توێژەرانی زانکۆی ویلایەتی ئاریزۆنا لە ئەمریکا توانیویانە جۆرە گڵۆپێکی نوێ پەرەپێبدەن کە ڕووناکییەکی سپیی دەوڵەمەندکراو بە ڕەنگی سەوز بەرهەمدەهێنێت، ئەمەش بە شێوەیەکی بەرچاو ناڕەحەتیی بینین و توندیی ئازار سەرئێشە کەم دەکاتەوە. ئەم داهێنانە کە لەلایەن "نینا شارپ" لە سکوڵی دیزاینی زانکۆکە ئەنجامدراوە، دەریخستووە کە ڕووناکیی سەوز ئاسانترە بۆ بەرگەگرتن لەلایەن تووشبووانەوە، لە کاتێکدا ڕووناکیی سپیی ئاسایی دەکرێت لە ماوەی تەنیا ١٠ خولەکدا توندیی سەرئێشەکە زیاتر بکات. لە ئێستادا ئەم تەکنەلۆژیایە لە یەکەم بەکارهێنانی کلینیکیدا لەلایەن د. برۆکلین بۆندی، پزیشکی پسپۆڕی دەمار و سەرئێشە، بۆ نەخۆشەکان بەکاردەهێنرێت و گونجاویشە بۆ ماڵان و نووسینگەکان.
شایەنی باسە، بەهۆی هەستیاریی زۆریان بە ڕووناکی، نزیکەی ٩٢٪ـی تووشبووانی شەقیقە پەنا بۆ مانەوە لە تاریکیدا دەبەن، بەڵام ئەم گڵۆپە نوێیە بژاردەیەکی گونجاو پێشکەش دەکات بۆ ئەوەی نەخۆشەکان ناچار نەبن لە تاریکیدا بمێننەوە.

