لەدرێژەی شەپۆلی تەقینەوەی رەقی پەنگخواردووی چەند دەیەی رابردووی خەڵکی ئێران بە گشتی، لە چەند رۆژی رابردوو بازاریانی تاران بە نیشانەی نارەزایەتی بە گرانی و دارمانی نرخی یەکەی پووڵێ‌ ئێران و نەبوونی بازار و شێواوی ئابووری رژاونەتە سەر شەقام و دوکان و بازاریان بە تەواوی داخستووە و درشمەکانیان ئیتر تەنیا هێما بو دۆخی ئابووری و داوای چارەسەر ناکات، بەڵکو تەواویەتی نیزام کراوەتە ئامانج و دروشمی خەڵک بیزاری لە دیکتاتۆریەت و پێکهاتەی رژیمی ئاخوندی بە هەموو بەشەکانی پێوە دیارە. 

سیاسەتی شەرئەنگێزانە و زێدەخوازییە بەردەوام و نارەواکانی دەسەڵاتی شوومی ئاخوندان لە ئاستی دەرەکی و بە فیرۆ دانی سەرمایە و داهاتەکانی وەلات لە رێگەی پاڵپشت و بەهێز کردنی هێزە ترۆریستیەکان و برەو پێدانی ترۆر و ترۆریسم لە ناوچەکە و جیهان و سیاسەتی پەرەپێدانی چەکی کۆمەڵکوژ و هەموو هەڵە ئیستراتیژییەکانی رابردووی ئاخوندان و شکستە بەردەوامەکان وەها دۆخێکی پڕ قەیراناویی بۆ  خەڵک سازکردووە کە بەرگە گرتنی مەحاڵ کردووە و رۆژ لە دووی رۆژ بازنەی نارەزایەتیەکان پەرە گرتووتر و بەرفراوانتر دەبێتەوە.

نارەزایەتیەکان لە لایەن خەڵکەوە فۆرم  و رواڵەتی ریکخراو و ئورگانیزاسیۆنی پێوە دیارە و هێمای شۆڕشێکی بەرفراوانی هەمەگیری لێ دەردەکەوێ‌.   هەر  لەوچوارچێوەیەش دا کوردستان دەوری پێشەنگایەتی هەیە و لوتکەی پێگەیشتووی و بوێری و بەردەوامی لەسەر گەیشتن بە ماف و بەردەوامی خرۆشان و راپەرین دژی دسەڵات  لە نارەزایەتیەکانی شاری بانە و مانگرتنە 25 رۆژییەکەی ئەو شارە خۆی نیشان دا. 

هەموو فاکت و نیشانەکان باس لە هاتنە ئارای قۆناغیکی نوێ دەکەن کە تێیدا دەسەڵات زیاتر لە هەر کاتێکی تر خراوەتە ژێر فشار و لە هەموو رووەکانی دەرەوە و ناوخو لەگەڵ قەیرانی یەکجار گەورە روبەرووویە و دوورەدیمەنی چارەسەری ئەو قەیرانانەش زۆر ڵێل و ناروونە و زەحمەتە ئەو دەسەلاتە بتوانێ‌ لە ژێر قورسایی ئەو کێشە جیدیانە پشتی راست بکاتەوە. 

سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران پشتیوانی تەواوی خوی لە نارەزایەتی و مانگرتنی بازاریانی شاری تاران و سەرجەم چین و توێژە نارازییەکان لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران دەکات و  یەکگرتوویی و یەکریزی و یەکانیگیری سەرجەم ئازادیخوازانی گەلانی ئێران لەبەرانبەر رژیمی دیکتاتۆری ئاخوندان بە رەمزی سەرکەوتن و گەیشتن بە ئازادی و دامەزراندنی سیستەم و دەسەڵاتێکی دیموکراتیک دەزانێ‌. 

سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران 

کومیتەی ناوەندی

27/6/2018