زۆرداری و داگیرکاری دوو هۆکاری سەرەکین کە دەبنە پاڵنەر و هاندەر بۆ گەلان و تەنانەت تاکەکانی کۆمەڵگە، تا پەنا ببەنە بەر ئەوەی گیانی خۆیان بکەنە قوربانی لە پێناو گەل و نیشتمانەکەیاندا. ئەوان بۆ بەرگریکردن لە بوون و مانی نەتەوەکەیان دەبنە پێشمەرگە و بە شانازییەوە ئەو ڕێگایە هەڵدەبژێرن؛ لەم پێناوەشدا یان شەهید دەبن یان سەر دەکەون شەهید خەلیل، کوڕی کاک سدیق، لە بنەماڵەیەکی زەحمەتکێش و ڕەنجدەری شاری بانە لەدایک بوو. بنەماڵەی کاک خەلیل خێزانێکی قەرەباڵغ و لە هەمان کاتدا کەم دەرامەت بوون. بەهۆی ئەوەی داهاتێکی ئەوتۆیان نەبوو، نەیانتوانیبوو بیخەنە بەر خوێندن. باوکی شەهید خەلیل مجێوری مزگەوت بوو، کە کەمترین دەستکەوتی هەبوو و بەو داهاتە کەمە تەنیا دەیتوانی ژیانێکی سەرەتایی بۆ خێزانەکەی دابین بکات. کاک خەلیل سەردەمی منداڵی بە هەر چەرمەسەرییەک بوو تێپەڕاند. بە نەداری و هەژاری ژیانی بردە سەر تا کەمێک پێگەیشت. زۆر منداڵ بوو کە بۆ یارمەتیدانی بنەماڵەکەی لە شاری بانە دەستی دایە کرێکاری و کاسبکاریی قورس، کە لەو تەمەنەدا بۆ ئەو زۆر گران بوو. شەهید کاک خەلیل تازە ببووە لاوێکی حەڤدە ساڵان کە دەستگیرانی گرت و هاوسەری ژیانی خۆی لە شاری سەقز دۆزییەوە، بەو هیوایەی بناغەی ژیان دابمەزرێنێت و تێبکۆشێت بۆ ئەوەی ئاواتەکانی بهێنێتە دی. بە داخێکی گرانەوە، ماوەیەکی زۆر بەسەر مارەکردنی هاوسەرەکەیدا تێناپەڕێت و پێش ئەوەی بتوانێت بیگوازێتەوە، لە لایەن ڕژێمی پاشایەتییەوە بە زۆر دەگیرێت بۆ خزمەتی سەربازی. ماوەیەک بۆ خولی ڕاهێنانی سەربازی (ئاموزش) دەینێرنە "جەڵدیان" و دواتر دەیگوازنەوە بۆ تاران؛ لە ئەفسەرییەی تاران بە ناچاری خزمەتی سەربازی دەکرد. لە کاتێکدا کاک خەلیل لە ناو ئەو هەموو ناخۆشییەدا بوو، سەرئەنجام بەخت یاوەری بوو؛ شۆڕشی جەماوەریی خەڵکی ئێران دژی زوڵم و بێدادی
وەک گێژەڵۆکە و گەردەلوول، دەسەڵاتی چەند سەد ساڵەی پاشایەتیی تێک پێچاو و فڕێی دایە نێو زبڵدانی مێژووەوە.

 

کاک خەلیل کە ئەو دەرفەتەی بۆ هەڵکەوت، وەک بولبولێک کە لە قەفەس ڕزگاری بوبێت، خۆی گەیاندەوە باوەشی خێزانەکەی لە شاری بانە و بە دیداری خۆشەویستانی شاد بووەوە و ژیانی ئاسایی خۆی دەست پێکردەوە. دوای ئەوەی ڕژێمی نوێ (ئاخوندی) جڵەوی دەسەڵاتی گرتە دەست و خومەینی بە بیرکردنەوە کۆنەپارێزەکەیەوە بووە دەمڕاستی ئێران، کەوتە پلانداڕشتن دژی نەتەوەی کورد و فەرمانی جیهادی دژ بە خەڵکی ستەملێکراو و تێکۆشەری کوردستان دەرکرد. خەڵکی کورد تازە خەریک بوو تامی ئازادی بچێژێت کە بە پێچەوانەی خواست و ئاواتەکانیان، هێرش کرایە سەر خاک و نیشتمانەکەیان. کێ دەیتوانی لە ئاست ئەو داگیرکارییەدا بێدەنگ بێت؟

کاک خەلیل ڕەشاش یەکێک بوو لەو هەزاران تێکۆشەرەی کە نەیتوانی داگیرکاری و زوڵمی بێڕادەی کۆماری ئیسلامیی ئێران قبووڵ بکات و سەری بۆ دوژمن نەوی نەکرد. هەر کە فەرمانی جیهاد دژ بە گەلی کورد ڕاگەیەندرا، وەک شێر هاتە مەیدان و چەکی شەرەفی پێشمەرگایەتی هەڵگرت؛ سەرەتا لە دەفتەری مامۆستا شێخ عێزەدینی حوسەینی و دواتر کاتێک "سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران" بوونی خۆی ڕاگەیاند، بووە یەکێک لەو پێشمەرگە قارەمانانەی کە بە گیان و دڵ تێدەکۆشا بۆ گەیاندنی بیروباوەڕی سازمانەکەی بۆ ناو کۆمەڵانی خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستان کاک خەلیل سەرەتا وەک پێشمەرگەیەکی سادە لە یەکێک لە لکەکانی دەفتەری مامۆستادا، بە سەرپەرشتیی عەلی حاجی عەتتار (ناسراو بە خاڵە عەلی) دەستی بە خزمەت کرد. بەهۆی ئەوەی پێشتر سەربازیی کردبوو، زۆر بوێر، لێهاتوو و چاونەترس بوو. لە شەڕی سی و حەوت ڕۆژەی ناو شاری بانەدا، یەکێک بوو لەو قارەمانانەی لە سەنگەرەکانی پێشەوەی هێرش بۆ سەر سەربازگەی (پادگانی) بانەدا بوو. دوو جار لە ناو شاری بانەدا بریندار بوو، بەڵام هەردوو جارەکە برینەکانی سووک بوون و دوای چارەسەرێکی سەرەتایی، خێرا دەگەڕایەوە بەرەکانی شەڕ. شەهید خەلیل لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستانی ئێران، لە کامیارانەوە تا دەگاتە مەهاباد (کە ئەو کات سازمانی خەبات لەو ناوچانەدا چالاك بوو)، لە سەر شەقام، گوند و شارەکاندا لەگەڵ هێزی پۆڵایینی پێشمەرگەی خەبات، دەیان چالاکیی کەموێنەیان تۆمار کرد.

لە چالاکییەکی سیاسی-سەربازیدا لە زستانی ساڵی ١٣٥٩ (مانگی ١١)، بە فەرماندەیی شەهیدی نەمر کاک سەید عەبدولکەریمی حوسێنی بەرەو ناوچەی سەقز بەڕێ کەوتین. لە زستانێکی زۆر سەختدا کە بەفرێکی زۆر باریبوو، ئێمەی پێشمەرگەکانی خەبات لە گوندی " سیادەری خواروو" مابووینەوە. لەو کاتەدا چەند تێکۆشەرێکی چریکی فیدایی گەل لەو ناوچەیە بوون، هەواڵمان پێگەیشت کە هێزێکی زۆری سوپا و پاسدار لە سەقزەوە بەرەو بانە ڕۆیشتوون و لە گەردەنەی خان گیریان خواردووە، بەهۆی سەرماوە نەیانتوانیوە پێشڕەوی بکەن و گەڕاونەتەوە بۆ کێلەشین. هاوڕێیان پێیان باش بوو زەبرێکی توند لەو هێزە داگیرکەرە بدەین. بە بەرنامەیەکی ڕێکوپێک دابەش کراین بەسەر چەند تاقمێکدا و هەر دەستەیەک بەرەو شوێنی دیاریکراوی خۆی بەڕێ کەوت.

من، شەهید خەلیل ڕەشاش، شەهید محەممەدی قادرجەمال (ناسراو بە حەمە تورکە) و مەنسووری زەرەندی، تیمی پێشڕەو بووین بۆ سەر جادەکە. ئێمە کە بە ڕیز بە دوای یەکدا دەڕۆیشتین، تازە من و کاک خەلیل گەیشتبووینە سەر جادەی بانە-سەقز کە دەنگی ئۆتۆمبێلەکانی سوپای دوژمن دەهات کە بەرەو سەقز دەگەڕانەوە. ئەو شوێنە سەر پردی سیادەری خواروو بوو. کۆتا کەسی تیمی ئێمە کە مەنسووری زەرەندی بوو، کاتێک لەسەر یاڵەکەوە سوپاکەی بینی، بەرەو ڕووی ئێمە نەهات؛ ئێمەش مەجالی گەڕانەوەمان نەمابوو. هەر لەسەر جادەکە ئۆتۆمبێلی یەکەم کە زیلێکی پڕ لە پاسدار بوو لە پێچەکە دەرکەوت، دەستبەجێ تەقەمان لێکرد و شەڕ دەستی پێکرد. شەهید محەممەد کە نەیتوانیبوو بۆ لای دەستەکە بگەڕێتەوە و بەرەو لای ئێمەش نەهاتبوو، بە قەدپاڵی کێوی "بەردەسووران"دا بەرەو لای "میرەدێ" ڕۆیشت، بەڵام بەهۆی ئەوەی تەواو لە بەرچاوی سوپای دوژمندا بوو، بە گوللەی ئەوان پێکرا. بەهۆی ئەوەی برینەکەی زۆر کاریگەر بوو و لە ناو بەفرێکی زۆریشدا گیری خواردبوو، هەر لەوێ شەهید بوو. تاقمەکانی تر بەهۆی زۆریی بەفر و بەستەڵەکی ڕووبارەکەوە نەیانتوانیبوو بگەنە شوێنی مەبەست. ئێمە لەسەر جادەکە ماینەوە و کاک مەنسووریش کە گەڕابووەوە لای هاوڕێکان، پێیان دەڵێت: "من بە چاوی خۆم بینیم ئەوان شەهید بوون" (مەبەستی ئێمە بوو، چونکە تەقەیەکی زۆر لە نێوان ئێمە و سوپادا کرابوو). هاوڕێکان کە لە ژیانمان نائومێد دەبن، دوای شەڕێکی قارەمانانە لەگەڵ دوژمن و برینداربوونی دوو پێشمەرگەی بەغیرەت بە ناوەکانی کەریم و عەبدوڵڵا، بۆ ئەوەی زیانی زیاتر نەبێت، پاشەکشە دەکەن بۆ سیادەری خواروو و بریندارەکانیش دەگوێزنەوە بۆ "وزمەڵە". کاتێک سوپا هەستی بە پاشەکشەی هێزەکەمان کرد، بەرەو ڕووی ئێمە هاتن. لە دوای نیوەڕۆوە شەڕێکی زۆر قورس لە نێوان ئێمە و سوپادا دەستی پێکرد. من و کاک خەلیل پەیمانمان بەست کە تا کۆتا فیشەک و شەهیدبوون بەرگری بکەین. شەڕەکە تا درەنگانی ئێوارە بەردەوام بوو. پێش تاریکبوون، دوژمن هێزێکی نوێی یارمەتیدەری لە "میرەدێ"وە بۆ هات و لە پشتەوە گەمارۆیان داین. ئێمە کە تا ئەو کاتە بە شەڕکردن خۆمان گەیاندبووە پشت گاشەبەردێکی گەورە لە نێوقەدی کێوەکەدا، کەوتینە بەر دەستڕێژی چڕی هێزە نوێیەکە. بەداخەوە کاک خەلیل لەوێدا بە سەختی بریندار بوو. سەرەڕای ئەوەش بەردەوام بووین لە بەرگری و ئەو هێزەی پشتەوەمان تێک شکاند. حاڵی کاک خەلیل زۆر خراپ بوو؛ فیشەکەکە بەر ناوەڕاستی پشتی کەوتبوو و لە پەراسوویەوە دەرچووبوو. نەمدەزانی کوێی برینەکەی ببەستم. فیشەکێکی کەمیشمان پێ مابوو، بەڵام هێزی داگیرکەر زیانێکی زۆری بەرکەوتبوو و کوژراو و بریندارێکی زۆریان دابوو. تەقە وردە وردە کز بوو و هەوا بەرەو تاریکبوون دەچوو. ملپێچەکەی خۆمم خستە سەر برینەکەی کاک خەلیل و پێیم بەستەوە، هەردوو تفەنگەکەم کردە شانم و شانی تریشم خستە ژێر باڵی کاک خەلیل و هێدی هێدی بەرەو سەر شاخەکە سەرکەوتین. لە ڕێگادا تووشی تەرمی پاکی کاک محەممەد بووین کە لە نێو بەفرەکەدا کەوتبوو و خەریک بوو بەفر دایدەپۆشی. لەوێ کەمێک کاک خەلیلم دانا و تەرمی شەهید حەمەم هێنایە بن گاشەبەردێک تا کاتێک گەڕاینەوە، بە ئاسانی بیدۆزینەوە و بەفر دای نەپۆشێت. بە هەر زەحمەتێک بوو گەیشتینە سەر لوتکەی شاخی "شاخەسوور". لەوێوە چرای ناو گوندی سیادەر دیار بوو، بەڵام دەنگم نەدەگەیشتێ. کاک خەلیل چراوێڵەیەکی دەستیی پێبوو؛ تا هێزی تێدا بوو ئاماژەمان بە گوندەکە دەدا و هاوارمان دەکرد، بەڵام کەس لە گوندەکە
نەیدەزانی ئێمەین. کاک خەلیلم لەوێ بەجێهێشت تا بتوانم بچم یارمەتی بهێنم. کاتێک لە شاخەکە کەمێک دابەزیم، گوندم لێ ون بوو؛ بە زەحمەتێکی زۆر ڕێگام دۆزییەوە. کاتێک لە گوندەکە نزیک بوومەوە، لە ترسی ئەوەی نەک پاسداری لێبێت، بانگم کرد. لەگەڵ دەنگدانی
مندا، برایەکی پێشمەرگە بە ناوی موحسین کە پاسەوان بوو، یەک بە خۆی هاواری کرد: "هەتیو! تۆ ماویت؟!"

پێشمەرگەکان بە پەلە بەرەو پیرم هاتن و خێرا کۆمەڵێک لە خەڵکی دڵسۆز و پێشمەرگەکانی خۆمان و چەند تێکۆشەرێکی چریکی فیدایی بە هانامانەوە هاتن بۆ هێنانەوەی کاک خەلیل و تەرمی شەهیدەکە. ئەوان زۆر بە ئاسانی کاک خەلیلیان دۆزییەوە، بەڵام تەرمی شەهید محەممەد بەهۆی بەفرەوە داپۆشرابوو و نەیاندۆزیبووەوە. هەر ئەو شەوە خۆم لەگەڵ چەند پێشمەرگەیەک گەڕاینەوە و تەرمەکەمان دۆزییەوە و هێنامانەوە. تا ئێمە تەرمەکەمان هێنایەوە، شەهید کاک عەبدولکەریم کە فەرماندەیەکی لێهاتوو بوو،لەگەڵ کادرێکی دەرمانی بە ناوی کاک ڕێبوار، خێرا ئاژەڵێک سەر دەبڕن و بە پێستە گەرمەکەی، برینەکەی کاک خەلیل دەپێچن (بۆ ڕاگرتنی خوێنبەربوون و گەرمکردنەوەی). بەم جۆرە کاک خەلیل ئەو جارە لە مردن ڕزگاری بوو. هەر ئەو شەوە بە هاوکاریی خەڵکی شۆڕشگێڕی ناوچەکە، بریندارەکان و تەرمی شەهیدەکەمان بە گوندەکانی "وزمەڵە" و "داراوێ"دا گواستەوە بۆ گوندی "گوێزێ". لەوێ خەڵکی بەشەرەفی گوندی "گوێزێ" بە ڕێز و حورمەتەوە تەرمی شەهید محەممەدیان بە خاک سپارد. هەزاران دروود بۆ گیانی پاکی شەهید محەممەد و سوپاس بۆ خەڵکی نیشتمانپەروەری ئەو ناوچەیە.

دواتر بریندارەکانمان لە ڕێگەی "شێخچۆپان" و "گڵۆڵان"ەوە گەیاندە بۆکان، کە ئەو کاتە هێشتا دەستی چەپەڵی ڕژێمی نوێی پێ نەگەیشتبوو. لەوێ نەشتەرگەری بۆ کاک خەلیل کرا و برینەکانیان تیمار کرا؛ دوای ماوەیەک کە برینەکانیان سارێژ بووەوە، گەڕانەوە بۆ ناو بەرەکانی بەرگری و هێزی پێشمەرگە.

کاک خەلیل بەهۆی ئازایی، لێهاتویی و زمانپاراوتییەوە، ڕێزێکی تایبەتی لە ناو خەڵکی کوردستاندا هەبوو. لە ماوەی کار و تێکۆشانیدا لە سازمانی خەبات، زۆر ئەرکی قورسی لەئەستۆ بوو؛ هەر بەرپرسیارێتییەکی پێ بسپێردرایە بە دڵسۆزییەوە ڕای دەپەڕاند. ماوەیەکی زۆر بەرپرسی بارەگا (مەقەر) و چەند ساڵێکیش جێگری فەرماندەی هێزی شەهید مامۆستا سەید خەلیل بوو. کاک خەلیل چوار منداڵی هەبوو؛ ئەو جگەرگۆشانەی لەگەڵ هاوسەرەکەی لە خانووچکەیەکدا لە نزیک بارەگا لەگەڵ بنەماڵەی پێشمەرگەکانی تردا دەژیان. خۆی بە چوار پێنج مانگ دەڕۆیشت بۆ چالاکیی مەیدانی (جەولە). دواتر بەهۆی هێرشی دڕندانەی ڕژێم و داگیرکردنی ناوچە ئازادکراوەکان، بۆ پاراستنی منداڵ و خێزانەکانیان، لە ئۆردوگای زۆرەملێی "قەڵاچوالان" لە باشووری کوردستان نیشتەجێ بوون، کە ئەو کاتە ڕژێمی بەعس خەڵکی گوندەکانی سەر سنووری بە زۆر بۆ ئەوێ ڕاگواستبوو. شەهید خەلیل لەو کاتەدا کە ماڵەکەی لە قەڵاچوالان بوو، ماوەی چوار مانگ بوو لە ناوخۆی وڵات لە چالاکیدا بوو. بۆ سەردانی منداڵەکانی، لە ڕۆژی ٥ی پووشپەڕی ١٣٦٥دا لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی پێشمەرگە بەرەو باشووری کوردستان بەڕێ کەوتن. کاتێک سنووری ئێرانیان بەجێهێشت، گەیشتنە ناوچەیەک کە هێزەکانی عێراقی لێ بوو لە "باسنێ"؛ لەوێ نێوان هێزەکانی عێراق و ئێران بە ئەندازەی دە کیلۆمەتر چۆڵەوانی بوو. پێشمەرگەکان بەهۆی ئەوەی ماوەیەکی زۆر بە پێ ڕۆیشتبوون، زۆر ماندوو بوون و لەو شوێنە چۆڵەدا بۆ کەمێک پشوو وەستان، بەو نیازەی دواتر مۆڵەت لە هێزەکانی عێراق وەربگرن بۆ ئەوەی بە ئاشکرا بەرەو قەڵاچوالان بڕۆن. بەهۆی ماندوێتیی زۆرەوە، فکریان بۆ ئەوە نەچوو کە
ڕەنگە دوژمن زەفەریان پێ ببات.

بە داخێکی گرانەوە، ئەو پۆلە پێشمەرگە قارەمانە بەهۆی پلانێکی چەپەڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بە هاوکاریی گرووپێکی چەکداری خۆفرۆش کە نۆکەری ڕژێمی ئێران بوون، خرانە داوەوە. خۆفرۆشەکان خۆیان وەک هێزی عێراقی نیشان دەدەن و چواردەوریان دەگرن و داوایان لێدەکەن چەکەکانیان دابنێن. پێشمەرگەکان خۆیان دەناسینن و دەڵێن: "ئێمە ئۆپۆزسیۆنین و پێشمەرگەی خەباتین"، بەڵام جاشەکان بە عەرەبی پێیان دەڵێن: "بڕواتان پێناکەین، لە چەکەکانتان دوور بکەونەوە تا بزانین ڕاست دەکەن". کاتێک پێشمەرگەکان لە چەکەکانیان دوور دەکەونەوە، هێرش دەکەنە سەریان و بە جامانە و پشتوێنەکانی خۆیان دەست و چاویان دەبەستن و بەرەو "سوورکێو" دەیانبەن. لەوێدا پێشمەرگەکان تێدەگەن کە کەوتوونەتە ناو پلانێکی خیانەتکارییەوە.

دەیانبەن بۆ شاری بانە و زیندانییان دەکەن. پاسدارێک بە ناوی فەرهاد (کە پێشتر لە لایەن پێشمەرگەکانی خەباتەوە بە دیل گیرابوو و دواتر بەپێی یاسا ئازاد کرابوو)، ببووە فەرماندەی گرووپی لێدانی سوپای پاسداران لە بانە و زۆر نامەردانە ڕەفتاری لەگەڵ خەڵکدا دەکرد. ئەو نامەردە داوا لە کۆمەڵێک خەڵک دەکات کە پێشتر پێشمەرگەی خەبات بوون و خۆیان تەسلیمی ڕژێم کردبووەوە، بچن بۆ بینینی دیلەکان. لە ناو ئەو کەسانەدا چەند خۆفرۆشێک هەبوون کە ببوونە نۆکەری ڕژێم.

کاک خەلیل و هاوڕێکانی کە دەست و قاچیان بەسترابووەوە، ڕووبەڕووی یەکێک لەو جاشە خۆفرۆشانە دەبنەوە کە ڕۆژگارێک هاوسەنگەری کاک خەلیل بوو لە شاخ، بە ناوی ئەحمەد (ناسراو بە دکتۆر ئەحمەد). ئەم تاوانبارە دەچێتە پێش کاک خەلیل و شەقازلەیەکی لێدەدات و پێی دەڵێت: "بۆچی تۆش وەک من خۆت تەسلیم نەکردەوە؟" ڕۆڵەی نەبەز کە قەت زوڵم و قسەی توندی قبووڵ نەکردبوو، لەبەر ئەوەی دەست و قاچی بەند بوو، تەنیا ئەوەندەی پێکرا کە تفێک بکاتە ناوچاوانی دزێوی ئەحمەد دکتۆری جاش. (ئەم بەسەرهاتە یەکێک لەو کەسانەی شایتحاڵ بووە بۆی گێڕاومەتەوە کە ئێستا لە دەرەوەی وڵات لە سوید دەژی و خۆی لە کاری جاشایەتی پاک کردووەتەوە). کاک خەلیل زۆربەی ژیانی پێشمەرگایەتی خۆی لە ناوچەی بانە بەڕێ کرد و ئەرکی جۆراوجۆری شۆڕشی لەسەر شان بوو؛ لە ناوچەکانی تریش وەک کامیاران، سنە، سەقز، مەهاباد، بۆکان و سەردەشت چالاکیی بێوێنەی ئەنجام دا. دواجار لە ٥ی پووشپەڕی ١٣٦٥ کاتێک لە جەولەیەکی دوورودرێژ لە قووڵایی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بەرەو باشووری کوردستان دەگەڕایەوە بۆ دیتنی منداڵەکانی، بەو پلانە نامرۆڤانەیە دەستبەسەر کرا.

لە ماوەی زیندانیکردنیدا، دەیان جار لە لایەن بەرپرسانی ڕژێمەوە داوای لێکرا تۆبەننامە واژۆ بکات تا سزاکەی کەم بکەنەوە، بەڵام بەوپەڕی شەرەف و ئازایەتییەوە بە گژیاندا دەچووەوە و گاڵتەی بە داواکارییەکانیان دەکرد. کاتێک زانیان ناتوانن ئیرادەی تێکبشکێنن، گواستیانەوە بۆ بەندیخانەی سەقز. لە سەقز، لەگەڵ کۆمەڵێک پێشمەرگە و لایەنگری هێزەکانی تر و هاوسەنگەرەکانی خۆی وەک: کاک حەسەن سەلیمی، کاک عەبدوڵڵا هەمزە، کاک تاھیر یاقوباوایی، کاک غەفوور شیوەڵەیی و کاک تالیب بڵەسەنی، لە شەوی ١٤ی خەرمانانی ١٣٦٨دا دوای سێ ساڵ و چەند مانگ لە ئەشکەنجە و ئازار، لە لایەن داگیرکەرانەوە لەسێدارە دران.

ڕژێم لە ترسی ناڕەزایەتیی خەڵک، تەرمی پاکی شەهیدەکانی گواستەوە بۆ گۆڕستانێک لە بیجاڕ کە بە کۆنەپەرستیی خۆیان پێی دەڵێن "لەعنەتئاوا" و تا ئێستاش کەس نازانێت لە کوێ تەرمەکانیان شاردووەتەوە. چەند ڕۆژ دوای شەهیدکردنیان، جلوبەرگ و کەلوپەلەکانیان بۆ بنەماڵەکانیان ناردەوە و پێیان ڕاگەیاندن کە لەسێدارە دراون. شەهید خەلیل یەکەم شەهیدی بنەماڵەکەی نییە؛ پێشتر برایەکی بە ناوی کاک وەفا و خالۆزایەکی بە ناوی کاک حەسەن (حەسەن بازووکا) لە پێناو ئازادیی گەلی کورد و لە ڕیزەکانی سازمانی خەباتدا گیانیان فیدا کردبوو.

هەزاران سڵاو لە ڕۆحی پاک و بێگەردی کاک خەلیل و سەرجەم شەهیدانی سوورخەڵاتی ڕێگەی ڕزگاریی کوردستان.