هاونیشتمانیانی موسڵمان لە کوردستان!

موسڵمان لە ئێران و جیهان!

بە بۆنەی جێژنی قوربان، جێژنی فیداکاری و گیان بەخشین لە پێناو باوەڕو بڕیاڕی یەزدانی بێ‌ هاوتا،جێژنی بە گژدا هاتنەوەی ستەمگەران و بێدادی و جێژنی هاوکاری و یارمەتی هەژاران و لێقەوماوان، گەرمترین پیرۆزبایی بە موسڵمانان لە کوردستان،ئێران و جیهان پێشکەش دەکەم. لە کاتێکدا جێژنی قوربان بەرز ڕادەگرین کە بە داخەوە ڕژیمی دەسەڵاتدار لە ئێران، ئارامی بۆ جەماوەر نەهێشتۆەو بۆتە هۆی بێکاری، گرانی، ستەم و جینایەت.

گەندەڵی دەسەڵاتداران، ژیانی جەماوەری سەخت کردوەو قەیرانی جیاجیا، بەرۆکی خەڵک بەتێکڕاو نەتەوەو ناوچەو شارەکانی کوردستان، بلوچستان و خوزستان بە تایبەتی گرتۆتەوە. لە ئێستادا جەماوەری عەرەب زمان لە ناوچەو شارەکانی خوزستان لە بەر بێ‌ ئاوی و ووشکەساڵی لە کێشەدان و لەدوای دەربڕین و ڕاگەیاندنی داواکانیان، کەوتونە بەر بێڕەحمانەترین سەرکوت و ستەم و چەوسانەوەو تا ئێستا سێ کەس لە هاووڵاتیانی عەرەب لە لایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیمی دەسەڵاتدار لە ئێران شەهید کراون.

ستەم و بیعەداڵەتی دەسەڵاتی دیکتاتۆر لە ئێران لە بەرانبەر نەتەوەکانی ئێران بە گشتی و بە دیاری کراوی لە بەرانبەر گەلی کوردی خاوەن مێژوو هەزاران ساڵە، ئەو ڕاستیەمان بۆ دەسەلمێنێ‌ کە دەسەڵات لە ئێران لە کۆن تا ئێستا نایانهەوێ‌ و نەیان ویستوە مافەڕەواکانی گەلانی ئێران قەبوڵ بکەن، کە ئەوکردەوە دزێوانەی دەسەڵاتداران لە کۆن تا ئێستا بۆتە هۆی شێواوی و ناسەقامگیری لە ئێراندا.

پەراوێز خستنی جەماوەری کوردو تێکڕای نەتەوەکانی ستەم لێکراو لە ئێران سەرچاوەکەی لە هەستی ڕەگەزپەرەستی و زاڵ کردنی بڕیاڕی کەمینە بە سەر زۆرینەداو پێشێلکردنی هەموو بنەما ئینسانی و ئایینی و دیموکراتیکەکانە کە هیچ کات سەرکەوتوو نابێ. بەم بۆنەوە سیاسەتی دژمنانەی دەسەڵاتداری دیکتاتۆر لە ئێران بەرانبەر خەڵکی خوزستان بە توندی مەحکوم دەکەم و دڵنیام کە ئازادی بۆ گەلانی ستەملێکراوی ئێران دێتە دیی.

لە گەڵ پیرۆزبایی دووبارەم بە بۆنەی جێژنی قوربان

بابەشێخ حوسەینی

سکرتێری گشتی سازمانی خه‌‌‌بات

٢٩ ی پوشپەڕی ١٤٠ ٠  کۆچی خۆری