کورد و پێناسەی داواکارییەکانی
دۆخی ڕژیمی ئێران، ڕۆژ بەڕۆژ بەرەو لاوازیی زیاتر دەڕوات. پایەکانی دەسەڵاتی ئەم ڕژیمە دیکتاتۆر و مرۆڤکوژە، یەک لە دوای یەک، بەرەو لەناوچوون و ڕووخان دەڕۆن. فشارە ئابووری و سیاسییەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل، لەگەڵ هەڕەشەی سەربازی و بنبەستی دیپلۆماسی لەگەڵ رژیمی ئێران، ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەخەن کە واشنگتن چی دیکە نایەوێت کات بەفیڕۆ بدات و دەرفەت بە مانەوەی ڕژیم بدات. پێدەچێت ئەمجارە چی دیکە واشنگتۆن دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ ڕژیم نەکاتەوە و چی دیکە نایەوێت ئیمتیاز بە ڕژیم بدات تا خۆی لە قەیرانەکان دەرباز بکات. سەرەنجام ئیدارەی ترامپ بەو ڕاستییە گەیشت، کە پایەکانی ئەم دەسەڵاتە، هەروەک سەردەمی پێش لەناوچوون و کوشتنی ئاخوندەکانیان جیاوازییان نییە و ئەوەشی کەماوە لە چوارچێوەی ئەو نیزامە گەندەڵ و دیکتاتۆرەدایە و هەوڵ دەدات پارێزگاری لە نیزامی ویلایەتی فەقی بکات. ئیدارەی ترامپ لەوە گەیشتووە کە ئەم نیزامە لە رێگەی چەندین دام و دەزگای داپلۆسێنەر و تۆڕی فراوانی سپای پاسداران لە ناوخۆی ئێران و لەدەرەوەی سنوورەکانی ئێران، چەندە بووەتە سەرچاوەی نائارامی و هەڕەشە بۆسەر خەڵکی ئێران و دەوڵەتانی ناوچە. هەر بۆیە ئەمریکا ئەمجاره لە ڕیشەوە سەرچاوە داراییەکانی سپای پاسداران و پەروەردە و پێگەیاندن و بەهێزکردنی گروپە ترۆریستییەکان لە عێراق و ناوچەکە بە تەواوی لەناو ببات. تەنانەت ئەگەر ئەم ماوە درێژخایەن بێت، کاریگەرییەکانی سزای ئابوورییەکەی ئەمریکا زیاتر دەردەکەون و کاریگەریان لە سەر پێکهاتەی ئەو دەسەڵاتە لەرزۆکە دەبێت، وێڕای ئەوەی پەلەقاژەکانی ڕژیم بۆ خۆ دەربازکردن لەم فشارە فراوانە ئابوورییە، هەمیشە ئەگەری چوونە ناو قۆناغێکی نوێی گرژی و تەنانەت شەڕی دیکەی دەبێ. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا ئێستا نموونەیەکی بەهێزمان نییە لەو وڵاتە دیکتاتۆرانهی کە لەڕێگەی فشار و ئابڵوقە ئابوورییەکانەوە بەخێرایی ڕوخابن. بەپێچەوانەوە، ڕاستییەک کە هەیە ئەوەیە کە ڕژیمەکان دەتوانن بۆ ماوەیەکی درێژ لە ژێر فشاردا بمێننەوە و بە جێی سازان، خۆی بۆ قۆناغێکی دیکەی شەڕ و سەرکوت ئامادە بکەن. لە هەڵسەنگاندنی دۆخی ئێرانیش دەبێت ئەم جیاوازییە لەبەرچاو بگرین. لە ئێران لە کاتێکدا کێشەی هەڵاوسان، کەمیی بەنزین، کێشەی برق و دابەزینی داهاتی نەوت هەیە. بەڵام ئەزموونی ساڵانی ڕابردوو نیشانی داوە کە قەیرانی ئابووری بە تەنیا نەبۆتە هۆی پاشەکشەی رژیم. ئاشکرایە ئابڵوقەو سزا ئابوورییەکان، نەیتوانیوە ئەم ڕژیمە بە تەواوی بڕووخێنێت، چونکە ئاراستەی سزا ئابوورییەکان نەیتوانیوە رێگری بکات لە ئاڵوگۆڕە ناڕەسمییەکانی دەرەوەی سنوورەکانی ئەم ڕژیمه. ئەوەش وای کردووە کە ئەم ڕژیمە بتوانێت بە پشتبەستن بە ئابووریی نافەرمی، تۆڕە بازرگانییە ناوخۆیی و ناوچەییەکان و هێزە ئەمنی و سەربازییەکان، بەرگەی فشارەکان بگرێت و خۆی لە ڕووخان ڕزگار بکات. هەربۆیە ئابڵوقەکانی ئەمریکا بۆ سەر رژیم به جۆرێك زیان بە وەڵاتانی ناوچەکەش دەگەێنێت بەچەشنێک هەر ڕۆژێک لە زیادبوون و مانەوە و بە پێوە وەستانی، کاردانەوەی توندتر و سەختتری بۆ ئەو تاقم و لایەن و دەوڵەتانە دەبێت، کە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەگەڵ مانەوەی ئەم ڕژیمەن لە ئێراندا. ئیدارەی ترامپ هاوکات لەگەڵ دەستپێکی فشاری ئابووری، دەستی بە فشار بۆسەر هەموو ئەو لایەن و وەڵات و بانک و کۆمپانیانەش کرد کە بە ناوی جیاواز و بە شێوەی نهێنی یان ناڕەسمی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە ناوچەکادا لەگەڵ رژیمی ئێراندا مامەڵە دەکەن. هەڵبەت ئەم سیاسەتە نوێیەی ئەمریکا دوچاری ڕووبەڕووبوونەوە و سەختی جیاواز دەبێتەوە، ئەوەش بە هۆکاری هەوڵدانی ڕژیم بۆ دۆزینەوەی ڕێگەی نوێ. لەڕاستیدا، مەودای سنووری وشکانیی درێژی ئێران لەگەڵ دراوسێکانی دەتوانێت ئەو بووارە بڕەخسێنێت کە ڕژیم بۆ مانەوەی خۆی و کەمکردنەوەی فشارە ئابوورییەکان ڕێگە و پێگەی سێبەر و نوێ بدۆزێتەوە بۆ گواستنەوەی نافەرمیی کاڵا و بازرگانی کردن لەگەڵ دنیای دەرەوە، بەڵام بەردەوامی و وردبینی ئەمریکا لهم سیاسهته نوێیهیی دەتوانێت سەرنجام هەموو ڕێگان بە تەواوی کۆنتڕۆڵ بکات. ئەگەر ئێران بەرەو قۆناغێکی گۆڕانکاریی سیاسی نوێ بچێ، هیچ گەرەنتییەک نییە کە لە ئەنجامی ئەم گۆڕانکارییە کورد بە ماف و ئازادییەکانی خۆی بگات. ڕووخانی ئەم دەسەڵاتە بەو مانایە نییە کە ئەمجاره خەڵکی ئێران ئۆتۆماتیک بە خەونە لەمێژینەکەی خۆیان، کە دیموکراسی و ئازادییە، دەگەن. ئێستاش زۆر لایەن و گروپی ترسناک و برسی بۆ دەسەڵات لەناو بەرگی ئازادی بۆ خەڵک و نەتەوەکانی ئێران بەناوی ئۆپۆزیسیۆنەوە خۆیان مەڵاس داوە و چاوەڕوانی ئەوەن کە بێنە سەر دەسەڵات. لەوانە تاقمی شاپەرستەکان کە دروشمی تەنها یەک ئێران و یەک نەتەوە دەدەن و تەنانەت ئامادە نین ئەو ڕاستییە بسەلمێنن، کە لەناو ئێراندا چەندین نەتەوەی جیاواز، بە زمان و کلتور و شوناسی خۆیانەوە دەژین.مێژوو دەڵێت هیچ گۆڕانکارییەکی گەورە بە تەنیا بە ڕووخانی دەسەڵات کۆتایی نایەت؛ پرسیاری سەرەکی هەمیشە ئەوەیە کێ و چۆن جێگای ئەو دەسەڵاتە پڕ دەکاتەوە. ئەگەر کورد خاوەن هەڵوێستێکی ڕوون و پڕۆژەی ڕوونی خۆی نەبێ، ترسی فەرامۆشی و چارەسەرکردنی پرسی کورد لە کوردستانی ئێران بۆ چەندین ساڵی دیکە له ئارادا دهبێ. بۆیە پێویستە کورد بە یەکگرتوویی لە ئێستاوە لەسەر پرسی داهاتوو، دامەزرانی حکومەتێکی دیموکرات و سیکۆلار لە ناوەندا دەور ببینێ و کاری بۆ بکات، بەچەشنێک کە بۆخۆی بەشێکی سەرەکی بێت لە پێکهاتەی ئەو دامەزراوە نوێیە.
پێویستە داواکارییەکانی کورد، لەلایەن هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێرانەوە، بە ڕوونی و بە شێوەیەکی سیاسی و نیشتمانی دیاری بکرێن. ئەگەر داهاتووی ئێران لە چوارچێوەی وڵاتێکی فرەنەتەوە و دیموکراتیکدا بێت، کورد دەبێت پڕۆژە و داواکاری ڕوونی بۆ جۆری ئەو پەیوەندییەی که دەیەوێ لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندیدا هەیبێت بە ڕوونی دیاریی بکات. ئەم پڕۆژەیە دەبێت لەسەر بنەمای مافی چارەنووس، دیموکراسی، یەکسانیی هاووڵاتیان، مافی بەڕێوەبردنی خۆجێیی، پاراستنی ناسنامە و زمانی کوردی و بەشداریی ڕاستەقینەی کورد لە دەسەڵات و دامەزراوەکانی داهاتووی ئێران پێک بێت.
کورد نابێت بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بەوانە بدا، یان مامەڵە لەگەڵ ئەو هێز و لایەنانه بکات کە باوەڕیان بە ماف و ئازادییەکانی نەتەوەکان نییە لە ئێراندا و دەیانەوێت لەژێر دروشمی یەک نەتەوەیی بۆ داهاتووی ئێران کار بکەن. بەڵکوو دەبێت بە ئاشکرا بڵێت کە داهاتووی ئێران تەنیا ئەوکات دەتوانێت دیموکراتیک و جێگیر بێت کە ناسنامە و مافە نەتەوەییە جیاوازەکان بە فەرمی و بە کردەوە قبوڵ بکرێن. لە هەمان کاتدا، کورد دەبێت دژی هەر جۆرە ڕەگەزپەرستی و نەتەوەگەرییەکی توند بێت کە دەتوانێت داهاتووی ئێران دووبارە بەرەو هەمان بازنەی کۆن بەرێ. کوردایەتی و داواکردنی مافە نەتەوەییەکان نابێت بە مانای دژایەتی لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەی ئێران بێت؛ بەڵکوو دەبێت بەشێک بێت لە پڕۆژەیەکی گشتی بۆ دروستکردنی ئێرانێکی دیموکراتیک و فرەنەتەوە.
لەگەڵ ئەوەی قسە لە گۆڕانکارییە سیاسییەکان لە ئێران دەکرێت، یەکێک لە گەورەترین کەلێنەکان نەبوونی هەماهەنگی ئەو هێز و لایەنانهیە کە بۆ داهاتووی ئێران باوەڕیان بە پرسی دیموکراسی و مافەکانی نەتەوەکان لە ناو ئێراندا هەیە؛ لەوانە شوڕای میلی مقاومەتی ئێران، هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران بە کۆی دەنگ و هەندێک ناوەند و لایەنی دیکە. کورد دەبێت لەم بوارەوە هەوڵ بۆ پێکهێنان و بەهێزکردنی ئەو بەرەیە بدات و هاوپەیمانی و ئەلتهرناتیڤێکی بەهێز و فراوان لەسەر بنەمای دیموکراسی، مافی نەتەوەکان، پێکەوەژیان، یەکسانیی هاووڵاتیان و ڕەتکردنەوەی هەر جۆرە ڕەگەزپەرستییەک دامەزرێنێ. کورد نابێت بە سادەیی پەیوەندی سیاسی لەگەڵ هەر هێزێکی دژ بە کۆماری ئیسلامی دروست بکات. پێوەر دەبێت ئەوە بێت کە ئەو هێزە چ پڕۆژەیەکی بۆ داهاتووی ئێران هەیە و تا چەند باوەڕی بە دیموکراسی و مافەکانی نەتەوەکان هەیە. ئۆپۆزیسیۆنێکی ڕاستەقینە بۆ داهاتووی ئێران ئەوە نییە کە تەنیا دەسەڵاتی ئێستا ڕەت بکاتەوە؛ دەبێت بتوانێت وەڵامی ئەو پرسیارەش بداتەوە کە: دوای ئەوە چی دەبێ؟ هاوپەیمانێکی بەهێز ئەوەیە کە هەموو لایەنەکان لەسەر چەند بنەمای سەرەکی کۆک بن: دیموکراسی، یەکسانیی مافەکان، ڕەتکردنەوەی ڕەگەزپەرستی، داننان بە مافە نەتەوەییەکان و ڕێزگرتن لە مافی خەڵک بۆ دیاریکردنی شێوازی بەڕێوەبردنی خۆی. ئەگەر ئەم بنەمایانە نەبن، هەر هاوپەیمانییەک دەتوانێت تەنیا تا ساتی ڕووخانی دەسەڵاتی ئێستا بەردەوام بێت و دواتر خۆی ببێتە سەرچاوەی ناکۆکییەکی نوێ بۆ داهاتوو. ئەگەر قۆناغی داهاتووی ئێران بەرەو گۆڕانکارییەکی گەورە بچێت، کوردستان دەتوانێت یەکێک بێت لە ناوچە سەرەکییەکانی ئەو گۆڕانکارییە. بەڵام بۆ ئەوەی ئەمە ڕووبدات، کوردستان پێویستی بە ئامادەکارییەکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و دامەزراوەیی زیاتری ههبێ. کورد دەبێت لە ئێستاوە بزانێت چی دەوێت، چۆن دەیەوێت بیهێنێتەدی و لەگەڵ کام هێز دەتوانێت کاری بۆ بکات. داواکارییەکان دەبێت لە ئاستی شعارەوە بۆ ئاستی پڕۆژە بگوازرێنەوە؛ پڕۆژەیەک کە بتوانێت لە داهاتووی ئێراندا بۆ مافە سیاسی، نەتەوەیی، زمانی و کۆمەڵایەتییەکانی کورد دڵنیایی دروست بکات. ئامادەکاری تەنیا بە مانای ڕێکخستنی سیاسی نییە؛ بەڵکوو پێویستە کورد توانای بەڕێوەبردنی خۆی بەرەوپێش بخات، دامەزراوە دروست بکات، کادر و شارەزای سیاسی و کارگێڕی پەروەردە بکات و بۆ هەر قۆناغێکی گۆڕانکاری پلانێکی ڕوونی هەبێت. لە هەمان کاتدا، پێویستە کوردستان وەک ڕابردوو نموونەیەک بێت بۆ ئەوەی کە دیموکراسی و پێکەوەژیان تەنیا وشەیەکی سیاسی سەر کاغەز نهبێ. ئەگەر کورد داوای دیموکراسی و مافی نەتەوەیی دەکات، دەبێت خۆی لە ناوخۆدا بە دامەزراوەسازی، ڕێکخستنی سیاسی، بەشداریی کۆمەڵایەتی و ڕێزگرتن لە جیاوازییە ناوخۆییەکان ئەو بەها دیموکراتیانە بەرەوپێش بەرێ.
لەوانەیە گۆڕانکارییە گەورەکانی داهاتووی ئێران لە ماوەیەکی کورتدا ڕووبدەن، یان چهند ساڵێکی تر بخایهنێ. بەڵام بۆ کورد جیاوازییەکە زۆر نییە: ئامادەکاری نابێت دوا بخرێت بۆ ئەو ڕۆژەی کە دەسەڵات دەڕووخێت. دۆخی ئێستای ئێران هەرچەندە پڕە لە مەترسی، بەڵام لە هەمان کاتدا دەرفەتێکی سیاسیی گەورەیە. فشارە ئابوورییەکان، قەیرانی ناوخۆیی، ناکۆکییە نێودەوڵەتییەکان و ئەگەری گۆڕانکارییە ستراتیژییەکان دەتوانن هاوکێشەی سیاسیی ناوچەکە بگۆڕن.
بۆیە پرسیاری سەرەکی بۆ کورد نابێت تەنیا ئەوە بێت کە ئایا ئێران دەڕووخێت؟ بەڵکوو دەبێت ئەوە بێت کە: ئەگەر گۆڕانکاری ڕوویدا، کورد چەند ئامادەیە بۆ ئەوەی لە دروستکردنی داهاتوودا بەشدار بێت؟

ئەگەر کورد بتوانێت پڕۆژەیەکی سیاسیی ڕوون و دیموکراتیکی هەبێت، لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنێکی ڕاستەقینە و باوەڕدار بە پێکەوەژیان هاوپەیمانێتی دروست بکات و لە هەمان کاتدا توانای ناوخۆیی خۆی بۆ بەڕێوەبردنی قۆناغی گۆڕانکاری بەهێز بکات، ئەوا کوردستان تەنیا ناوچەیەکی کاریگەر لە گۆڕانکارییەکانی داهاتووی ئێران نابێت، بەڵکوو هاوشێوەی گۆڕانکارییەکانی ڕابردوو دەتوانێت ببێتە مەڕکەزی ئەو ئازادیخوازانەی کە دەیانەوێت ئێرانێکی دیموکرات و ئازاد و دوور لە شەڕ دابمەزرێنن.ئەمەش بەرپرسیاریەتییەکی مێژوویی دووبارە دەخاتە سەر شانی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران، کە کوردستان بکەنە سەنتەری گۆڕانکاری بۆ داهاتوویەکی نوێ لە ئێراندا. دەبێت لە ئێستاوە بە دروشمی دیموکراسی و پێکەوەژیان لەگەڵ ئەو لایەنانە بکەوێتە هاوپەیمانییەکی بەهێز و کاریگەر.ئەوەمان بیر بێت، لە قۆناغی گۆڕانکارییە گەورەکاندا، ئەو هێزەی دەیەوێت دەور و ڕۆڵی هەبێت و کاریگەری هەبێت، دەبێت پێش گۆڕانکارییەکان خۆی ئامادە کردبێت و هیچ کەلێنێک نەهێڵێتەوە بۆ دیکتاتۆرەکان کە دووبارە دەسەڵات بەدەست بگرن

