رۆژانی ٢ بۆ ٥ی گەلاوێژی ١٣٩٩ی کۆچی خۆری، کۆبوونەوەی شۆرای میللی مقاومەت کە هاوکات بوو لەگەڵ ٤٠ ساڵەی دامەزرانی شۆرای ملی مقاومەتی ئێران، بە بەشداری خانمی مریەم ڕەجەوی و ئەندامانی شۆرا و ژمارەیەک میوان و چاودێر بەڕێوەچوو. لەو کۆبوونەوەیەدا، کاک بابەشێخی حوسێنی سکرتێری گشتیی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران وەکوو میوان و چاودێر بەشداری کردبوو، پەیامێکی پێشکەش کرد کە تیایدا هاتبوو: "پێش هەر شتێک سپاستان دەکەم بۆ بانگهێشتی بەندە وەکوو چاودێر لە کۆبوونەوەی شۆرا، خۆشحاڵم بە بۆنەی چلەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی شۆرای ملی مقاومەت پیرۆزبایی لە بەڕێز مەسعودی ڕەجەوی، ڕێبەری شۆڕشگێڕ و بەرپرسی شۆرا و خانمی مریەمی ڕەجەوی، سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی شۆرای ملی مقاومەت و ئەندامانی بەڕێزی شۆرا بکەم."

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی بەڕێز سکرتێری گشتیی سازماندا ئاماژە بەوە کرابوو کە: "ئەگەرچی سازمانی خەبات ئەندامی شۆرای ملی مقاومەت نییە، بەڵام هاوپەیمانە لەگەڵی و بۆ گەیشتن بە بەرنامە، پەسەندکراو و ئامانجە بەرزەکانی هەتا ڕووخانی ڕژێمی پاوانخوازی ئاخوندی و جێگیربوونی ئازادی لە ئێران، یار و هاوکار دەمێنێ." دۆستانی بەڕێز! هەر وەک ئاگادارن ڕژێمی بێزراوی ئاخوندی بە هەموو توانا درێژە بە سەرکوتی خەڵکی ئێران و بەتایبەت نەتەوەی کورد دەدا و ڕۆژانە بە بیانووی بێ‌بنەما لاوانی کورد ڕەوانەی بەندیخانە و ئەشکەنجە دەکات و چالاکانی سیاسی لەسێدارە دەدا. لە ماوەی ٨ مانگدا حوکمی زیندانی بەسەر زیاتر لە ١٠٠ کەسدا سەپاندووە، لەوانە سابیر شێخ عەبدوڵا، دیاکۆ ڕەسووڵزادە و هیدایەت عەبدوڵاپووری لەسێدارە داوە. هەر لەو ڕۆژانەدا، زارا محەمەدی، حوسێن عوسمانی و زێنەب جەلالیان و ژمارەیەکی دیکەی مەحکووم بە زیندانی درێژخایەن کردووە. لەگەڵ سەرکوت و جینایەتە نامرۆییەکان، خەڵکی کورد و بەتایبەت لاوانی هوشیار و شۆڕشگێڕ، خەبات و خۆڕاگری لە بەرانبەر دەسەڵاتداریی نامەشرووعی ئاخوندی درێژە پێ دەدەن. جێگەی خۆشحاڵییە کە ئەندامانی سازمانی خەباتی کوردستان لەو ڕێگەیەی کە سازمانی خەبات لە سەرەتای دەسەڵاتداریی ئاخوندان لە ساڵی ١٣٥٨ی کۆچی خۆری هێنایە پێش و جێبەجێی کرد، بە ئاخوندەکانی گوت "نا" و لەو ڕێگەیەوە لووتی پاسدارانی تاوانکار و داگیرکەری لە عەرز دا.

شەڕی گەورەی پێشمەرگەکانی سازمانی خەبات بە سەرکردایەتی مامۆستا سەید جەلال حوسەینی، دامەزرێنەری سازمانی خەبات لە ١٠ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٥٨ کە تیایدا ستوونێکی تەواوی بەکرێگیراوانی ڕژێمیان لەناو برد، خومەینی ناچار بە پاشەکشە و ئاگربەست کرد. سیاسەتی بنەڕەتی سازمانی خەبات لە سەرەتاوە و لە دوای ناسینی ئاخوندەکان ئەوە بوو کە لە بەرامبەریاندا خۆڕاگری بکات. سیاسەتی سازمانی خەبات لەسەر ئەسڵە شۆڕشگێڕییەکان دامەزراوە و نەفیی "شا" و "خومەینی" کردووە، چونکە ڕێبەری سازمانی خەبات یەکێک لە جیددیترین کەسایەتییە سیاسییەکانی دژ بە شا بووە و بە دیاریکراویش یەکێک لە کەسایەتییە جیددییەکان بوو دژ بە ڕژێمی خومەینی. کاک بابەشێخ لە پێوەند بە دۆستایەتی و هاوپەیمانیی سازمانی خەبات و سازمانی موجاهیدین وتی: "سازمانی خەبات لەسەر ئەو ئەساسە لەگەڵ سازمانی موجاهیدینی خەڵکی ئێران و شۆرای ملی مقاومەتی ئێران تا ڕووخانی ڕژێمی ئاخوندی هاوپەیمان دەبێ و پشتیوانی لە بەرنامەی ١٠ مادەیی خانمی ڕەجەوی دەکات."