ئەندامان و هاوباوەڕانی تێکۆشەری سازمانی خەبات! بەشداربوانی خۆشەویست!
خۆمان بە خۆشحاڵ دەزانین کە توانیمان لە یادی ٣٠ی پووشپەڕدا بەشدار بین و پەیامی
ڕێکخستنەکانی ناوخۆی سازمانی خەباتتان پێشکەش بکەین.
چل و دوو ساڵ لەمەوبەر و لە کاتێکدا دارودەستەی خومەینی لە بیری دامەزراندنی سیستمێکی تۆتالیتار و دواکەوتوودا بوون و بۆ لەناوبردنی سامانی ئینسانی و ئابووریی وڵات، بە شێوازی نهێنی و ئاشکرا پیلانیان بۆ خەڵەتاندنی خەڵکی ئێران و ناوچەکە دادەڕشت؛ بە پێچەوانەی ژمارەیەک لە کەسانی قازانجویست لە ئێران، کەسانێکی بیرمەند و سیاسەتزان لەناو بەرەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کوردستاندا هەبوون کە هەر زوو نێوەڕۆکی حکومەتی تاقمی خومەینییان بۆ دەرکەوت و پیلانەکانی پاسدار و دەست و پێوەندییەکانیان خستە ڕوو. سەرەتای مشتومڕەکانی ساڵانی یەکەمی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧دا، لەو کاتەوە دەستی پێکرد و قووڵ بووەوە کە تاقمی ئاخوند و پاسدارەکان هەموو بەڵێن و پەیمانەکانیان بە خەڵک خستە ژێر پێ. دیارە ئەگەر ناڕاستی و هێرشەکانی تاقمی دەسەڵاتداری تاران بۆ سەر گیان و ژیان و سامانی خەڵکی کوردستان نەبووایە، هەرگیز شەڕی چەکداری ڕووی نەدەدا. بەڵام مامۆستا شێخ جەلال لەو هەڕەشە و گوشارە سیاسی و چەکدارییانەی ڕژێم سڵی نەکردەوە و بە دامەزراندنی پارتێکی سیاسی و نیزامی، ڕووبەڕووی ملهوڕییەکانی ڕژێمی خومەینی بووەوە؛ ئەویش لەو کاتە هەستیارەدا کە زۆر زەحمەت بوو لە ژێر هەڕەشەی تیرۆر و شەڕ و گوشارەکاندا بتوانرێت بەرەنگاری لە مافە نەتەوەییەکان بکرێت و لەسەر ستاندنی ماف و ئامانجە ڕەواکان سوور بێت. ئەمڕۆ لە ساڵیادی کۆچی دوایی کەسایەتییەکدا ئاوڕ لە بابەتی خەباتی ڕەوای نەتەوەکەمان و ڕووداوەکانی ساڵانی سەرکەوتنی شۆڕشی ساڵی ٥٧ دەدەینەوە، کە تا ئێستاش ئەو بارودۆخەی تاقمی دەسەڵاتداری ڕژێمی ئاخوندی بۆ خەڵک و وڵاتیان دروست کردووە بەردەوامە و بگرە بارێکی ناخۆشتریان بۆ خەڵکی ئێران و ناوچەکە خوڵقاندووە. بەو جیاوازییەی کە ئیتر ئەمڕۆ مەودای نێوان بەرچاوڕوونی و گەمژەیی تەواو لێک جیاواز بوونەتەوە. ئەمڕۆ کەس ناتوانێت لەسەر ئەو هەموو ئەزموون و هەوڵ و خەبات و
قوربانیدانە، هەڵەکانی سەردەمی شۆڕشی ساڵی ٥٧ دووپات بکاتەوە. جیاوازیی بیر و ڕوانگەی مامۆستا شێخ جەلال لەگەڵ ئەو کەسانەی ئەمڕۆ ئیدعای ڕۆشنگەری و خەباتیان هەیە لەوەدایە، کە مامۆستا هەر ئەو کات بەبێ ئەوەی ڕووداوێک یان ئەزموونێکی تاڵ بێتە پێش، هەڵوێستی ڕاست و ڕوون و ئاشکرای هەبوو؛ ئێستاش هەر ئەو ڕوانگە و بابەتانەی لەسەری سوور بوو، بەکەڵکی بەرەی خەباتکاران و ڕۆشنگەران دێت. سووربوون لەسەر مافە نەتەوەییەکان و مافی دیاریکردنی چارەنووس (حق تعیین سرنوشت) یەکێک بوو لەو بابەتە ڕەوا و سەردەمیانەی کە مامۆستا هەوڵی بۆ دەدا. زۆر گرنگ و پڕبەهایە مامۆستایەکی ئایینی، ٤٢ ساڵ لەمەوبەر لەو ئاستە لە زانیاری، وردبینی، بەرچاوڕوونی، دەروونپاکی و نەفسبەرزیدا بێت و لەو بارودۆخە ئەستەمەدا لەسەر ستاندنی مافە سەرەتاییەکان تا دەگاتە مافە چارەنووسسازەکان شێلگیر بێت؛ تا ئەو جێگەیەی گیانی خۆی و بنەماڵە و سامانی لەو ڕێگەیەدا دانا. زۆر کەس دەپرسن: ئایا کەسانێک بە ناوی مەلا، پێشنوێژ یان شێخ دەتوانن ڕێبەر و پێشەنگی خەبات بن بۆ مافە نەتەوەییەکان و مافە مۆدێرنەکانی نەوەی نوێ؟ لە کاتێکدا سیستەمی جینایەتکاری تاران لە ژێر دەسەڵاتی ئاخوندە شیعەکاندایە و بە ناوی ئایینەوە خەریکی کوشتنی لاوان و تاڵانکردنی سامانی خەڵکن، و لە لایەکی تریشەوە بەشێک لە مەلەکانی سوننی لەگەڵ حکومەت یەک کەوتوون یان بێدەنگییان هەڵبژاردووە؟
وەڵامەکە ئەوەیە کە مامۆستا شێخ جەلال ڕێبەرێکی نەتەوەیی بووە نەک مەلایەکی ئاسایی. بێجگە لەوەی زانا و عاڵمێکی بەناوبانگ بووە، مامۆستایەکی بەتوانای زمانی کوردی و کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی بووە کە لە بەرانبەر دڕندەترین سیستەمی حوکمڕانیدا وەستاوە. جیاوازییەکی زۆر هەیە لە نێوان ڕێبەرێکی نەتەوەیی و سیاسی لەگەڵ کەسانێک کە تەنیا بە مەلا دەناسرێن. مامۆستا شێخ جەلال ئەو مامۆستا ئایینییانەی کە پۆتانسێلی خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتییان تێدا بوو لە دەوری خۆی کۆ کردبووەوە و لە لایەن خەڵکەوە پشتیوانی لێ دەکرا. تەنانەت بە دانپێدانانی زۆربەی هێزە سێکۆلارەکانیش، ئەو کەسایەتییەکی ڕۆشنبیر و هەڵکەوتوو بوو. بۆیە ئێمە تا مێژووی ژیان و خەباتی مامۆستا و پەیڕەوی سازمانی خەبات نەزانین، ناتوانین بڕیارێکی دروست بدەین. زۆر گرنگە کەسێک لە هەموو ژیانیدا خاڵی لاواز و هەڵەی ستراتیژیی تێدا بەدی نەکرێت؛ کەسێک کە کەسایەتییە ئایینییەکەی نەبووبێتە بەربەست بۆ بیری ئازادیخوازانە و بڕوا دینییەکەی نەبووبێتە حاشالێکەری مافە نەتەوەییەکان. کەسایەتییەک کە بایەخی تەواوی بە مافی ژنان، منداڵان و چینە جیاوازەکان دابێت. وەک تەشکیلاتی ناوخۆی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران و چینی خوێندکارانی ناوخۆ، لە
ساڵیادی کۆچی دوایی ئەو ڕێبەرە مەزنەدا، سڵاو دەنێرین بۆ ڕۆحی پاکی و بەڵێن دەدەین کە لەسەر ڕێبازی مامۆستای نەمر بۆ ئازادی، مافی مرۆڤ و مافی دیاریکردنی چارەنووس، لە خەباتی بەردەوامدا بین. ڕۆژ لە دوای ڕۆژ یەکگرتووتر درێژەدەری ڕێگەی شەهیدانی کوردستان و سازمانی خەبات دەبین. تا ستەم لەسەرە، ڕێی خەباتم لەبەرە بژی کورد، بژی کوردستان سەرکەوتوو بێت سازمانی خەباتی کوردستان نەمان و سەرشۆڕی بۆ ڕژێمی ئاخوندی

