکە ئەوەیە: ئایا دۆناڵد ترەمپ و ئیدارەکەی خاوەنی نەخشەڕێگەیەکی ڕوونن بۆ کۆتاییهێنان بەم ڕژیمە، یان ئەوەی دەگوزەرێت تەنها سیناریۆیەکی کاتی و نیوەچڵە؟بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، چاودێرانی سیاسی و شرۆڤەکاران دابەش بوون بەسەر دوو بەرەی جیاوازدا کە هەر لایەنێکیان خوێندنەوەی تایبەتی بۆ سیاسەتەکانی حکومەتی تەمپ هەیە.
بەرەی یەکەم: واشنتن لە دوا هەنگاو پاشەکشەی کرد، یان کارەکەی نیوەچڵ هێشتەوە؟
لایەنگرانی ئەم بۆچوونە پێیان وایە ئەمریکا لە زۆر قۆناغدا دەرفەتی زێڕینی سەربازی و سیاسی لەبەردەستدا بوو بۆ ئەوەی گورزی کوشندە لە حکومەتی ئێران بوەشێنێت؛ توانایەکی سەربازیی بێوێنە، کوشتنی فەرماندە و سەرکردە کاریگەرەکانی ڕژیم و هێنانەدی دۆخێک کە تێیدا پێگەی دەسەڵاتی تاران لە لێواری داڕماندا بوو. بەڵام کاتێک ململانێکە گەیشتە خاڵی یەکلاکەرەوە، ئەمریکا هەنگاوەکانی ڕاگرت یان پاشەکشەی کرد. ئەم بەرەیە هۆی ئەم پاشەکشەیە بۆ دوو سیناریۆ دەگێڕنەوە:
ترس لە دروستبوونی بۆشایی ئەمنی: واشنتن ترسی هەبووە لەوەی ڕووخانی کتوپڕی ڕژیم ببێتە هۆی دروستبوونی بۆشاییەکی گەورەی ئەمنی و سیاسی لە ناوچەکەدا کە کۆنتڕۆڵکردنی لە توانای هێزە نێودەوڵەتییەکاندا نەبێت.
پەسەندکردنی "ڕژیمێکی لاواز و کۆنتڕۆڵکراو": بەشێک لە چاودێران پێیان وایە ئەمریکا سیستمێکی لاواز، گۆشەگیر و پەککەوتەی لە ئێستادا بۆ دەسەڵات لە ئێران پێ باشترە لە دەسەڵاتێکی نوێ نادیار کە دیار نییە چی دەکاو لە هەمانکاتدا ئەو دەسەڵاتە نوێیە هاوسەنگییەکانی ناوچەکە بە لایەکی کۆنتڕۆڵنەکراودا ببات.
بەرەی دووەم: نەخشەیەکی نوێ؛ گۆڕینی مەیدانی جەنگ لە سەربازییەوە بۆ ئابووری
ئەم بەرەیە تەواو پێچەوانەی ڕوانگەی یەکەم بیر دەکەنەوە. ئەوان دەڵێن ترەمپ پاشەکشەی نەکردووە، بەڵکو تەنها شێوە و پێناسەی جەنگەکەی گۆڕیوە.
لە مێژووی هاوچەرخی سیاسەتدا، ڕژیمێکی تۆتالیتاری وەک ڕژیمی ئێران تەنها بە ڕووخانی چەند بنکەیەکی سەربازی کۆتایی نایەت؛ چونکە ئەم دەسەڵاتە تەنها حکومەتێکی ئاسایی نییە، بەڵکو "نوخبەیەکی ئاڵۆزی سیاسی, ئەمنی و داراییە" کە لە ڕێگەی تۆڕە ڕەش و نهێنییەکانی قاچاخچێتیی نەوت، کڕینی وەفاداریی گرووپە میلیشیاکانەوە و... دەژی.
لێدانی سەربازیی ڕاستەوخۆ تەنها دەبێتە هۆی زیانی کاتی، لەکاتێکدا "جەنگی ئابووریی هەمەلایەنە" (سەپاندنی توندترین گەمارۆکان، داڕمانی بەهای دراوی نیشتمانی، کورتهێنانی بودجە و بەرزبوونەوەی تێچووی مانەوەی دەسەڵات) سەرچاوەی سەرەکیی دارایی ئەو رژیمە وشک دەکات. ئەو ستراتیژییە لە درێژماوەدا زۆر کوشندەترە، چونکە ڕژیم لە ناوخۆوە بەرەو داڕمان و هەڵوەشانەوەی یەکجاری دەبات.
تەنگەی هورمز؛ چەکێک کە بوو بە تەڵە بۆ دەسەڵاتی ئێران
یەکێک لە ناکۆکیە گەورەکانی ئەو ململانێیە لە پرسی تەنگەی هورمزدا ڕەنگی دایەوە. ڕژیمی ئێران هەمیشە ئەم تەنگەیەی وەک چەکی کۆتایی و کارتی فشار بەرامبەر جیهان بەکارهێناوە. بەڵام کاتێک ڕژیم هەڕەشە لە ئاسایشی کەشتیوانی، بازرگانیی نێودەوڵەتی و وزەی جیهانی دەکات، تەنها ئەمریکا ناکاتە دوژمنی خۆی، بەڵکو کۆی سیستمی ئابووریی جیهانی ناچار دەکات لە روویدا بوەستێتەوە. ئەم بڕیارە نەک هەر نەبووە چەکێک بۆ پاراستنی رژیم، بەڵکو بوو بە تەڵەیەکی گەورە و زیاتر دەسەڵاتی ئێرانی گۆشەگیری کرد.
سەعاتی سفر؛ کێ بڕیار لەسەر چارەنووسی ئێران دەدات؟
سەعاتی سفر بۆ ڕووخان و کۆتایی ئەم ڕژیمە ئەوتۆکراتە(دەسەڵاتی تاکڕەوی) کاتێک دەست پێدەکات کە گەلانی ناوخۆی ئێران ڕۆڵگێڕ و کارەکتەری سەرەکیی گۆڕانکارییەکان بن. تا ئەو کاتەی چارەنووسی ئێران لە دەرەوەی سنوورەکانەوە بنووسرێتەوە، ڕژیمی ئێران لە قەیرانێکەوە دەچێتە ناو قەیرانێکی تر؛ بەڵام کاتێک هێزی ناوخۆیی و ئیرادەی گەلان (کورد، فارس، بەلووچ، تورک و پێکهاتەکانی تر) یەکدەگرن، قۆناغی کۆتاییهاتنی ئەم ڕژیمە سەرکوتکەرە دەست پێدەکات. تەنها لەو کاتەدایە کە داڕمانی دارایی و گۆشەگیریی نێودەوڵەتی دەبنە تەواکەری ڕاپەڕینی ناوخۆیی و کۆتایی بە یەکێک لە تاریکترین ڕژیمەکانی ناوچەکە دەهێنن.

