دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کۆمەڵێک زانیاریی نوێ و هەستیاری لەبارەی تەندروستیی ڕێبەری رژیمی ئێران و پێشهاتەکانی جەنگ ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، واشنتن لە لێواری ڕاگەیاندنی سەرکەوتنی کۆتاییدایە.

ڕۆژی چوارشەممە، 26ـی ئابی 2026، سەرۆکی ئەمریکا لە بەرنامەی ڕادیۆیی "گلێن بێک"دا، دەنگۆکانی سەبارەت بە گیانلەدەستدانی موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری رژیمی ئێرانی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند کە ناوبراو هێشتا لە ژیاندایە، بەڵام لە هێرشەکانی پێشوودا بە سەختی بریندار بووە.

ترەمپ بە خستنەڕووی وردەکاریی برینەکانی موجتەبا خامنەیی گوتی: "برینەکانی لە بەشی چەپی جەستەیدایە، بەتایبەتی لە دەست و قاچیدا." بەپێی گوتەکانی ترەمپ، ناوبراو لە هەمان ئەو بۆردوومانەی ڕۆژی 28ـی شوباتدا بریندار بووە کە تێیدا عەلی خامنەیی، ڕێبەری پێشووی رژیمی ئێران لە تاران کوژرا. کردنەوەی تەنگەی هورمز و جووڵەی نەوت سەبارەت بە بارودۆخی تەنگەی هورمز، دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند کە هێزەکانیان توانیویانە تەواوی مینە دەریاییەکان لابدەن و ئێستا تەنگەکە بەڕووی کەشتیوانیدا کراوەتەوە. سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد کە لە ئێستادا بڕێکی زۆر نەوت بەو تەنگەیەدا دەگوازرێتەوە، هەرچەندە دانی بەوەدا نا کە هێشتا مەترسیی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکان بەتەواوی نەڕەواوەتەوە.

پێشتر و لە کاردانەوەی دەستپێکردنی جەنگەکەدا، رژیمی ئێران لە ڕۆژی 2ـی ئاداردا تەنگەی هورمزی بەڕووی کەشتییەکاندا داخست، کە بەو هۆیەوە هەناردەی ڕۆژانەی نەوت لە ٢٠ ملیۆن بەرمیلەوە بۆ تێکڕای تەنیا یەک ملیۆن بەرمیل دابەزیبوو. لە کۆتاییدا ترەمپ جەختی لەوە کردەوە کە ئەمریکا لە دەستپێکی جەنگەکەوە توانیویەتی بە تەواوی بەسەر رژیمی ئێراندا زاڵبێت و ڕایگەیاند کە ئیدارەکەی بەنیازە لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا، سەرکەوتنێکی یەکلاکەرەوە بەسەر ئەو ڕژێمەدا ڕابگەیەنێت.