سەرۆک کۆماری رژیمی ئێران ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پابەندبوون بە ڕێککەوتنی ئاگربەست ڕاگەیاند، لە بەرامبەردا سەرۆکی ئەمریکا پێداگری لەسەر بەردەوامیی کردە سەربازییەکانی دەکاتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، ١٠ی سەرماوەزی ١٤٠٥ (١ی ئەیلوولی ٢٠٢٦)، مەسعود پزشکیان، لە کاتی بەشداریکردنی لە لووتکەی ڕێکخراوی هاوکاریی شەنگەهای لە بیشکێک ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر واشنتن بگەڕێتەوە سەر بەڵێنەکانی لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکە ، تاران دەستبەجێ و بە شێوەیەکی هاوشێوە دەگەڕێتەوە سەر ڕێککەوتنەکە.

پێداگری کردوە کە ئێران بەدوای چارەسەری دیپلۆماسیدا دەگەڕێت و دیالۆگ بە "تاقە ڕێگەی چارەسەر" دەزانێت.

لە بەرامبەردا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڵوێستێکی توندی نیشان دا و هەڕەشەی بەردەوامبوونی هێرشە سەربازییەکانی بۆ سەر ئێران کرد، هاوکات ئەو وڵاتەشی بە "دەوڵەتێکی شکستخواردوو" ناوبرد.

ئەم ئاڵۆزییانە دوای ئەوە هات کە فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) هێرشی کردە سەر دوو ئامانج لە دوورگەی لارک، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە سپای پاسداران بۆ چاندنی مین لە گەرووی هورمز. لە بەرامبەردا، سپای پاسداران هەڕەشەی ئەوەی کردووە کە هەر هێرشێکی نوێی ئەمریکا بە وەڵامێکی زۆر توندتر بەرپەرچ دەدەنەوە.

Sources