دڵەکەم، دڵە پڕ لە کوڵەکەم! دڵە پڕ لە هەستەکەم، هەستە لە خەوی خەم و پەژارە، چاو
بگڵۆفە بزانە چی دیارە. تەمی خەم بڕەوێنەوە بە هەناسەی ساردی کوردی ئاوارە. سیخواری
پەژارە لە پێڵوی خوێنتێزاوی تێچزا و برژانگی ژەنگاویت بە دەستەسڕێک بسڕە. سەر
هەڵبڕە و بڕوانە کاروانی دڵانی پڕ لە کوڵ، عادڵانی بەباوەڕ؛ باوەڕی پڕ بە دڵ،
کاروانی ئەوینداری خەبات دەبزوون، ئارام و مات و خەمگین، بەڵام تا بڵێی بەوورە و
سەنگین. کەوتوونەتەڕێ لە کوێوە بەرەو کوێ؟ لە کوردستانەوە، لە گەرمیان و کوێستانەوە
بەرەو چەمی زاخێ، کە سەرزمانی ئاخ و داخە.
سروەی بای بەرەبەیانی ٢١ی خەرمانان، هەواڵێکی پێداون؛ هەواڵێکی دڵتەزێنی بۆ هێناون بە دەم و لێوی خوێناوییەوە، کە چەمی زاخێ بووەتە قۆناغی حەسانەوەی یەکجاریی قارەمانی بەئیمانی کوردەواری. هەواڵی داوە کە ڕۆڵەی بەئەمەگی کوردستان، تەرمی پڕ لە زامی کۆن و نوێی بە پیری دەستە تیرکەوانی کەوانەدۆڵ سپاردووە و گیانی بەرزی بەرەو بەهەشتی شەهیدان و جێی ڕەحمەتی یەزدان لە شەقەی باڵی داوە. هەواڵی داوە کە چەمی زاخێ ڕەنگاوڕەنگ بووە بە خوێنی قارەمانانی کورد و هەڤاڵانی دڵبەئیمان. سروەی بەرەبەیانی ٢١ی خەرمانان، وێنەی دەشت و دۆڵی ڕەنگین بە خوێنی چەمی زاخێی نواندووە، کە بە خوێنی پاکی شۆڕەشگێڕە لاوان، قامیشەڵانی دێر بە دێر ڕەنگاوە؛ ئاڵای ئازادیی کوردستانە هەڵکراوە، یان دێر بە دێری قارەمانی و شانازیی شەهیدانە لەسەر
باڵی قامیشەڵان نووسراوە. یان کۆتەڵی بەژنی بە شێر داخراوە بۆ شەهیدانی چەمی زاخێ. بڕوانە! پۆل پۆل دڵی قارەمانپەروەری کوردستان بەرەو تەرمی گەرمی شەهیدانی ٢١ی خەرمانان دەڕۆن. ئەوان دوای دیداریان لەگەڵ ڕۆڵەی بەوورە و گیانبەخش، لەسەر دەستی کوردستان، پەیمانی خۆشەویستی دەنوێژنەوە. دەڕۆن تا وێنەی تەرمی لە خوێندا شەڵاڵی ڕۆڵە ناودارەکەی شۆڕشی کوردستان بگرن و بیکەنە بەڵگەی بیرەوەری لەسەر شانی هەڤاڵە قارەمانەکانی کە لاپەڕەکانی توێ توێی دڵانیانی پڕ کردووەتەوە. دەڕۆن بگەنە تەرمی شەهید سەید عەبدولکەریمی حوسێنی کە ئازادیخوازانی کوردستان دەیانناسی و کۆڕ و دانیشتنەکانیان بە باسی ئەو دەڕازاندەوە. ئەو ڕۆڵە بەنرخەی کوردستان، کە تا بڵێی قارەمان و دلێر بوو، وورەبەخشی دڵی خەباتگێڕان بوو. خۆشەویستی پیاو و ژن، پیر و لاو بوو؛ پڵنگ و شێر بوو، وریا و بێڕیا و خاوەن بڕیار و دەستبەکار بوو. وورەی دڵی پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان بوو؛ لە هەمان کاتدا، ژیانی ئەو بووبووە جێی ژان و ئازار بۆ نەیارانی کورد و کوردفرۆشان، و مەرگیئەویش بوو بە جێی شادمانیی ئەوان. زۆریان خەون بە نەمانییەوە دەبینی، بەڵام درۆ بوو، تا لە ٢١ی خەرماناندا خەونەکەیان هاتە دی. بەڵێ، خەرمانان بوو بە شادیی نەیارانی کورد و کوردستان و خوێنمژ و هەلپەرستان، بەڵام لە ڕاستیدا بوو بە خەرمانانی شانازیی کورد، شۆڕش، پێشمەرگە و سازمانی خەبات. مانگی خەرمانان کە سەرەتاکەی بە جەژنی دامەزراندنی سازمانی خەبات دەست پێدەکات، کۆتاییەکانی بە شانازیی لەخۆبردوویی و گیانبەختکردنی ئازیزترین ڕۆڵەکانی سازمانی خەبات کۆتایی هات. جەژنی سازمانی خەبات لە ٥ی خەرماناندا گیرا، بەڵام ئەستێرەی پێنجپەڕی شانازی لە سەرەتای سێیەمین دەیەی ٢١ی خەرماناندا، لە چەمی زاخێ سەری هەڵدا و لە قەندیلی سەربەرزەوە پێی لە زەوی بڕی و بوو بە ئەستێرەی ڕۆژی ڕزگاریی کوردەواری و درەوشایەوە. سەرکاروانی شەهیدانی خەرمانانی سازمانی خەبات، سەید عەبدولکەریمی حوسێنییە، کە ژیانی شانازی بوو بۆ سازمانی خەبات و خەباتگێڕانی کوردستان، و شەهادەتیشی سەربەرزیی پێشمەرگەی خەبات و دەستکەوتی مەزنی شۆڕشی کوردستانە. شەهید سەید عەبدولکەریمی حوسێنی لە ٢٦ی بانەمەڕی ١٣٣٧ لە بنەماڵەیەکی ڕێبەری ئاینی و شۆڕشگێڕی کوردپەروەر لە گەڕەکی خوارووی شاری بانە لەدایک بوو. لە شەش ساڵییەوە
دەستی کرد بە خوێندنی قورئانی پیرۆز و لە تەمەنی ٨ ساڵیدا نێردرایە قوتابخانە. دوانزە پۆلی خوێند کە شۆڕشی دژ بە شا لە ئێراندا دەستی پێکرد. باوکی یەکێک بوو لە پێشەنگ و کەسایەتییە بەرچاوەکانی ئەو ڕاپەڕینە لە کوردستاندا. شەهید سەید عەبدولکەریم لە منداڵییەوە هەستی بە ستەمی نەتەوایەتی دەکرد. بەپێی
ئامۆژگاری و ڕێنوێنییەکانی باوکی، هەستی شۆڕشگێڕی، ئازادیخوازی و کوردایەتی تێدا گەشەی کرد و بە گەرمی لەگەڵ باوکی و ڕۆڵە بەشەرەفەکانی شارەکەی لە شۆڕشی دژی شادا هاوبەش بوو. شەهید سەید عەبدولکەریم ڕۆڵەیەکی چاونەترس، خاوەن بڕیار و لێبڕاو بوو؛ لە ڕۆژی ١٦ی ڕێبەندانی ١٣٥٧دا، کاتێک دوژمن هێرشی هێنایە ناو شاری بانە، بە دەمانچەکەی دەستی هاوبەشی لە پاراستنی شارەکەیدا کرد. شەهید سەید عەبدولکەریم لە کامیاران، سەر شەقامی سەقز، سنە، شاری سەقز، دۆڵی میرەدێ، بۆکان، چۆمی مەجیدخان، سەردەشت و تەواوی ناوچەکانی دەوروبەری بانە لە دەستپێشخەرانی شەڕ دژی داگیرکەران بوو و لە زۆربەی داستانە قارەمانی و گیانبازییەکاندا بەشدار بوو. شەهید عەبدولکەریم لاوێکی پاک، دوور لە کار و کردەوەی خراپ، پڕ لە مەردایەتی و دڵسۆزی بوو. بۆ هەموو نەتەوەیەک یاریدەدەر بوو، تەنیا ئاواتی بۆ کورد دەخواست و توانای خۆی بۆ خزمەتی کورد بەکار دەهێنا. شەهید سەید عەبدولکەریمی حوسێنی خەڵکی پارچەکانی تری کوردستانی وەک برای خۆی خۆش دەویست و هەرکەسێک دەیناسی، متمانەی تەواوی پێی هەبوو. ئەو بەڕاستی ئەستێرەیەکی درەوشاوەی ئاسمانی کوردەواری بوو؛ چرای تاریکیی شەوگاری دەربەدەری و لێقەماوان بوو. ڕۆڵەی ڕۆژانی تەنگانە بوو و گرێی سەختی کێشەکانی دەکردەوە.
شەهید سەید عەبدولکەریم لاپەڕەکانی مێژووی کوردستانی ئێرانی بە حەماسە کەم وێنانەی خۆی پڕ کردەوە و وێنەی ڕوخسارە شیرینەکەی خۆی کردە تابلۆی کوردایەتی لە دڵی کوردپەروەراندا. شەهید عەبدولکەریم قارەمانی و شانازییەکانی خۆی کردە هیوا و ئومێدی دڵی کوردی نیشتمانپەروەر و داخێکی گران لەسەر دڵی دوژمنان، خۆفرۆشان و هەلپەرستان. ئەو لە دڵی گەلەکەیدا دەمێنێتەوە و وەک شاعیر دەڵێت: (نامرن ئەوانە وا لە دڵی میللەتا دەژین). شەهید سەید عەبدولکەریم هەزاران داخی بە دڵی دوژمنانی کورد و نۆکەرە ئەڵقەلەگوێیەکانیان دانا، و ڕێگەی شەهادەتی هەر لە ڕۆژانی سەرەتاوە بۆ خۆی هەڵبژارد
و بە شانازییەوە بەرەوپیری چوو. نەیارانیش کوا دەتوانن بە گۆڕینی گۆڕی پیرۆزی، تەنیایی و شکستی دڵی خۆیان سارێژ بکەن؟ شەهید سەید عەبدولکەریم خۆشەویستی کوڕانی بەشەرەفی کوردەوارییە؛ هەرچەند دوژمن داخی خۆی بەسەر تەرمە پیرۆزەکەیدا بڕێژێت، هێندە تین و جۆش و تووڕەیی دژ بەو دوژمنە و نۆکەرەکانی لە دڵی ڕۆڵە بەشەرەفەکاندا گەرمتر دەبێت و پێداگرتر دەبن لەسەر درێژەدان بە ڕێبازەکەی ئەو و هەڤاڵانی لە ڕێگەی خەبات و شەهادەتدا.
پیرۆز بێت یادی حەماسە و قارەمانییەکانی شەهید سەید عەبدولکەریم، چراوخان و ڕووناککەرەوەی دڵی ڕۆڵەکانی کوردەواری. پیرۆز بێت و پیرۆزتر بێت تەرمی گۆڕاوگۆڕ پێکراوی شەهید سەید عەبدولکەریم و هەڤاڵانی. ئاوەدان بێت ڕێگەی پڕ لە شانازیی خەبات و تێکۆشان؛ سەرکەوتوو بن میراتگران و تۆڵەئەستێنانی شەهیدانی کوردستان. لە ٣٣هەمین ساڵیادی شەهادەتی سەرکردە و فەرماندە، شەهید سەید عەبدولکەریم و هەڤاڵانیدا
نووسینی: بابەشێخ حوسەینی
نەبەزین، نەسرەوتن و تێکۆشان لە پێناو بەختەوەریی گەل و نیشتماندا، و لە ئاکامدا فیداکردنی گیان، کارێکی ئاسان نییە. هەر بۆیەش کاری هەموو کەسێک نییە کە بتوانێت لە مەیدانی جەنگی سیاسی و سەربازیدا خۆ ڕابگرێت و تا کۆتایی بەردەوام بێت. شەهیدی سەرکردە، کاک عەبدولکەریم، لە ڕۆڵە دەگمەنەکانی کوردستان بوو کە نەک تەنیا لە مەیدانی کاری پێشمەرگانە و فەرماندەییدا نموونە بوو، بەڵکوو لە کاری ڕێکخستن و کاری سیاسیی ڕاستگۆیانەشدا پێشەنگ و لێهاتوو بوو. ئەو کەسێکی سادە و کۆمەڵایەتی بوو؛ ڕێزی لە پیر و منداڵ و هەر تاکێکی هاونیشتمانی و هاوسەنگەرانی دەگرت. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەو ئەوە بوو کە زۆر بەباشی بیر و بۆچوونی دەوروبەری دەخوێندەوە و پێش ئەنجامدانی هەر کارێک، بە قووڵی و بە وردی بیری لێ دەکردەوە. لە کاتی کاریشدا
هەوڵی دەدا بە باشترین شێوە و بە سەرکەوتوویی کارەکەی بەڕێوە ببات. لەو کاتانەی کە کوردستان کەوتە بەر هێرشی دڕندانەی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕژێمی
ئاخوندی، بەداخەوە هەر لەو سەردەمەدا سازمانی خەبات کەوتە بەر هێرشی پڕوپاگەندەیی (تەبلیغاتی) و چەکداریی ناڕەوای لایەنەکانی تری کوردستان و هەوڵی لەناوبردن و نەمانی سازمان دەدرا؛ لەو کاتەدا شەهیدی سەرکردە یەکێک لە ئاڵاهەڵگر و پێشڕەوانی پاراستنی بوونی (مەوجودیەتی) سازمان بوو. لە بەهاری ساڵی ١٣٦٠دا، یەکێک لە هێزەکانی کوردستان دەوری بنکەی سازمانی خەباتیان لە "قەڵای خەبات" دا و ڕایانگەیاند کە نابێت پێشمەرگەکانی سازمان و بەتایبەت سەید عەبدولکەریم لە ناو خەڵکدا هەڵسووڕانیان هەبێت. بەداخەوە لەو کاتەدا یەکێک لە بەرپرسەکانی سازمان بێ گەڕانەوە بۆ بڕیاری سەرکردایەتی، بە داواکاریی ئەو لایەنە ڕازی ببوو. بەڵام شەهیدی فەرماندە، بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت کە کوردستان هینی هەمووانە و کەس مافی سنووردارکردنی چالاکیی هیچ هێزێکی تێکۆشەری نییە، لەگەڵ ژمارەیەک لە پێشمەرگەکان بەرەو گوندی "یارمەردە" و ناوچەی "تاژان" لە دەوروبەری بانە بەڕێ کەوتن. لە تاژان کەوتنە بەر هێرش، بەڵام بە قارەمانیی کەموینەی کاک عەبدولکەریم، ئەو بڕیارە ناڕەوایە پووچەڵ کرایەوە و قارەمانانی سازمانی خەبات بە دوورکەوتنەوە لە ئاڵۆزی و ناکۆکیی ناوخۆیی، لە مەیدانی ڕەوای شۆڕشی نیشتمانیدا، سەربەرزانە درێژەیان بە ئەرکەکانیان دا و بۆ هەمیشە نەخشەڕێگای پاراستنی کەرامەت و بوونی شۆڕشی پاک و بێگەردی کوردایەتی و سازمانی خەباتیان گەڵاڵە کرد. لە مەیدانی ڕووبەڕووبوونەوەی هێزە داگیرکەرەکانی ڕژێمی سەرکوتگەری ئاخوندیدا،
قارەمانی و لێهاتویی کاک عەبدولکەریمی سەرکردە لە ناوچەکانی کامیاران، سنە، سەقز، بۆکان، سەردەشت و بەتایبەت ناوچەی بانە، نموونەی نەبەردی کەموینەن کە بۆ هەمیشە لە مێژووی سەروەرییەکانی گەلی کورددا تۆمار کراون. شەڕەکانی کامیاران، ئێرانشا و تیلەکۆی ناوچەی سەقز، فەرماندەیی گرتنی بەشێک لە سەربازگەی بانە لە شەڕی سێ مانگەدا، شەڕی ١٠ی خەزەڵوەر و ڕووبەڕووبوونەوەی هێزی دوژمن لە دێی "کەوپێچ"، بەشداریی چالاکانە لە شەڕی مەزنی "دارساوێن"، فەرماندەیی گرتنی دوو بنکەی گەورەی دوژمن لە شارەدێی "شوی" لە بانە، فەرماندەیی شەڕی گەورەی "قەبەغڵو"ی سەقز و لەناوبردنی هێزەکانی دوژمن، فەرماندەیی گرتنی بنکەی "ماماڵ" لە بانە، فەرماندەیی گرتنی بنکەی "سیچان"، فەرماندەیی گرتنی بنکەی "یاقوباوە"، فەرماندەیی و بەشداریی چالاکانە لە شەڕی گەورەی "مەردەکان" لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی حیزبی دیموکرات کە بووە هۆی تێکشکاندن و لەناوبردنی هێزەکانی دوژمن، و دەیان
قارەمانی و چالاکیی کەموینەی تر، بەڵگەی ڕوونن لە لێوەشاوەیی ئەو فەرماندە خۆشەویست و خاکیەی گەلی کورد و سازمانی خەبات. بەڵێ، شەهید کاک عەبدوڵکەریمی سەرکردە و فەرماندەی قارەمانی گەلی کورد و سازمانی خەبات، مێژوویەکی پاک و بێگەرد و دەیان پێناسە و ناسنامەی سەروەریی پێشکەش بە
ڕێبوارانی ڕێگەی ئازادی کردووە. لە هەر سەردەم، کۆڕ و تەنگانەیەکدا، پێویستە ڕێبوارانی ڕێبازی سازمانی خەبات پشت بە دەستکەوت، ئازایەتی و لێهاتوییەکانی
فەرماندەکان و سەروەرییەکانیان ببەستن و ڕووسوورانە و چاونەترسانە بەردەوام بن لەسەر ڕێبازی پاکی سازمانی خەبات و درێژە بە تێکۆشان بدەن.
بەداخەوە لە شەوی ٢٠ لەسەر ٢١ی خەرمانانی ساڵی ١٣٦٦ی کۆچی خۆریدا، فەرماندەی لێهاتووی گەلی کورد لەگەڵ ژمارەیەک لە پێشمەرگەکانی سازمانی خەبات لە "چەمی زاخێ" لە ناوچەی سیوەیلی کوردستانی عێراق، کەوتنە ناو کەمین و مەیدانی مینی دوژمنەوە. بەداخەوە کاک عەبدوڵکەریم، کاک خەلیل پاشایی، کاک ساڵح ڕەسووڵی و هاونیشتمانییەکی کورد کە وەک شارەزا هاوڕێمان بوو، شەهید بوون و گیانی بەرزیان بەخشی لە پێناو ڕزگاریی گەلی کورد و ئازادیی نیشتمان و شۆڕشی ڕەوا لە بەرامبەر دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئاخوندی لە ئێراندا.
هەزاران سڵاو لە یاد و ناوی سەرکردە و فەرماندەی قارەمان، شەهید سەید عەبدولکەریمی حوسێنی، شەهید کاک خەلیل پاشایی، شەهید کاک ساڵح ڕەسووڵی و تێکڕای شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاری و ئازادیی کوردستان و شەهیدانی شۆڕشی ڕەوا لە بەرامبەر دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئاخوندی لە ئێراندا.

