مەرجی هادی عامری بۆ داماڵینی چەک لە حەشدی شەعبی؛ سەرەتا چەكدارانی نەیاری رژیمی ئێران لەسەر سنوورەکانی عێراق لە چەک دابماڵرێن
هادی عامری، ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی بەدر، لە میانی دانوستانەکاندا سەبارەت بە بابەتی چەک لە دەستی حکوومەتی عێراقدا ڕایگەیاند، نابێ داماڵینی چەک لە ھێزە چەکدارەکانی نزیک لە رژیمی ئێران بەبێ دیاریکردنی چارەنووسی ئەو هێزە چەکدارانەی کە لە ناوچە سنوورییەکانی عێراق و ئێران جێگیرکراون ئەنجام بدرێت.
عامری ناوی ھێزە كوردستانییەكانی دژبەری رژیمی ئێرانی هێناوە و بانگەشەی ئەوەی کردووە کە بوونی چەکدارانەی ئەو ھێزانە لەسەر سنوورە هاوبەشەکان هەڕەشەیە بۆ سەر "ئاسایشی نەتەوەیی و بەرژەوەندییەکانی ئێران".
ئەم هەڵوێستە بە شێوەیەکی کاریگەر پرسی چەکداماڵینی میلیشیاکانی سەر بە تاران لە عێراق بە دۆسیەی ھێزەكانی دژبەری حکومەتی ئێرانەوە دەبەستێتەوە؛ مەرجێک کە دەتوانێت بە شێوەیەکی جددی ڕێگری لە دانوستانەکانی بەغدا بۆ ئەوەی هەموو چەکەکان بخاتە ژێر کۆنترۆڵی حکوومەت بكات.

