هاونیشتمانیانی تێكۆشەر! مامۆستایانی ئایینی بەڕێز! بە داخەوە جارێكی دیكە دەسەڵاتی دیكتاتۆری ئاخوندی و دژی كورد، دژی مرۆڤ، دژی ئیسلام، دژی ئازادی و دیموكراسی و دژی هاونیشتمانیانی سوننی، بێ‌ رێزی و هێرشی ناڕەوا دەكاتە مامۆستایانی ئایینی سوننی لە شارەكانی كوردستانی ئێران و بلوچستان و سەرانسەری ئێران . هەر لە درێژەی تاوانكاریەكانی ناوەندە سەركوتگەریەكانی ڕژیم و شۆڕای بە ناو ڕۆحانیەتی خامنەیی، بە داخەوە مامۆستا لوقمان ئەمینی لە شاری سنە، مامۆستا سابیر خودامورادی لە شارەدێی فەوخی سەقز و مامۆستا ئایەت غولامی لە شاری كرماشان، بە ناڕەواو بە بێ‌ هیچ تاوانێك و تەنیا لە بەر كورد بوون و سوننی بوون، حوكمی قورسیان بەسەردا سەپێندراوە. بەم هۆیەوە بە ناوی خۆم و سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران، داوای خێراو بە پەلە لە جەماوەری خۆراگری كوردستان بەتێكڕاو لە مامۆستایانی ئایینی لە شارو دێ‌ و گوندەكانی كوردستانی ئێران و لە هەموو مرۆڤە خاوەن هەڵوێست و دڵسۆزەكان دەكەم بە هەر ڕێگەیەك دەتوانن بە دەربڕێنی ناڕەزایەتی و بە ووتنەوەی دروشم لە شوێنە گشتیەكان لە بەرانبەر تاوانی ڕژیمی دیكتاتۆری ئاخوندی دژ به ئازادیخوزان و مامۆستایانی نیشتمان پەروەر، هەڵوێست بگرن. هەروەها داوا لە مامۆستایانی ئایینی شارو دێی و گوندەكانی كوردستان دەكەم لە ووتارەكان و لە پەیامەكانیاندا لە بەرانبەر دەسەلاتدارانی گەندەڵ و دژی ئینسان و دژی ئیسلام و دژی سوننی و دژمنی مامۆستایانی سوننی هەڵوێست بگرن و سیاسەتە چەپەڵەكانی ڕژیمی ئاخوندی بە توندی مەحكوم بكەن و داوای ئازادیی بە پەلەو بێ‌ مەرجی مامۆستایانی ئایینی كوردو سوننی بكەن. مەرگ و نەمان بۆ ڕژیمی دیكتاتۆری ئاخوندی ئازادی و رزگاری بۆ گەلی كوردو گەلانی ستەملێكراوی ئێران و ئازادیی خێرا بۆ مامۆستا لوقمان ئەمینی، مامۆستا سابیر خودامورادی و مامۆستا ئایەت غولامی.

سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران

سكرتێری گشتی بابەشێخ حوسەینی

۴ی بانەمەڕی ۱۴۰۴ی كۆچی خۆری